Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

رۆژنامەی حەیات: دەرزییە کوشندەکەی هەولێر (30) کەس نابینا دەکات و حکومەتیش پارێزگاری لە تۆمەتباران دەکات

226
رۆژنامەی حەیات
هةولير : موفةق محمد

(سبەی):
رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لە راپۆرتێکدا لە ژێر ناوی “دەرزییە کوشندەکەی هەولێر، کێشەی بینایی بۆ (30) هاوڵاتی دروست دەکات و حکومەتیش بە زانیاری پارێزگاری لە تۆمەتباران دەکات”، لەزاری قوربانییەکانەوە وردەکاری و چیرۆکی ژیانیان بڵاودەکاتەوە.

رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی زەکییە رەسول دەکات کە یەکێکە لە قوربانییەکان و  دەڵێت:”زەکییە رەسول نەیدەزانی هەردو چاوەکانی دەردەهێنن و روخسارێکی شێواوی دەست دەکەوێت، تەنها لەبەر ئەوەی متمانەی بە سیستمی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کردبو  کە جگە لەوەی ساڵانە نیو ملیار دۆلار بۆ ئەو کەرتە تەرخانکراوە، رێگەیدا دەرزییەکی کوشندەی لە یەکێک لە بەناوبانگترین نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لێبدرێت و بەهۆیەوە بینایی هەردو چاوەکانی لەدەستدا”.

ئەوەش دەخاتەڕو،”حاجی زەکی رەسول و (29) کەسی دیکە لە قوربانییەکان رەوانەی ئەڵمانیا کران و لەسەر دەستی پزیشکانی ئەو وڵاتە چاوی هەشت لەو قوربانییانە دەرهێندرا بە ناچاری”.
حەیات باسلەوە دەکات، روداوی دەرزییە کوشندەکەی هەولێر بۆ یەکەمجار نیە لە کوردستان رو دەدات و ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی خراپی جۆری دەرمانەکانەوە چەندین هاوڵاتی بونەتە قوربانی.

تۆمەتباری کەیسەکە بازرگانێکە بەناوی بەکر تورکی، پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە کەفالەت ئازادی دەکەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە دەکات، پاش ئەوەی کۆمپانیای هۆز بە پەلە داوای بڕێک لە دەرزی ئاڤاستین دەکات، ئەویش بە نێو نۆرینگەکانی تورکیادا دەگەڕێت و  دەيکڕێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی دەرمانەکانی هێناوەتە هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی هەڵە هەڵگیراوە، چونکە دەرزی ئاڤاستین، یەکێکە لەو دەرزیانەی پێویستی بە وردی زۆرە لە کاتی هەڵگرتنیندا و نابێت پلەی گەرمی لە (8) پلە زیاتر بێت و بەر روناکی خۆر بکەوێت، بەڵام  بەکر تورکی کە دەرزی ئاڤاستینی هێناوە، ئاگاداری شێوازی هەڵگرتنەکە نەبوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پاش ئەوەی دەسەڵاتداران هەریەکە لە بەکر تورکی و کۆمپانیای هۆز دەدەنە دادگا، بەڵام دواتر سەرجەمیان ئازاد دەکرێن و هۆکاری کێشەی بینایی (30) کەس بۆ هەڵەی پزیشکی دەگەڕێننەوە.
بەکر تورکی دەشڵێت:”ئەو دەرمانانەی لەڕێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە هێناوە”.

زانیارییەکان ئەو دەرزیانە هیچ پشکینینێکی بۆ نەکراوە و ئەویش بە پشتبەست بە رێنماییەکی وەزارەتی تەندروستی کە باس لەوە دەکات، هەندێک دەرمانی شێرپەنجە لەکاتی پێویستیدا پێویست ناکات بپشکندرێت، بەڵام بەوتەی بەرپرسێکی باڵا، ئەو رێنماییە مێژوەکەی بۆ ساڵی (2010) دەگەرێتەوە و ئێستا کاری پێناکرێت.

پەیوست بەو کەیسەوە، جەمال خێڵانی، کە چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنییە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە:” شەش مانگ بەسەر کارەساتەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی روداوەکەی نەخراوەتە ئەستۆ، وەزارەتی تەندروستیش باسی جۆری دەرمانەکە دەکات و دەڵێن لێکۆڵینەوە بەردەوامە و سەرجەم تۆمەتبارەکانیش بە کەفالەت ئازادکراون.

وتەیەکی رێککەوت حەمە رەشیدی وەزیری تەندروستی هەرێم دەهێنێتەوە کە رایگەیاندبو:”ئەو کەسەی دەرمانەکەی هێناوە، بازرگانێکی تورکییە و بۆ کۆمپانیای هۆز کار دەکات لە هەرێم کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە دەرمانەکان لە (73) دەرزی پێکهاتوە و نرخەکەشی (80) ملیۆن دینارە، کە دەکاتە (66.5) هەزار دۆلار”.

بەڵام عومەر فەتاح کە کاری نۆرینگە دەکات، دەڵێت”ئەو ژمارانەی وەزیری تەندروستی باسی لێوەدەکات لەبارەی کڕینی دەرزییەکان بەو نرخە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی وەزارەت گرنگی بە کوالیتی دەرمانەکان نادات، بەوپێەی نرخی هەر یەکێک لەو دەرزیانە زۆر کەمترە لە نرخە ستانداردە جیهانییەکەی بە نزیکەی (40) هەزار دۆلار”.

لە نوێترین لێدوانیشدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داخستنی کەیسی دەرزی ئاڤاستینی راگەیاند.
رێکەوت حەمە رەشید رایگەیاند:” دۆسیه‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌رزی‌ ئه‌ڤاستینه‌وه‌ توشی گرفتی‌ چاو بون داخراوه‌ و ته‌نها نۆ كه‌سیش له‌و هاوڵاتیانه‌ له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا ماون و چاره‌سه‌ری پزیشكیان بۆ ده‌كرێت”.

ئةم رابورته بةبال بشتي دةزكاي نيرييج بو رابورته وردةكان ئةنجام درا .. بةسةربةرشتي سامان نوح  ومحمد ربيعي.

 



لەگەڵمان بن لە فەیسبووك