Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

سپایکەر: سەربردەی کوشتارگەیەک

467

کەمتەرخەمی فەرماندە ئەمنییەکان بووە هۆی لەسێدارەدانی نزیکەی ١٧٠٠ سەرباز

بەدواداچوون: ئەحمەد روبەیعی

وەرگێڕانی: جەمال پیرە

دەستڕێژییەکانی گوللە جەستەی عەلی سەگرییان نەپێکا، لەسەر زەوی راکشا و بەخوێن داپۆشرا، خوێنی لاشەی هاوڕێ کوژراوەکانی کە لەتەنیشتی درێژدەبووەوە، تا خۆرئاوابوون، جارجار بەوریایی و بەدزییەوە سەیری هاوڕێکانی دەکرد خەڵتانی خوێن ببوون…. خەریک بوو هەناسەدانە خێراکانی ئاشکرای بکەن.

“دوای ئەوەی وێنەی دایکم و هاوسەر و منداڵەکان لەخەیاڵمدا ئامادەبوون،دەستبەرداری خۆم بووم ، ئەگەر ئەمە نەبووایە رزگارم نەدەبوو”. لەکاتێکدا ئەم قسانەی دەکرد دەستی راستی لەسەر سنگی دانابوو، وەک ئەوەی ئێستایش جەستەی خۆی لەخوێنی هاوڕێکانی پاک دەکاتەوە.

ئەم سەربازە خۆبەخشە تەمەن ٢٣ ساڵییە، پێیوایە خۆشبەخترین کەسە، لەهەمانکاتدا بەدبەختترینییانە، لەبەر ئەوەی بەڕێکەوت لەمردنێکی مسۆگەردا رزگاربووە.

بەڵام هەرکە چاوەکانی دادەخات هاواری پاڕانەوەو سەڵاوات و شایەتمانیی کە لەدەمی هاوڕێ سەربازەکانیدا چەند ساتێک بەر لەمردنیان دەهاتە دەرەوە، لە شریتی یادەوەرییدا ناڕۆن، بەئەسەفەوە دەڵێت “زیاتر لە ساڵێکە ئەم وێنانە رێگە نادەن بخەوم”.

ئەمە لە رۆژی ١٢ی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا روویدا، یان وەک سەگری دەڵێت “رۆژی دێوەزمەکە”، ئەو رۆژەی کە رێکخراوی “داعش” لەباکوری خۆرئاوای تکریت بەدەستڕێژی گوللە سەدان سەربازی عێراقی کوشت.

سەگری دەڵێت “چەکدارانی داعش لەناوچەکانی نزیک لە سەربازگەکە ئێمەیان دەستگیرکرد”. “لەکاتژمێر یانزەی سەر لەبەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە بەبێ خواردن و خواردنەوە دەستبەسەرکراین، پاشان ئێمەیان بردە ناوچەی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی، لەوێوە پرۆسەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ دەستیپێکرد”.

لەوێ چەندین گروپی چەکداریی “داعش” هەبوون، دەموچاویان داپۆشرابوو، بەسەر ناوچەکانی ناو کۆشکە سەرۆکایەتییەکاندا دابەشببوون، وەک ناوچەی نزیک روبار و نزیک دۆڵ ، هەروەها ناوچەی دیکەی کراوە. سەگریی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە سەربازەدا بوو کە لە دۆڵەکەدا دەستبەسەربوون، بەبۆچوونی خۆی ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی ١٥٠ سەرباز، لەنزیک ئەو پردەی سەر روباری دیجلەدا لەسیدارەدران کە تکریت بە ناحیەی عەلەم دەبەستێتەوە.

“لەگەڵ تاریکبووندا بەتەنها بەئاراستەی روبارەکە بەڕێکەوتم، چەند رۆژێک بەنهێنی مامەوە، دواتر بەمەلەوانی و بێئەوەی ئاوڕ لەدواوە بدەمەوە رووبارەکەم بڕی و لەدوای خۆمدا سەدان سەربازم جێهێشت کە بەئامێرەکانی شۆڤڵ لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران بۆ ئەوەی وردەکاریی کوشتارگەکەش لەگەڵ ئەواندا بنێژرێت”.

ئەم بەدواداچوونە لەڕێگەی وتەکانی عەلی سەگری و ژمارەیەکی دیکەی رزگاربوواندا چۆنیەتی کەمتەرخەمبوونی فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان و سەرکردەکانی سوپا دەنوسێتەوە، بەوەی کە ٢٥٠٠ سەربازی عێراقی بەدەستی چەکدارانی رێکخراوی”داعش” دیل دەکرێن، بەبەشداری هاوکارانی ئەم رێکخراوە لەناوچەکەدا ١٧٠٠یان دەکوژرێن.

هەروەها لەسەر زاری چەند ئەفسەرێکی پلە جیاجیا، هەڵهاتنی کەرتە سەربازییەکان لەباشوری موسڵ(سەنتەری پارێزگای نەینەوا) بەرەو  تکریت(سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین) دەنوسێتەوەو دەیکاتە بەڵگە، کە بووە هۆی داڕمانی تەواوی ئەمنی، و بێسەروبەری یەکە سەربازییەکان و لەکۆتاییشدا بەدیلگیران یا کوژران یاخود بێسەروشوێن بوون.

داڕمانی هێڵی پێشەوەی روبەڕوبوونەوە

چەند کاتژمێرێک بەسەر راگەیاندنی کۆنتڕۆلکردنی تەواوەتی شاری موسڵ لەلایەن “داعش”ەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا تێپەڕی نەکردبوو، ئەم رێکخراوە یەکە جەنگییەکانی خۆی بەئاراستەی باشور جوڵاند و نیازیشی وابوو بگاتە شاری بەغدا.

جوڵەیەکی لەناکاو بوو لەحساباتی فەرماندەکانی سوپای عێراقیدا نەبوو، لەکاتژمێر چواری شەودا قەزای شەرگات کۆنتڕۆلکرا، بەربەستی یەکەمی روبەڕوبوونەوە کە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین لەیەکتر جیادەکاتەوە. پاشان “داعش” بەئاراستەی باشور و رووەو شاری بێجی بەرەوپێشچوو، گەیشتە شاری تکریت و رۆژی دواتر داگیریکرد، وایلێهات ماوەی نێوانی لەگەڵ بەغدا تەنها ١٨٠ کم  بوو.

سەرچاوەیەک کە ئەفسەرێکی هەواڵگرییە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، چۆنیەتی کشانەوەی بەبێ شەڕی یەکە سەربازییەکان لەپێگەکانی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەدا بۆ نوسەری ئەم بەدواداچوونە دەگێڕێتەوەو دەڵێت “گوێمان لەدەنگی شپرزەو هاوار بوو، هیچ شتێک حاڵی نەبووین لەوەی کە روویدەدا”.

زۆربەی ئەو هێزانەی کشانەوە، سەر بەفیرقەی چوار بوون، یەکێکە لە١٨ فیرقەکانی سوپای عێراقی، و بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین کاریدەکرد، کە بەرپرسی فەرمییە لەپاراستنی تەواوی خاکی پارێزگاکە”.

ئەم ئەفسەرە سەرجەم پەیوەندییە تەلەفۆنی و بانگەوازە لاسلکییەکانی یەکە سەربازییە پاشەکشێ کردووەکانی پێدەگەیشت و چاودێری جموجۆڵەکانی دەکرد، ئاماژەیدا بەوەی “داعش” بەبێ تەقاندنی تەنانەت یەک تاقە گوللەش چووە ناو قەزای بێجی”. ئاشکراشیکرد کە “تەنها هێزێکی بچوکی پێکهاتوو لە ١٠ ئۆتۆمبێڵ لەباشوورەوە بەرەو تکریت جوڵا، ئەو شارەی کە بونیادێکی عەشایەری پتەو فەرمانڕەوایی دەکات، و شوێنی لەدایکبوونی سەرۆکی پێشووتری عێراق سەدام حوسێنە”.

عەقید محەمەد عادل داوایکرد ناوەکەی بگۆڕین، لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندا، وردەکاریی هێرشەکەی گێڕایەوەو وتی “تیرۆریستەکان لەچوار لاوە هاتنە ناو شاری تکریت، ژمارەیەک لە شانە نوستووەکانی سەر بە عەشیرەتەکانی ئەلبو عەجیل و ئەلبو ناسر و چەند عەشیرەتێکی دیکەی هەواداری حزبی بەعس لەپێشوازییاندا بوون، بەر لەهەر شتێک لەناوەڕاستی شارەکەدا بەندیخانەی ناردن و بەڕێکردنەکانیان کۆنتڕۆڵکرد و سەدان بەندکراویان ئازادکرد کە بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون، و پاشان بەخێرایی پەیوەندییان بە ریزەکانی داعشەوە کرد”.

لەدەوروبەری کاتژمێر سێی شەوی ١١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، “داعش” باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگاکەی کۆنتڕۆڵکرد، و ئاڵای “دەوڵەتی ئیسلامی” لەسەر بەرزکردەوە، لەوکاتەدا پەخشی راستەوخۆی لێدوانی پارێزگار لەتەلەفزیۆنی لۆکاڵی پەخشدەکرا و وەستا.

قایمترین و قەڵابەندترین شوێن

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر پێکهێنانی سوپای نوێی عێراقی، و خەرجکردنی نزیکەی ١٥٠ ملیار دۆلار لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی نوێ، بۆ مەشق و راهێنان و کڕینی چەک و تەقەمەنی، عێراقییەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دیمەنی داڕمان و شکستی سوپاکە دەبینن بەبێ بەرەنگاربوونەوە، دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر کەوتنی موسڵی دەستەخوشکەکەی تکریت، یەکە سەربازییەکانی سوپا بەدرێژایی هێڵی بەیەکەوەبەستنی نێوان هەردوو شارەکە بەرەو بنکەی”شەهیدی فڕۆکەوان ماجد تمیمی” ناسراو بە سپایکەر کشانەوە کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای تکریت.

هۆکارەکانی کشانەوەی هێزەکان بۆ ئەم بنکەیە و هەڵبژاردنی وەک شوێنێکی ئارام بەتەواوەتی نازانرێن، بەڵام سەرچاوە سەربازییەکان بەنوسەری ئەم بەدواداچوونەیان وتووە “ئامانج لەم هەنگاوە کۆکردنەوەی سەرجەم یەکە سەربازییەکان بووە لە تەنها خاڵێکی بەرگریدا، بۆ ئەوەی رێگری لەبەرەوپێشچونەکانی “داعش” بکرێت”.

سەرچاوەکان روونیانکردۆتەوە کە “سپایکەر بەپێی خەملاندنەکانی ئەوکاتە قایمترین و قەڵابەندترین شوێن بووە”، گەورەترین بنکەیە لە ناوەڕاست و خۆرئاوای وڵاتدا، تێیدا پێکهاتە سەربازییە گرنگەکان کۆبوونەتەوە، و کۆلیژی هێزە ئاسمانییەکانی لەخۆوەگرتووە، واتا لەحاڵەتێکدا ئەگەر گەمارۆبدرێت توانای ئەوە هەیە هاوکاری ئاسمانی پێبگات، روبەرەکەی ٤٩ کیلۆمەترە و ١٦ تاوەر لەدەوروبەریدا هەن، و بەدرێژایی بنکەکە دیوارێکی قایم دروستکراوە، وێڕای ئەوەی بارەگای سەربازەکان لەناوەوەیدا بە بارستەی کۆنکریتی دەورەدراون، بارستەکان لە کۆنکریتی دژە موشەک و دژە تەقینەوەکان دروستکراون”.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، فەریقی روکن عەلی  فەریجی فەرماندەی ئەوکاتەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، بڕیاریدا بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ناو بنکەکە بگوازێتەوە، کە لەپارێزگاکەدا گرنگترین بارەگای سەرەکییە، و نوسینگەکانی گەورە ئەفسەرانی تێدایە، هەروەها بنکەی مەشق و راهێنانی خۆبەخشە تازەکانیش، تەنها پێنج کیلۆمەتر لەبنکەکەوە دوورە.

“بارەگاکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، راستەوخۆ لەدوای کەوتنی تکریتدا بەچەکی مامناوەندی و رەشاش لەلایەن گروپێکی بچوکی چەکدارانەوە پەلاماردرا، و هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە بەڵام روون و ئاشکرابوو کە سەرەتایەکە بۆ هێرش و پەلامارێکی گەورەتر، زوو بێ یا درەنگ هەر ئەنجامدەدرێت”، بەپێی لێدوانی مولازم عومەر تکریتی کە ئەوکاتە لەوێ بووە.

وتیشی “فەریقی روکن عەلی فەریجی بەو پێیەی باڵاترین دەسەڵاتی سەربازی بوو لە سەڵاحەدین، ئێمەی کۆکردەوەو فەرمانی پێکردین تەواوی سەربازەکان بەهەموو پلەکانەوە بگوازرێنەوە بۆ سپایکەر، لەنێویاندا سەدان خۆبەخشی تازە هەبوون سەرگەرمی مەشق و راهێنان بوون، ئەوان شارەزای جوگرافیای ناوچەکە نەبوون، بەشەو کشانەوە بۆ سپایکەر”.

نزیکەی دوو مانگ بەر لە رووداوەکە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، چوار دەستە خۆبەخشی نوێی هێنا، ژمارەیان گەیشتە ١٣٩٠ خۆبەخش، بەپێی فەرمانی فەریجی دەبوو هەر لەمشەوەدا بگوازرێنەوە بۆ سپایکەر، بێئەوەی پلانێکی روون هەبێت”.

ئەوان لەقایمکردنی هێڵەکانی بەرگریدا بەشدار نابن، بەڵکو شپرزەیی و ئاڵۆزیی زیاد دەکەن، دەیانیان وەک لەوێنەکاندا دەرکەوتن لەکوشتارگەکەدا کوژران.

بەپێی لێدوانی مولازم عومەر تکریتی “ترسابوون و نەیاندەزانی بەرەو کوێ هەنگاودەنێن، ئەوان تازە هاتبوونە شوێنەکە، کاتێک فەرمانی گواستنەوەیان دەرچوو، هەندێکیان بۆیەکەمجار بوو ببیستێ سەربازگەیەک هەیە بەناوی سپایکەر، تەنانەت نەیاندەزانی ناوەکەشی دەربڕن”.

ئەفسەرێکی کارگێڕی لە هۆبەی قەڵەمی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بەپلەی موقەدەم، دەربارەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە خۆبەخشەکان لێیەوە هاتبوون، دەڵێت “٤٥٠یان خەڵکی شاری کوتی باشوری رۆژهەڵاتی بەغدا  بوون، هەروەها ٥٠٠یان خەڵکی شاری ناسرییەی باشوری بەغدا بوون، ٩٠ی دیکەشیان لەسەربازگەی تاجی باکوری بەغداوە هاتبوون، لەگەڵ دەستەیەکی دیکەی خۆبەخشان لەناوچەکانی ناوەڕاست وەکو نەجەف و کەربەلا هاتبوون کە بە٣٥٠ کەس مەزەندە دەکرا،

خۆبەخشەکان شیعەمەزهەب بوون، ئەمەش ” بەس بوو بۆ ئەوەی رێکخراوەکە لەگەل دەستگیرکردنیاندا راستەوخۆ بیانکوژێت”.

واسیق شاکر حمێداوی، یەکێکە لەوانەی لە قەسابخانەکەدا رزگاربووە و خەڵکی کەربەلایە، لەسەربازگەی نوعمانییەی شاری کوت گوازرابووەوە بۆ سپایکەر، و دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆبەخشەکاندا دوا و وتی “هەرکاتێک دەگەیشتینە بارەگای فەرماندەیی،  مۆڵەتمان وەردەگرت، هەندێکجار لەهەمان رۆژدا وەرمان دەگرت و دەگەڕاینەوە، هیچ شتێکمان لەبارەی ئەو شوێنەوە نەدەزانی کە تێیدا جێگیر ببووین، ئەم پرۆسەیە بۆ چوار جار دووبارە بووەوە و دواجاریش کە پەیوەندیمان کردەوە رۆژی ٢٥ی مانگی ئایاری ٢٠١٤ بوو”.

حمێداویی لەو ماوە کورتەی کە لەوێ بووە، هیچ جۆرە مەشق و راهێنانێکی پێنەکراوە، ئەمەش لەلایەن حەسەن دەڕاجیی ئەفسەرێکی راسپێردراو بۆ مەشقپێکردنی خۆبەخشە نوێیەکان پشتڕاستکرایەوە، ناوبراو داوایکرد ناوەکەی بگۆڕێت، بەنوسەری ئەم بەدواداچوونەی وت “سەرجەم خۆبەخشەکان تەنانەت بۆ رۆژێکیش مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک ئەنجام نەداوە، هەروەها لەرووی تیۆریشەوە بەتایبەتمەندییەکانی بەکارهێنانی چەک ئاشنا نەکرا بوون، هەموو ئەوەی بەدرێژایی ئەو ماوەیە فێرکران، چەند مەشقێکێ جەستەیی بوو”.

لەبەر ئەمە دەڕاجیی پێیوایە بڕیاری گواستنەوەی خۆبەخشەکان بۆ ناوچە گەرمەکانی وڵات، (ئەو ناوچانەی کە لەشەڕەوە نزیکن) لەجیاتی ئەوەی رەوانەی ماڵەکانیان بکرێنەوە، “وەک ئەوە وایە رەوانەی گۆڕەپانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کرابن”.

ئەو چەکانەی سەربازەکان نەیانبوو

هەر لەرۆژی ١٠ی مانگەوە هەواڵەکانی شکست و داڕمانی کەرتە سەربازییەکان دەگەیشتنە”سپایکەر” و جۆرێک لەشپرزەییان خستە نێو ریزی سەربازەکان، لەمبارەیەوە قاسم محەمەد وەک یەکێک لەئەفسەرەکانی فیرقەی چوار لەپارێزگای سەلاحەدین، چۆنیەتی بیستن و زانین ئەم هەواڵانەی گێڕایەوەو دەڵێت “خۆم هاوڕێکانم لەڕێگەی مۆبایلەکانمانەوە چەکدارەکانی رێکخراوی “داعش”مان بینی چەکی قورس و پێشکەوتوویان نمایش دەکرد، کە چەکی سوپا بوون لەشاری موسڵ دەستیان کەوتبوو، لەخۆمان دەپرسی کوا چەکەکانی ئێمە؟ بۆچی ئەوان ئەم چەکانەیان هەیە، بەڵام ئێمە هیچ شتێکمان نییە؟”.

نوسەری ئەم بەدواداچوونە راپۆرتێکی هەواڵگری سەربازی دەستکەوتووە، دەربارەی چەک و ئۆتۆمبێڵە سەربازییەکانی ئەو کاتەی ناو سەربازگەی”سپایکەر”.

راپۆرتەکە رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دەرچووەو ئاماژەدەدات بەوەی “بنکە سەربازییەکە بەر لەروودانی ئەم کوشتارگەو قەسابخانەیە (٨) زریپۆش و تانک و زیاتر لە (١٢)دۆشکە و (٣٦) ڕەشاشی بی کەی سی،و چەکی سوک بەشی تەنها (٢٠٠) سەرباز، و (٥٠) ئۆتۆمبێڵی گواستنەوەی سەربازیی و (٣٠) ئۆتۆمبێڵی جۆری هەمەر”.

ئەم بڕە کەمەی چەک و تەقەمەنییە بەبەراورد لەگەڵ ئەو چەک و تەقەمەنییەی “داعش” لەسوپای عێراقیدا دەستیکەوتبوو، نمایشی دەکرد، “هۆکارێکی سەرەکی بوو سەربازەکان بەپەلە شوێنەکانیان جێبهێڵن”، وەک عەمیدی روکن عەلی شەممەری باسی لێوەدەکات کە ئەفسەرێکی پێشووی کۆلیژی ئەڕکانە.

شەممەری روونیشیدەکاتەوە کە “پرەنسیپێکی سەربازیی هەیە ناکرێ بەبێ ئەو، سەرکەوتن بەدەستبێت، ئەمیش بریتییە لەمتمانەی شەڕکەر بەچەکەکەی، شێوان و نەمانی ئەم پرەنسیپە ورەی سەربازەکانی روخاند و بووە هۆکاری ئەوەی بەبێ بیرکردنەوە لە روبەڕوبوونەوە، بنکەکەیان جێبهێڵن”.

هاوکات واسیق شاکر حمێداویی رزگاربوو، بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە لەو شوێنەدا بووە، بۆچونەکەی ئەم پسپۆڕە سەربازییە پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت “داوامان لەئەفسەرەکان دەکرد چەکمان بەسەردا دابەش بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆمان بکەین، بەڵام ئەوان دەرگای ئەمبارەکانیان بەرووی ئێمەدا داخست”.

وتیشی “لەوکاتەدا هەستمان کرد ئێمە بەتەنهاین، نەهاوکاریمان هەیە و نەپاڵپشت، وایلێهات هەموومان دەمانەویست بەزووترین کات شوێنەکەمان جێبێڵین”.

رۆیشتن و دزەکردنی بە کۆمەڵ

زەحمەتە لێکۆڵینەوە لەبارەی ژمارەی ئەو سەربازانە بکرێت کە بەکردار لەماوەی دوو رۆژی بەر لەروودانی قەسابخانەکەدا لە”سپایکەر”بوون، دۆخی ئاژاوەی زاڵ و رۆیشتنی هەندێک کەرتی سەربازی و هاتنی هاوکاتی هەندێک کەرتی دیکە، و حاڵەتەکانی گەندەڵی ئیداریی و دزەکردنی ئەوکاتە لەناو سوپا و ئەوەی بەدیاردەی “سەربازانی بۆشایی ئاسمان”ناسرابوون، وادەکەن ئەم کارە ئەستەم بێ.

بەڵام بەپێی مەزەندەی ئەفسەرەکان، کە نوسەری ئەم بەدواداچوونە دواندوونی، لەرۆژی کەوتنی موسڵدا نزیکەی ١٠ هەزار سەرباز لەکۆی ٢٠ هەزار سەربازی بەفەرمی ناونوسکراو لەم سەربازگەیەدا بوون، زۆربەیان توانیان بنکە ئاسمانییەکە بەجێبێڵن و بەسەلامەتی خۆیان بگەیەننە ماڵەوە، و لەیەکەی دیکەدا ئەرکیان پێڕاسپێردرا.

ئەفسەرێکی شایەتحاڵ لە فەوجی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، دەڵێت یەکەمجار شەوی ١٠ی حوزەیران سەربازانی سەر بە فەوجی چواری (لیوای ١٦) رایانکرد، کە ئەرکی پاراستنی دەرگا و دەروازەکانی بنکەکەو تاوەرەکانیان لەئەستۆدا بووە، ئەوان پێگەکانی خۆیان چۆڵکرد و بۆشاییان لەدیوارەکانی سەربازگەکەدا دروستکرد، بەم هۆیەشەوە لیوای بەرپەرچدانەوەی خێرا کە لە موسڵەوە هاتبوو، بەهاوکاری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان ئەرکی پاراستنی دەرگاکانی بنکەکەو تاوەرەکانی دەوروبەریی پێراسپێردرا، ئاماژەشیدا بەوەی خوێندکارانی کۆلیژی هێزە ئاسمانییەکان کە ژمارەیان ١٥٩ خوێندکار بوو لەهەمان رۆژدا بەفڕۆکە بەرەو بەغدا و هەرێمی کوردستان گوازرانەوە.

ئەفسەرەکە دەڵیت “ئەوان خۆشبەخت بوون” بەڵام بەدبەختەکان ئەوانە بوون کە لەدوای کەوتنی تکریتدا بڕیاریاندا بنکەکە بەجێبێڵن،واتا لە شەوی یانزە و بەرەبەیانی دوانزەی مانگ، بەوەی کە بازگەکانی مەرگ لەچاوەروانیاندا بوون.

سەربازەکان لەم شەوەدا لەرێگەی مۆبایلەوە زۆر پەیوەندیان پێوەدەکرا و داوایان لێدەکرا شوێنەکانیان جێبهێڵن. ئەحمەد عەلی سەربازێکی فیرقەی ١٨ بوو، رەتیکردبووەوە شوێنەکەی جێبهێڵێت و بەنوسەری ئەم بەدواداچوونەی وت”مۆبایلەکان بەبێ پچڕان زەنگیان لێدەدا، لەلایەن کەسوکارەکانمان و ئەو هاوڕێ سەربازانەوە پەیوەندیمان پێوەدەکرا کە بەر لەئێمە سەربازگەکەیان جێهێشتبوو، پێیاندەوتین رێگاکە هێشتا ئارامە”. هاوکات هاوڕێیەکی ئەو لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیکردۆتە سەر ئەوەی کە “کەسانێک دەرچوون دوای ئەوەی لەلایەن ناسیاوەکانیان لە تکریت پێیانڕاگەیەنراوە، عەشایەرەکان ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوان هیچ سەربازێکیان ئازار نەداوە”.

“باقية.. باقية”

یەکێک لەوانەی لەمشەوەدا زەنگی تەلەفۆنەکەی لێدرا سەربازی خۆبەخش عەلی سەگری بوو. “خاوەنی ژن و دوو منداڵ و خوشک و برا و هاوڕێم، هەموویان پرسیار دەکەن من ئێستا لەکوێم، کەواتە بۆچی ئەم شوێنە جێنەهێڵم؟”.

بەرەبەیانی رۆژی ١٢ی حوزەیران، ئەم گەنجە بەجلی مەدەنیی لەگەڵ سەدانی دیکە بەپێ رۆیشتن و بنکەی”سپایکەر”یان جێهێشت، بەو نیازەی بگەنە سەنتەری شار کە تەنها چەند کیلۆمەترێکی کەم بوو. وتی “دوای کەمتر لەبڕینی سێ کیلۆمەتر گروپێکی چەکداری پێکهاتوو لە نزیکەی پەنجا چەکدار ئێمەی وەستاند”.

سەگری کە خەڵکی شاری دیوانییەیە لەوکاتەدا هەوڵی راکردن یان بەرگریکردنی نەدا و هیچ چەک و تەقەمەنییەکی لا نەبوو، وتیشی “چەکدارەکان بەزاراوەی تکریتی قسەیان بۆئێمەکرد و دڵنیایانکردینەوە لەوەی برای ئێمەن و ئەوان رۆڵەی عەشایەرە عەرەبییەکانن، پاشان پێیانوتین بەئۆتۆمبێڵی بارهەڵگری بچوک دەمانگوازنەوە بۆ شوێنێکی ئارام، بۆئەوەی لەوێوە رەوانەی ماڵەوەمان بکەنەوە”.

لەکاتێکدا سەربازە خۆبەشەکە گوێی بۆ ئەوان شلکردبوو، لەتەواوی دەریچەکانی شارەکەدا داوەکە بۆ سەربازانی دیکەش بوو، هەر کە شەو داهات سەگری و ٢٥٠٠ سەربازی دیکە و ژمارەیەکی کەمی کارمەندانی پۆلیس دەستبەسەرکران، ” دەستە دەستە لەسەر سک راکشابووین، بەسکی برسییەوە کەوتنە لێدانمان بەتفەنگەکانیان، و لەگەڵیشیدا جنێوبارانیان دەکردین، ئێمەیش پڕ بەقوڕگ هاوارمان دەکرد: دەوڵەتی ئیسلام..باقیە..باقیە”.

بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی مافەکانی مرۆڤی عێراقی لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە نێو کۆشکەکانی کۆمارییدا کە ٥٦ کۆشکی سەدام حوسێن بوون، ١٧٠٠ سەرباز کوژران، زۆرینەیان خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون، هەرچی سەربازە سوننە مەزهەبەکانە بەبڕیارێکی بەپەلەی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوەکە لێبوردن بۆزۆرینەیان دەرکرا”.

دەستڕێژییەکانی گوللە بەر جەستەی عەلی سەگریی نەکەوتن، و ئەو خۆی فڕێدایە ناو دۆڵەکە، و وەک مردووێک لەسەر زەوی راکشا تا خۆرئاوابوون، دواتر بەئاراستەی شەقامێک جوڵا کە دەیبردە کەناری روباری دیجلە. “لە شەوی ١٥ی حوزەیراندا توانیم بەمەلەوانی لەرووبارەکە بپەڕمەوە، ئەو رۆژەی کە من پێموایە رۆژی لەدایکبوونمە”، پاشان گەیشتۆتە ناحیەی عەلەم و لەوێشەوە بۆ بەغدای پایتەخت کە کەسوکارەکەی لەچاوەڕوانیدا بوون.

هەواڵ و پڕوپاگەندەکان

واسیق حمێداوی رزگاربووش بەهەمان شێوەی سەگریی چۆنیەتی دەرچوونی لەسەربازگەکە و هەواڵ و پڕوپاگەندەکانی کە لەنێو ریزەکانی سەربازەکاندا بڵاوببونەوە، بۆ نوسەری ئەم بەدوداچوونەی گێڕایەوەو وتی “ئەگەر بمزانیایە توندڕەوەکان شاری تکریت و رێگای نێوانی شارەکە و بەغدایان کۆنتڕۆڵکردووە، لەسەربازگەکە دەرنەدەچووم”.

بەپێی گێڕانەوەی حمێداوی و دوو ئەفسەری دیکە کە لە سپایکەر بوون، هەواڵ و پڕوپاگەندەکان سەرلەبەیانی رۆژی ئەنجامدانی قەسابخانەکە بڵاوبوونەوە بەوەی کە فەرمانی پێدانی مۆڵەت هەیە بۆ ماوەی(١٥) رۆژ، هەروەها دەنگۆی ئەوەی عەشایەرەکان ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

عەمار عەباسی یەکێک بووە لەو سەربازانەی وێڕای دەرچوونی دەیان هاوڕێی خۆی، لەسەربازگەکەدا ماوەتەوە، و بەنوسەری ئەم بەدواداچوونەی وت “رۆژانی ١١ و ١٢ی حوزەیران ئاژاوەیەکی زۆر لەناو سەربازگەکەی سپایکەردا هەبوو، ئاڵۆزییەکی زۆر کەوتبووە نێو ئەفسەر و پلەدارەکان، ئەمەش لەدوای ئەوە بوو کە چەندین کاروانی سەربازە هەڵهاتووەکان لە شارەکانی موسڵ و شەرگات و بێجییەوە بەرەو سەربازگەکە کشابوونەوە”.

عەمار ئەم ساتەوەختە بە”رۆژی قیامەت” وەسف دەکات، بەوەی کە سەربازەکانی بینیوە لەهەموو لایەکەوە رایان دەکرد، هەموویان ڕاڕا و شڵەژاو بوون، هەندێک لە ئەفسەرە تەمەن گەنجەکان بەپلەکانی مولازم و مولازمی یەکەم لەسەربازگەکە خۆیان دەدزییەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە خەڵکی تکریت بوون، هەرچەندە ئێمە هیچ چەکدارێکمان لەدەرەوەی سەربازگەکە نەبینیبوو، تەنانەت نە لەناوەوە نە لەدەرەوە دەنگی یەک تاقە گوللەشمان نەبیستبوو”.

لەسایەی ئەم دۆخە پڕ لەئاژاوەیەدا شایەتحاڵەکەمان حمێداوی رزگاربوو، هاوشانی سەدان خۆبەخشی نوێ و سەربازی بنکەی سپایکەر کاتژمێر دە و نیوی سەرلەبەیانی بەئۆتۆمبێڵێکی مەدەنی سەربازگەکەیان جێهێشت، بێئەوەی هیچ کەسێک رێگرییان لێبکات. ” دوای کەمتر لە ١٠ کیلۆمەتر و لەگەڵ گەیشتنمان بەو رێگایەیە کە هەردوو شاری تکریت و سامەڕا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بازگەکانی چەکدارانمان بینی سەربازگەکان کەلەبچە دەکەن و لەسەر رێگا دەیانکوژن”. سەربازێکی خەڵکی کەربەلا وا دەڵێت . “بەئۆتۆمبێڵەکەم گەڕامەوە بۆ رێگای گشتی تکریت بەغدا، و لەگەڵ گەیشتنم بە سەنتەری تکریت، بۆمدەرکەوت شارەکە بەتەواوەتی کەوتۆتە دەست داعش”. لێرەوە حمێداوی کەوتە دەست داعش.

حمێداوی جەختدەکاتە سەر ئەوەی زۆربەی ئەوانەی لەبەدیلگرتنی سەربازەکاندا بەشداربوون، ئەوانە بوون کە لەبەندیخانەی رەوانەکردندا بەندکرابوون، ئەوانەی لەدوای کەوتنی تکریتدا رایانکردبوو، بەتایبەت ئەوانەی کە بەپێی ماددەی ٤ی تیرۆر حوکمدرابوون. “ئەوان جنێویان پێدەداین و لێیان دەداین و ئەشکەنجەیان دەداین”.

چەکدارەکان حمێداویان لەگەڵ پەنجا کەسی دیکە لەناو مزگەوتێکی تکریتدا دەستبەسەرکرد، دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر، توانیویەتی باوەڕیان پێبهێنێت ئەو خەڵکی باشوری بەغدایە، سەر بە عەشیرەتی ئەلبو عیسا”ی سوننەمەزهەبە،و بەمەبەستی بەڕێکردنی مامەڵەیەکی فەرمی حکومی هاتۆتە تکریت. وتی “لەمبارەیەوە ئەو زاراوە لادێیەی کە قسەی پێدەکەم هاوکارم بوو، زاراوەیەکی نزیکە لە زاراوەی خەڵکی خۆرئاوا و باکور”. کاتێکیش پرسیاری چارەنوسی دەستبەسەرکراوەکانی تری لێکرا، حمێداوی بێدەنگیی هەڵبژارد.

لێکۆڵینەوە… لەپێناو دووبارە ئەنجامدانەوەی لێکۆڵینەوە

گێڕانەوەکان دەربارەی ئەوەی کە لەسەربازگەکەی”سپایکەر”دا روویداوە، جۆراوجۆرن، ماجد غەڕاویی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەڕلەمان تۆمەتی روودانی کوشتارگەکە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنە سەربازییانەی فەرمانیان کردووە سەربازەکان بگوازرێنەوە بۆ سەربازگەکە، “بەتایبەت لەوەی کە سەربازی وا بۆ ئەو سەربازگەیە گوازراوەتەوە خولی مەشق و راهێنانی تەواو نەکرد بوو، لەگەڵ ئەوەشدا رەوانەی گەرترین و مەترسیدارترین شوێنی وڵات کراون”.

مشعان جبوری پەڕلەمانتاری نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین، بازنەی تۆمەتبارکردنەکە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ئەویش ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدینە، تۆمەتباری دەکات بەوەی راستەوخۆ لە قەسابخانەکەدا تێوەگڵاوە یان چاوپۆشی لێکردووە، بەپێی بۆچوونی خۆی “ناوچەی کۆشکە کۆمارییەکان، خۆرهەڵاتی تکریت، ماڵ و نوسینگەی نزیکەی پەنجا کەسایەتی سیاسی تێدا بووە، ئەندامانی پەڕلەمان و ئەندامانی حکومەتی لۆکاڵی پارێزگاکە، “خۆ ئەگەر لەم ساتەوەختەدا ئەوانیش لەوێدا نەبووبن، فەرمانبەرەکانی دیکە لەوێ بوون، ئەوان لەپەنجەرەی نوسینگەکانیاندا چۆنیەتی بردن و گواستنەوەی قوربانیەکانیان بینیوە کە بەرەو کۆشکەکان براون، بێئەوەی دەسەڵاتە باڵاکان و فەرماندە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە”.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەم رووداوە بەهاوکاری هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوەو چاویان کەوتووە بەفەرماندە بەرپرسەکانی دۆسیەی سەڵاحەدین. بەڵام لیژنەکەی لێکۆڵینەوە نەیتوانیوە بەتەواوەتی راستییەکان رابگەیەنێت و ئاشکرایان بکات، بەدانپێدانانی خۆیان راپۆرتەکەیان بەهۆی ئەوەی تائێستاش گۆرەپانی شەڕ و پێکدادانەکانە و ئازاد نەکراوە، نەیتوانیوە بەرپرسیارییەتەکان دەربخات”.

راپۆرتەکە بەشێوەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، و رۆژی ٣ی مانگی ئازاری رابردوو چەند بەشێکی ئاشکرا بووەو تێیدا لەجیاکردنەوەی”بڕیارەکان”دا گەیشتۆتە ئەنجامی گشتی، ئاماژەیداوە بەوەی “بەرپرسیارێتی هاریکاریی لەفەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە دەستپێدەکات بە سیفەتی فەرمی و لە نزمترین پلەشدا کۆتایی پێدێت”.

لیژنەکە لەبەر “زۆریی هۆکارەکان” و “زۆریی شکستەکان” بڕیاریداوە “بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەموکورییەکانی و وردبینی و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، جارێکی دیکە راپۆرتەکە رەوانەی وەزارەتی بەرگری بکاتەوە”. واتا لێکۆڵینەوەکە بەکردار داوایکردووە جارێکی تر لێکۆڵینەوە ئەنجامبدرێتەوە، بەمەش سەرلەنوێ پرسەکە دەدرێتەوە دەست بیرۆکراسیەت و ناکۆکییە سیاسییەکان”.

 

ونکردنی بەرپرسیاریەتیەکان

ئەو ئەفسەر و سەربازانەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، ئەوانەی بەرپرسی پارێزگاکەن و دەرەنجامی راپۆرتەکەمان پێدان، روونیدەکەنەوە کە راپۆرتەکە کۆمەڵێک راستی سەرەکی بەسەردا تێپەڕیوە، و لەجیاتی دەستنیشانکردنی بەرپرسیارییەتییەکان، هەولدەدات ونیان بکات، بەتایبەت لەوەی کە پەیوەندی بەفەرماندە سەربازییە بالاکانەوە هەیە.

شەڕەکەی موسڵ لەمیحوەری خۆرئاوا، رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، پاشان لە رۆژی دەی مانگ “داعش” بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵیکرد، “کەچی فەرماندەیی هیچ رێوشوێنێکی نەگرتەبەر سنورێک بۆ زیانەکان دابنێت، بۆ ئەوەی رێکخراوەکە نەگاتە پارێزگای سەڵاحەدین، هاوکات هێڵی روبەڕوبوونەوەی دانەنا، هەروەها هیچ هاوکارییەکی نەنارد”. بەپێی لێدوانی ئەفسەرێک کە لەوکاتەدا لەسەربازگەکە بوو.

ئەم ئەفسەرە پلەکەی عەقیدە، و وتیشی “هیچ رێنماییەکی نوسراو یان لەرێگەی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە بۆ ئێمە نەهات، پەیوەندی هەبێت بەرێوشوێنەکانی رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان، هیچ فەرماندەیەکی سەربازیش لەبەغداوە نەهات، بەهەمان شێوە هیچ هاوکارییەک لەوێوە نەهات، بەرپرسیارییەتەکە لای عەلی فەریجی و فەرماندەی فیرقەی ١٨ و ژمارەیەک ئەفسەری دیکە مایەوە”.

هەروەک وتەی شایەتحاڵەکانی ناو سەربازگەکە ئاماژە دەدەن بەوەی فەرماندەیی گشتی وەک سەرۆک وەزیران و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سەڵاحەدین، فەرمانیان نەکردووە ئەو سەربازانەی لە موسڵەوە هاتبوون لەکارمەندەکانی دیکە جیابکرێنەوە، لەمبارەیەوە لیوا روکن حەسەن عانی کە پسپۆڕێکی سەربازی و ئەفسەرێکی پێشووە، دەڵێت “دەبوو فەرماندەیی هەڵوێستی سەربازییان لەبەرچاو بووایە، قسەکردن لەسەر سەربازە راکردووەکان و ئەو پاشەکشەکردنەی لەشەڕەکاندا روویداوە و داعش هەڵیکوتاوەتە سەر شارەکە، زۆر کاریگەری هەبووە بۆ سەر ورەی هەمووان”.

هیشام هاشمی کە توێژەرێکی پسپۆڕە لەکاروباری ئەمنی و گروپە چەکدارییەکان، و یەکێکە لەو کەسانەی بەوردی چاودێری وردەکارییەکانی کوشتارگەی سپایکەری کردووە، تێبینیدەکات کە “راپۆرتەکە تیشکی نەخستۆتە سەر دوو رۆژی بەر لە ئەنجامدانی لەسێدارەدانی سەربازەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەم دوو رۆژە بایەخی زۆریان هەیە”.

ئەوەشی وت کە “لیژنەکە دەستنیشانی نەکردووە کێ بەرپرسیارە لە کەمتەرخەمی و گەندەڵی ئیداریی و حاڵەتەکانی دیکەی تێکچوونی دۆخی ئەمنی کە لەوکاتەدا روویداون، هەروەها ئاماژەی نەداوە بەوەی کێ بەرپرسە لەنەبوونی چەک و تەقەمەنی، کێ بەرپرسە لە گواستنەوەی خۆبەخشە نوێیەکان بۆ گۆڕەپانی شەڕ، هەروەها دەستنیشانی نەکردووە کام لایەنەیە رێگەی بەسەربازەکان داوە لەسەربازگەکە بڕۆنەدەرەوە؟ بێئەوەی هیچ هەوڵێک بدرێت رێگەیان لێبگیرێت، تەنانەت ناوی قوربانییەکانیش لەگەڵ راپۆرتەکەدا هاوپێچ نەکراوە کە لەلایەن لیژنەکەوە ئامادەکراوە”.

هاشمی دەڵێت بەمشێوەیە ئەنجامەکانی یەکێک لە توندوتیژترین و دڕندانەترین تاوانەکانی دە ساڵی رابردوو”توانەوە” ، بەپێی راپۆرتەکە بەرپرسیارییەتییەکە”هەمەلایەنییە” لەبچوکترین پلە تا دەگاتە گەورەترین پلە، هەر لە واسیق شاکر حمێداوییەوە بگرە کە خەڵکی کەربەلایە، تا دەگاتە سەرۆک وەزیران نوری مالیکی-ئەویشیان خەڵکی کەربەلایە-.

نوسەری ئەم بەدواداچوونە پەیوەندی بەژمارەیەکی زۆری گەورە ئەفسەرەکانەوە کردووە، بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسی کشانەوە سەربازییەکان و کۆکردنەوەی هێزەکان لە سەربازگەی سپایکەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوت، کەچی خەڵکی ناوچەکە”تکریت” دەڵێن “زۆربەی ئەفسەر تەمەن منداڵەکان بەدوای دەریچەیەکدا دەگەڕان رابکەن، هەرچی گەورە ئەفسەرەکانیشە، تەواو توشی شۆک بوون و لەبارەی هۆکاری بەرگرینەکردنەکان سەرگەرمی ململانێ و گۆڕینەوەی تۆمەتەکانن، لەهەمانکاتدا گەورە فەرماندەکان بیریان لەپارێزگاریکردنی بەغدا و رێگرتن لە داڕمانی ئەو شارە دەکردەوە”.

لەلایەکی دیکەوە هەمزە لامی پسپۆڕی ئەمنیی، بەرپرسیارییەتە سەرەکییەکەی خستە ئەستۆی “گەورە ئەفسەرەکانی سەربازگەی سپایکەر، بەهۆی ئەوەی بەدرەنگەوە بڕیاری راستیان دەرکردووە، هەروەها لەبەر ئەوەی سەرقاڵی یەکتر تۆمەتبارکردنن لەکەوتنی ناوچەکان بەدەستی چەکدارانی داعش، بێئەوەی هۆکاری روون و ئاشکرا هەبن، هەروەها لەبەر ئەوەی بەخێرایی نەیانتوانیوە مامەڵە لەگەڵ قەبارەی کارەساتەکەدا بکەن، و (١٧٠٠) کەسیان بەبێ پاسەوانی و بەبێ چەک بەجێهێشت”.

بکوژ..؟

کوشتارگەکەی سپایکەر وەک ئەو کوشتارگانە نەبوو کە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیەک شاری عێراقیدا لەلایەن رێکخراوە توندڕەوەکانەوە رێک لەدوای ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەنجامدراون، ئەم کوشتارگەیە لە شارێکدا روویداوە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوونەمەزهەبن، لەکاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری کوژراوەکان شیعەمەزهەبی خەڵکی ناوەراست و باشوری عێراق بوون.

دوای ئەوەی بەفەرمی روودانی کوشتارگەکە راگەیەنرا، شەقامی سیاسی و میللی لەبارەی تۆمەتی ئەنجامدانی رووداوەکە دابەشبووە سەر دوو بۆچوون، یەکێکیان پێیوابوو تێوەگلانی هەردوو عەشیرەت ئەلبو عەجیل و ئەلبو ناسر بوو، کە هەردووکیان عەشیرەتی سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووتری عێراقن، لەبەر ئەوەی لە تکریت روویداوە، ئەمەش لەسەر زاری چەندین کەسایەتی سیاسی و عەشایەری ناوەڕاست و باشوری عێراقدا راگەیەنرا، بۆچوونەکەی دیکەش پێیوابوو داعشی توندڕەو ئەنجامیداوە، لەمەشدا عەشیرەتە سوننیەکان هەوڵیانداوە بیسەلمێنن.

هەردوو عەشیرەتی سوننە مەزهەب ئەلبو عەجیل و ئەلبو ناسر لەتکریت، لەچەند بۆنەیەکدا ئەم تۆمەتەیان رەتکردۆتەوە، هەموو ئەو کەسانەشیان کوشتووە کە سەر بەعەشیرەتەکەیان بوون و هاوکات لە کوشتارگەکەدا بەشداریان کردووە.

لەمبارەیەوە شێخ قەحتان عەجیلی یەکێک لەکەسایەتییەکانی عەشیرەتی ئەلبو عەجیل، بەنوسەری ئەم بەدواداچوونە دەلێت “عەشیرەتەکانمان لەم رووداوەدا بێتاوانن، وەک بێتاوانی خوێنەکەی یوسف، ئێمە کوشتارگەکەمان پرۆتێستۆ کرد، کە تەواوی مرۆڤایەتی پرۆتێستۆی دەکات”. جەختیشیکردەوە کە “عەشایەرەکانی تکریت بەشێوەیەکی گشتی و عەشیرەتەکەی بەتایبەت لەپشت خانەوادەی قوربانیان و یاسادایە، و هاوکاریان دەبێ لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانکاران”. ئاماژەشیدا بەوەی ئەوان “١٦ کەسی عەشیرەتەکەی خۆیان کوشتووە بەهۆی ئەوەی لەم کوشتارگەیەدا بەشداریان کردووە”.

عەجیلی هێماشی بۆ ئەوەکرد “عەشیرەت و تیرە عەرەبییە سوننە مەزهەبەکان هاوکاری سەدان سەربازیان کردوو کە لە سەربازگەی سپایکەر و یەکە سەربازییەکانی دیکەی تکریت هەڵهاتبوون، لەگەڵیان بوون تا گەیشتوونەتە کەرکوک و لەوێوە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان”.

ئەم لێدوانەی عەجیلی هاوبۆچونە لەگەڵ لێدوان و گێڕانەوەی سەدان سەربازی رزگاربوو، ئەوانەی کە باسیان لەهاوکاری عەشیرەتە عەرەبییە سوننە مەزهەبەکان کردووە، دوای ئەوەی توانیویانە لەدەستی چەکدارانی داعش رزگاریان بێت، لەو کاتەشدا ناحیەی عەلەم(خۆرهەڵاتی تکریت) رێڕەوی سەرەکی سەربازە راکردووەکان بوو بەئاراستەی پارێزگای کەرکوکی ئارامدا”.

عەلی سەگریی رزگار بوو لە کوشتارگەکەی سپایکەر دەڵێت، ئەگەر هاوکاری عەشیرەتەکان نەبووایە لەناحیەی عەلەم نەمدەتوانی رزگارم بێت، دوای گەشتە درێژەکەی ترس، ماڵی شێخ خەمیس ناجی جەبارە پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ رزگاربوون لەداعش.

عەلی دوای ئەوەی توانی بەمەلەوانی لەکۆشکەکانی سەرۆکایەتی دووربکەوێتەوە کە لەژێر دەستی داعشدا بوون، خۆی گەیاندە کەنارێکی دیکە، و چووە ناو گوندێک و دەڵێت “هەموو رۆڵەکانی عەشایەر هاوکارییان کردم، خواردنیان بۆ هێنام، سێ شەو میواندارییان کردم، تا منیان گەیاندە ناحیەی عەلەم، کە نزیکەی ٣٠٠ سەربازی دیکەی خەڵکی باشوور پەنایان بۆ بردبوو، عەشیرەتە سوننە مەزهەبەکان پاریزگارییان لێکردوون، زیاتر لە ١٢ رۆژ لەوێ ماینەوە، تا رێگای گەیشتن بە کەرکوک و دواتریش بەرەو بەغدایان بۆ مسۆگەرکردین”.

داواکاری زۆری نییە

کامیل ئەمین وتەبێژی وەزارەتی مافەکانی مرۆڤ، بەنوسەری ئەم بەدواداچوونەی وتووە وەزارەتەکە لەرۆژانی یەکەمی روودانی کوشتارگەکەی سپایکەردا ناوی سەرجەم ئەفسەر و پلەدارە ونبووەکانی بنکەکەی بەتایبەت و پارێزگای سەڵاحەدین بەگشتی نوسیوە، ئەمەیش لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت بووە کە لەوکاتەدا بەسەر کەسوکاری بێسەروشوێنبووەکاندا دابەشکرا، بەم هۆیەوە سەدان ناویان نوسی لەنێویاندا نزیکەی ١٧٠٠ ناوی قوربانیانی سپایکەر هەبوون”.

وەزارەتی مافی مرۆڤ دوای رزگارکردنی تکریت لەدەست رێکخراوی”داعش” لە مانگی ئازاری رابردوودا، لەسەر زاری وەزیر محەمەد مەهدی بەیاتی، رایگەیاند، تەنها لە نێو ١٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ناوەوەو دەرەوەی کۆشکەکانی سەرۆکایەتیدا زیاتر لە ٩٠٠ روفات دەرهێنراون.

لەهەمانکاتدا لایەنە پەیوەندارەکان لە وەزارەتی مافەکانی مرۆڤ یان دەزگا ئەمنییەکان نەیانتوانیوە قوربانیەکانی دیکە بدۆزنەوە، کە ژمارەیان نزیکەی ٨٠٠ قوربانییە، لەدوای ئەوەی داعش پاش لەسێدارەدان و کوشتنیان تەرمەکانیان فڕێداوەتە ناو روباری دیجلە، هەروەک لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت کە لە سایتی دامەزراوەی حەیاتی سەر بە رێکخراوەکە و سایتەکانی دیکەی تۆڕی جاڵجالۆکەدا بڵاوکراونەتەوە، ئەمە وایکرد ئەرکی گەڕان بەدوای قوربانیەکان سەخت بێ، چونکە ئاشکرایە تەرمەکان ئەگەر زۆر لەناو ئاودا بمێننەوە هەڵدەوەشێنەوە. بەپێی لێدوانی عەبدوڵلا عامریی فەرمانبەر لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەعێراقدا.

یەکێک لەو سەربازە خۆبەخشانەی کە تا ئەمڕۆش بێسەرو شوێنە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، تەمەنی ٢٥ ساڵ بووەو خەڵکی شاری دیوانییەیە، سەعد عەبدولحوسێن(٥٦ ساڵ) باوکی بێسەرو شوێنەکە دەڵێت “زانیاریمان بەدەستگەیشتووە تیرۆریستەکان هەندێک لە دیلەکانیان نەکوشتوون و رەوانەی شاری موسڵ(سەنتەری پاریزگای نەینەوا) و ناحیەی قائیم لە(پارێزگای ئەنباڕ) و قەزای حەویجە لە (پارێزگای کەرکوک)کردووە، داواکارم لەخوا، کوڕەکەم یەکێک بێت لەوان”

عەبدولحوسێن کە بەدوای سۆراخی کوڕەکەیدا توانیویەتی بەر لەرزگارکردنی شاری تکریت بەچڕ و پڕی پەیوەندی بەعەشایەرەکانی ئەو شارە بکات، بەو پێیەی کوڕەکەی لەنێو تەرمە دۆزراوەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نەدۆزراوەتەوە، هەروەها پشکنینی دی ئێن ئەی کە بۆ کەسوکاری قوربانیان ئەنجامدراوە هیچ ئاماژەیەکی نەداوە، جەختیشیکردەوە کە “تا ئەو کاتەی بەچاوی خۆی تەرمی کوڕەکەی نەبینێ، پرسەی بۆ دانانێت”.

دایکی ئەم خۆبەخشە بێسەروشوێنەش ئەو قەرەبووەی رەتکردەوە کە بۆ شەهیدانی”سپایکەر” تەرخانکراوە،و پێیوایە کوڕەکەی تا ئێستایش لەژیاندا ماوە، رەنگە ئەمە گومان و پەیبردنی دایکانە بێت، ئەو دوعا و نوێژەکانی بەم شێوەیە دەکات وەک ئەوەی کوڕەکەی لەبەردەمیدا بێت.

ئەم خانەوادەیە چاودێری ئەو دانیشتنانەی پەڕلەمانیان کردووە کە تایبەتکرابوون بە پرسی کوشتارگەکەو لێپرسینەوە لەئەفسەرەکان، ئەوان نازانن بۆچی سەرۆک وەزیران خۆی لە دانیشتنەکاندا ئامادە نەبووە، هاوکات سەدان کەس لە کەسوکاری قوربانیانی ئەم کوشتارگەیە کە لە پارێزگا دوورەکانەوە هاتبوون، لەبەردەم دەرگای پەڕلەماندا وەستا بوون و داوایان دەکرد رێگەیان پێبدرێت بڕۆنە ژوورەوە. هەروەک ئەندامانی ئەم خانەوادەیە ئەوەش نازانن لەبەرچی دەسەلاتە دادوەرییەکان بڕیاری دادگاییکردنی گەورە ئەفسەرەکانی تێوەگڵاو لەم دۆسیەیە راناگەیەنێت؟ جا لەبەر هەر هۆکارێک بێت بەهەند وەرنەگرتن و کەمتەرخەمی، بێ یان گەندەڵیی.

لەکاتێکدا عەبدوڵحوسێن خەریکی تێکردنی چایەکی رەشی قورس بوو، لێمان پرسی دوای تێپەڕبوونی ١٦ مانگ بەسەر ونبوونی کوڕەکەتدا، بەدیاریکراوی پێمان بڵێت چیت دەوێت و داوای چی دەکەیت، وتی “زۆرم ناوێ، دەمەوێ بزانم کوڕەکەم زیندووە یان مردوو، دەمەوێ بەرپرسەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە دادگایی بکرێن، دەمەوێ پرسی کوڕە ستەملێکراوەکانمان تەنها نەبێ بەدۆسیەیەک لەدۆسییەکانی رابردوو، یا تەنها دۆسیەیەک بێ بۆ پڕوپاگەندە لەسەر وەحشیگەرێتی داعش”.

 

– سەرجەم ناو و شوێنی سەرچاوە سەربازیی و مەدەنییەکان، و ناوی هەموو ئەو ئەفسەر و فەرماندە سەربازییانەی کە لەم بەدواداچوونەدا بەشدار بوون لای نوسەری ئەم بەدواداچوونە پارێزراون.

– تۆماری دەنگی سەرجەم سەرچاوە و شایەتحاڵەکان لای نوسەری ئەم بەدواداچوونەدا پارێزراوە.

– کۆپیێکی راپۆرتەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بەکوشتارگەی سپایکەر لای نوسەری ئەم بەدواداچوونە پارێزراوە.

ئەم بەدواداچوونە بەپاڵپشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە، بەسەرپەرشتی کومەی مولحم.

 




لەگەڵمان بن لە فەیسبووك