Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

ئێزیدییەکانی دوای داعش… لەگەشتێکی “ژیان یان مردن”دا بەدوای نیشتیمانێکی ئارام دەگەڕێن

165

سامان نوح .. باسم فرەنسیس

وەرگێڕانی: جەمال پیرە

“رەنگە ئەمە دوا هەمین گەشتم بێت لەم جیهانەدا.. رەنگە ئەمە بەکۆتاییهاتنی ژیانی من تەواوبێت و ئەوەی چەندین ساڵە کۆمکردووەتەوە لەدەست خانەوادەکەم بچێت …. بەڵام دەڕۆم تا خاکێک دەدۆزمەوە تێیدا شکۆو کەڕامەت و مرۆڤایەتیم بپارێزێت… خاکێکی باشتر لەنیشتیمانێک تێیدا هەموو رۆژێ هەڕەشە لەبوونم بکرێت”.

ئەمە دواهەمین وتەی گەنجێکی ئێزیدی بوو بەناوی داوود حەسۆ، بەر لەوەی ماڵئاوای لە ئەحمەد سلێمانی هاوڕێیە موسڵمانەکەی بکات و بەئاراستەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێبکەوێت، لەوێوە بروات بۆ سنوری نێوان تورکیاو بولگاریاو دواجار لەسەفەرێکی نایاساییدا خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا، ئەو وڵاتەی لەدوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لەسەر خاکی مێژووی خۆیان لە شنگال و دەشتی نەینەوا لەسەردەستی “سەربازانی ئەبوبەکر بەغدادییەوە” ، هەزاران ئێزیدی لەوانەی کە بەدوای نیشتیمانێکی ئارامدا دەگەڕێن رووی تێدەکەن.

گەشتی “مەرگ یان ژیان” وەک حەسۆ وەسفی دەکات “دوا هەوڵی رزگاربوونیانە لەدەست ئەو مەینەتییەی کە ساڵەهایە بەدەستییەوە دەناڵێنن، و لەدوای هێرش و پەلامارەکەی رێکخراوی’دەوڵەتی ئیسلامی’ و گۆڕینی ناوچەکانیشیان بۆ بەشێک لە”خاکی خەلافەت”دا گەیشتۆتە دوا وێستگەی خۆی، بەوپێیەی کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ ئێزیدییەکان نامێنێتەوە و لەلای ئەوان وەک ‘کافر’ وەسفدەکرێن، بەم هۆیەشەوە لەئۆپەراسیۆنێکی جینۆسایدکردندا نزیکەی سێ هەزار کەسیان کوژران و نزیکەی چوار هەزاری دیکەش کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون دەستبەسەرکران”. بەپشتبەستن بەلێدوانی چاڵاکوان و بەرپرسە ئێزیدییەکان.

لەناوەڕاستی دهۆک، لە ماڵی خەیرۆی ئێزیدی، کە دۆستی حەسۆیە لەو گەشتەی بەرەو نادیار ئەنجامیدەدەن، دایکی لەوسەر بەبێدەنگی دانیشتبوو،  هەموو ئەو کەلوپەلانەی ماڵەکەی خۆی بۆفرۆشتن دانابوو کە کەڵکیان هەبوو، هەروەها دوو ئافرەتی دیکە عەبای رەشی درێژیان پۆشیبوو وەستابوون، دەیانەویست مافورو تاقمێکی قاپی نانخواردن بکڕن و سوور بوون لەسەر دابەزاندنی نرخەکەی.

دوای ئەوەی دایکی رەتیکردەوە قسە بکات و رووی خۆی وەرگێڕاو سەری داپۆشی، خەیرۆ قسەیکرد و وتی “لەپێناو دابینکردنی تێچووی سەفەری زۆربەی ئەندامانی خانەوادەکەماندا، بەهەر نرخێک بێت کەلوپەلەکان دەفرۆشین، هەرچەندە هەر پارچەیەک لەکەلوپەلی ماڵەکە لای دایکم یادەوەرییەکە، بەڵام ئێستا هیچ بایەخێکیان نەماوە”.

٣٥٠ هەزار ئێزیدی لەوانەی توانیویانە بەر لەگەیشتنی رێکخراوە توندڕەوەکە ناوچەکانیان جێبهێلن، لەکامپە کاتییەکانی شارەکانی کوردستان ژیانیان لەبارودۆخێکی سەختدایە، بەشێوەیەک زۆربەی پێداویستییەکانیان نییە، لەگەرمای هاوینی سەرووی پەنجا پلەو سەرمای زستانی خوار پلەی سفردا بیانپارێزێ. هیچ ئومێدیکیان نەماوە بەخێرایی بگەڕێنەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی کۆنتڕۆڵی شنگال و کۆمەڵگاکانی باشوری و هەڕەشەکانی سەر کۆمەڵگاکانی باکوریدا کە لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ئازادکرانەوە.

چاڵاکوانی ئێزیدی حەسەن عەکۆ پێیوایە لەغیابی هیوا و ئومێدی گەڕانەوەی خێرا، و ترس لەئایندەی بەیەکەوژیان لەگەڵ دەوروبەرێکی ئیسلامی توندڕەودا کە “لە جینۆسایدکردنیاندا بەشداریانکردووەو بوون و کەلتورەکەیان رەتدەکەنەوە” لەگەڵ هەژاریی و بێکاریی بەربڵاو لەکامپەکاندا، وایان لەگەنجانی ئێزیدی کردووە سەرگەرمی پلانی کۆچکردن بن بۆ دەرەوەی وڵات.

هێماشی بۆ ئەوەکرد کە “تێکڕاکانی کۆچکردن بەهۆی تۆڕی قاچاغچییەکان لەڕێگەی سنوری باکوری خۆرئاوای تورکیاو مافیاکانی کۆچی نایاسایی بەڕێگای دەریای ناوەڕاستدا، لەبەرزبوونەوەدان”.

هەروەها خەڵات سمۆ ئێزیدییەکی دیکەیەو ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی بەرەو ئەڵمانیا کۆچ بکات، باسی کاتژمێرەکانی سەرەتای کەوتنی شاری شنگال دەکات بەدەستی رێکخراوی”داعش” لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤و دەڵێت “لەو رۆژەدا بەخت یاوەرم بوو، لەگەڵ خانەوادەکەمدا لەدەست کردەوەکانی کوشتنی هاکەزایی رزگارمان بوو، کە لەلایەن دراوسێیە موسڵمانەکانماندا ئەنجامدران، بەهەمان شێوە بەخت یاوەرم بوو بۆماوەی دە رۆژ لە چیای شنگال بووین و لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆدرابووین لەبرسان و لەتینوێتیدا نەمردین، بەڵام ئێستا نازانم ئاخۆ لە گەشتە تازەکەمدا بەخت یاوەرم دەبێت یان کۆتاییم پیدەهێنێت”.

تێکڕاکانی کۆچکردن ترسناکن

مەترسییەکانی کۆچکردنی نایاسایی جۆراوجۆرن، کە بەهەردوو رێگای دەریایی و وشکانی ئەنجامدەدرێن، لەگەڵ ئەگەری دەستڕێژی پاسەوانانی سنوور و”چاوچنۆکی مافیاکانی کۆچ” کە ئەگەر بێتوو بەرژەوەندییەکانیان بکەونە مەترسییەوە هیچ دوو دڵ نابن لەپەنابردن بۆ کوشتن، بەڵام “سمۆ” وەک هەزاران ئێزیدی دیکە، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئەم سەرکێشییەو دەڵێت “بەردەوامدەبم لەگەڕان بەدوای نیشتیمانێک تێیدا ئەو شکۆو کەڕامەتەم بەدەستبێنمەوە کە لێم سەنراوەتەوە، بۆیە هەوڵدەدەم چیرۆکەکانی کوشتن و خیانەت و بردنی کچان و مردن لەبەر تینوێتی، لەخەیاڵدانی خۆمدا بسڕمەوە”.

بەپێی راپرسییەک کە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دامەزراوەیەکی ئێزیدی لە قەزای شێخانی سەر بەهەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە ئەو شارەی تێیدا ئێزیدی و موسڵمانەکان بەیەکەوە دەژین، “مانگانە نزیکەی سێ هەزار کەسی ئێزیدیی لەکوردستانەوە کۆچ دەکەن، ئەم ژمارەیەش ئەگەر بەردەوام بێ لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ئێزیدییەکان لەم وڵاتەدا نامێنن”.

راپرسییەکە روونیدەکاتەوە کە 96% ی ئێزیدییەکان ئارەزوو دەکەن بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن و خاک و پەرستگاو مەزارگە ئایینی و میراتە مێژوویەکانیان جێبهێڵن.

ئەم ژمارانە هاوشێوەی ژمارەو ئاماژەکانی بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئێزیدییەکانە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەیانداوە بەوەی رۆژانە ١٠٠ ئێزیدی لەهەرێمی کوردستاندا کۆچ دەکەن، لەمبارەیەوە هادی دوبانی کە بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتییەکەیە دەڵێت “لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٤٠ هەزار کوردی ئێزیدی لەکوردستانەوە کۆچیان کردووە”.

جەختیشیکردەوە کە “زۆربەی ئەوانەی کۆچیان کردووە گەنجانن، هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ نەمانی هیواو ئومێد، هەلی کاریان دەست ناکەوێت و شارەکانیان تائێستایش لەژێر کۆنتڕۆلی داعشدان و دیاریش نییە کەی ئازاد دەکرێن، بێجگە لەوەی بارودۆخی ژیانیان لەکامپەکاندا خراپە”.

پاڵنەرە شاراوەکانی کۆچ

جاسم خودێدا کە لەبازاڕی شاری زاخۆی سەر سنوری تورکیادا سەرگەرمی گۆڕینەوەی بڕێک پارە بوو بە لیرەی تورکی، وتی “هیچ بژاردەیەکی ترم لەبەردەمدا نییە و لەمەترسی ئەم بڕیارەش تێدەگەم، بەڵام شتێک نەماوە بمبەستێتەوە بەم نیشتیمانە”  بێدەنگ بوو بەهێواشی سەری خۆی نزمکردەوەو بەڵگەنامە کەسییەکان و پاسپۆرتەکەی دەرهێنا کە تازە کۆپی کردبوون.

خودێدا تەمەنی لەسەرووی ٥٠ ساڵییەوە، ناوەناوە دەستێکی بۆ سمێڵ و ریشە زۆرەکەی دەبرد، پێیوابوو ئەوەی بەسەریانداهاتووە، خیانەتێک بووە لەبیر ناکرێت و دەڵێت “لەپێشەوەو لەدواوە لێماندرا، یەکێکیان چەقۆی هەندێک گوندی عەرەبی بوو غەدری لەئێمەکرد، دووهەمیشیان لەلایەن هەندێک سەرکردەی سەربازییەوە بوو کە سەرپەرشتی ئاسایشی ناوچەکانمانیان دەکرد، ئەوانەی کە بڕیاریاندا بکشێنەوەو بەرگری نەکەن و چارەنوسی ئێمەیان دایە دەستی باندێکی دڕندە، چۆن بۆمان دەکرێ جارێکی تر متمانەیان پێبکەینەوە، ئەمە ٧٣یەمین کۆمەڵکوژییە لەسەر ئەم زەوییەدا روبەڕووی دەبینەوە’.

مێژوونووسە ئێزیدییەکان دەڵێن گەلی ئێزیدی ٧٢ جار دووچاری هەڵمەتی جینۆساید بوونەتەوە بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن، دواترینیان لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بووە لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ئینجا رێکخراوی داعش دێت و جینۆسایدێکی تازە بەسەر ئێزیدییەکان دەهێنێت، بەپێی لێدوانی پەڕلەمانتاران و چاڵاکوانە ئێزیدییەکان نزیکەی سێ هەزار کەس کوژراون و لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون، لەگەڵ بردنی زیاتر لە چوار هەزار ژن و منداڵ، تائێستا چارەنوسی دوو هەزاریان نادیارە.

هاوکات جەمال کە ئامۆزای خودێدایەو یەکێکە لەوانەی خۆی ئامادەکردبوو بۆ کۆچ و جێهێشتنی وڵات، وتی “دەمەوێ ئەو خاکە لەیاد بکەم کە خێرمان تێیدا چاند و شەڕمان دوورییەوە، دەمەوێ ئەو خاکە لەیاد بکەم کە لەدەستی داعش رامانکردو روومان تێکرد، بەڵام تێیدا بووین بەکەسی فڕێدراوو بێزراو چاوەکان راومان دەنێن…لۆمەمان دەکەن چونکە هەوڵدەدەین بەکرێیەکی کەمتر هەلی کار بەدەستبێنین، تاکو بتوانین خانەوادەکانمان لەشەڕی پێویستی و گەدایی و سواڵکردن بپارێزین”

نارین شەمۆی ژنە چاڵاکوانی ئێزیدی وایدەبینێ کە “چەوسانەوەی ئایینی، و سەختییەکان و ژیانی قورسی ناو خێمەکان، و هەست نەکردن بەئارامیی لەدەرەنجامی نەمانی متمانەی نێوان هەردوو حکومەتی کوردی و فیدرالیدا، بوونەتە پاڵنەر بۆ کۆچکردنی ئێزیدییەکان”.

وتیشی “شەرمەزارییە وەک ئاوارەو دەربەدەری ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئێزیدییەکاندا بکرێت، ئەوان روبەڕووی تۆقاندن و کوشتنی بەکۆمەڵ بوونەتەوەو لەشاخ لەژێر گەمارۆدا تامی مەرگیان چەشتووە، خۆشەویستانیان لەدەستدا، چارەنوسی هەندێکیان تائێستا نادیارە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کاتێک دەربارەی خراپی دۆخی مرۆییان ناڕەزایی دەردەبڕن سوکایەتییان پێدەکرێت”. هێماشی بۆئەوەکرد ئەمە وادەکات “لای هەمووان نائومێدی لەدایک بێت”.

چنگی مافیاکانی قاچاغچێتی

شەمۆ کە لە ٣ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی مرۆیی ئێزیدییەکان، دەڵێت “ئێزیدییەکان خۆیان و جلوبەرگی بەریان رایانکردووەو هەر شتێکی کە هەیانبووە لەدەستیانداوە، هەندێک لەخانەوادەکانیان لەلایەن کەسوکارییان لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاوکاریی داراییان پێدەگات بۆ ئەوەی یەکێک لەئەندامەکانیان بتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئەم وڵاتە وەکو کۆچبەرێک، هەندێکیشیان قەرز دەکەن، ئەمانیش پارەکانیان رادەستی مافیاو قاچاغچییەکان دەکەن، بێئەوەی هیچ گەرەنتییەک هەبێت، ئەمە زۆر بەروونی لە کامپەکانی ئاوارەبووان لە تورکیا روودەدات، هەمووان بەژن و منداڵانیشەوە روبەڕووی چارەنوسێکی نادیار دەبنەوە”.

ئەم ژنە چاڵاکوانە ئێزیدییە لەسەردانێکیدا بۆ ئەڵمانیا بۆی دەرکەوتووە کە بەشێوەیەکی نیمچە رۆژانە نزیکەی ٣٠ کەسی ئێزیدی بەڕێگای نایاسایی و مەترسیدار دەگەنە ئەڵمانیا، هەندێکیان بەپێ رۆیشتوون و بۆماوەی چەند رۆژێک لەناو دارستانەکاندا خەوتوون، یان بەبەلەمی بچوک خۆیان گەیاندۆتە ئەوێ، ئەو بەلەمانەی کە جارجار بەکۆمەڵێک پەنابەرەوە نغرۆی دەریا دەبن.

وتیشی “لەشاری گۆتینگێنی ئەڵمانیدا دوو گەنجی ئێزیدیم بینی، دەربارەی گەشتەکەیان دوان کە تێیدا دوای ئەوەی لەلایەن باندەکانی قاچاغچیەوە بازرگانیان پێوەکراوە، دەیان کیلۆمەتریان بەپێ بڕیوە، هەرچەندە ئەوان روبەڕووی مەرگ بوونەتەوە، بەڵام پێیانوابوو بۆئەوەی لەمەینەتییەکانی عێراق رزگاریان بێ، پێویستبوو ئەم سەرکێشییە ئەنجامبدەن”.

هەردوو گەنجەکە چاوەڕوانی گەیشتنی ٤٠ هاوڕێ و کەسوکاری دیکەی خۆیان دەکرد، ئەوانەی کە هاتوونەتە ناو تورکیا بۆ ئەوەی بەبێ ئاوڕدانەوە هەمان گەشت ئەنجامبدەن. شەمۆ ئەمە بە تراژیدیا ناودەبات و دەڵێت “خاک و ژیان و مێژووی خۆت بەجێبهێڵیت و بەرەو نادیار سەرهەڵگریت”.

بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئێزیدییەکان لە کوردستان، رایگەیاندووە دۆخەکە زۆر خراپەو پێشیوایە “زەنگی مەترسی لێیداوە” لەگەڵ ئەوەی چەندین حاڵەتی دیکە لەو ناوچانەشدا تۆمارکراون کە نەکەوتوونەتە ژێر دەستی رێکخراوی داعش، حاڵەتەکانیش بریتین لە “فرۆشتنی موڵک و ماڵ وەک ئامادەکارییەک بۆ جێهێشتنی وڵات”، هۆشداریشیدا لەدەرەنجامەکانی کۆچکردنی رۆژانە، کە بووەتە دیاردەو رێژەکەی لەبەرزبوونەوە دایە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی هەندێک وڵاتی ئەوروپی ئامادەیی خۆیان نیشاندا ئاسانکاری بکەن لەوەرگرتنی پەنابەران”.

خەیری بۆزانی لێپرسراوی کاروباری ئێزیدییەکان لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وایدەبینێ “رەشبینی باڵی کێشاوە بەسەر لاوانی ئێزیدیدا، بەدەست بەداڕمانەوە دەناڵێنن، دوای ئەوەی بووە بەئاوارەیەکی داماڵراو لەقەوارەو ژیانێکی رێزلێگیراو، ئەوان هێشتا لەژێر کاریگەری ئەوەدان کە پێیانوایە خیانەت و لێدان بووە لەدواوە لەلایەن هەندێک لەدانیشتوانی گوندە عەرەبنشینەکانەوە، هەروەها متمانەیان بەئەگەرەکانی بەیەکەوەژیان نەماوە کە بۆماوەی چەندین ساڵ بەر لەداگیرکارییەکەی داعش سیماو رواڵەتی پێکهاتەکان بووە”.

بۆزانی پێشیوایە بارودۆخی ئاوارە ئێزیدییەکان لەهەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی رێژەیی باشترە لەوانەی کە لەکامپەکانی تورکیادا نیشتەجێ بوون، “بارودۆخی مرۆیی لەوێ لەوپەڕی خراپیدایە، ئەمەش وادەکات ئاوارەبووەکان بەتایبەت گەنجان بەهەر شێوەیەک بێ بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەون، تەنانەت ئەگەر روبەڕووی مەرگیش ببنەوە، بەمەش دەبن بەقوربانی مافیاکانی بەقاچاغبردن، هەندێکیان پارەیەکی زۆر لەدەستدەدەن، هەندێکیشیان لەدەریا یان لەڕێگای وشکانیدا گیانیان لەدەستدەدەن، لەمبارەیەوە تائێستا چەندین حاڵەتی مردن و ون بوون تۆمارکراون”.

کەوتنە داوی قاچاغچییەکان

مەحمود ماردین پسپۆڕی کاروباری ئایینە خۆرهەڵاتییە کۆنەکان و کەمینەکان ئاشکرای دەکات کە “رێژەی کۆچکردنی گەنجانی ئێزیدی بۆ تورکیاو یۆنان لەڕیگەی دەریا و لەوێشەوە بەرەو ئیتالیا بەرزبۆتەوە، ئەمەش لەلایەن تۆڕەکانی قاچاغچێتیکردن بەمرۆڤەوە ئەنجامدەدرێت، کە زۆربەی جار جۆرە بەلەمێک بەکاردەهێنن بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە بۆئەوەی لەدەریادا کاری پێبکرێت و بەردەوام مەترسی نقومبوونی هەیە، بەمەش خەونی کۆچکردن کۆتایدێت و دەڕواتە ناو تاریکاییەکانی دەریاو جەستەی پەنابەران دەبێتە خۆراکی ماسییەکان”.

ماردین کە لەنزیکەوە چاودێری شەپۆلە نوێیەکانی کۆچی گەنجانی کوردستان دەکات، ئاماژەشدەدات بەوەی “هەندێک لە مافیاکان رێگەی وشکانی بەکاردەهێنن، ئەم رێگایانەش مەترسییەکەیان هیچی کەمتر نییە لەگەشتە دەریاییەکان، تێیدا کۆچبەر دەبێتە نێچیرو لەلایەن قاچاغچییەکانەوە خراپ بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ بوونی هەر هەڕەشەیەکدا بەجێیاندەهێڵن و دواتریش یان دەستگیردەکرێن یاخود لەدۆخێکی شاراوەدا ون دەکرێن، یا دەمرن”.

ماردین باسی بژاردەی سێیەمی کۆچکردن دەکات و دەڵێت” زۆر کەس ڤیزای شنگنی ئەوروپی دەکڕێت، بەنرخێک لەنێوان ٩ هەزار تا ١٢ هەزار دۆلار، قاچاغچییەکان نرخەکە زیاتر دەکەن، بەتایبەت ئەگەر بزانن کۆچبەرەکە  گەیشتۆتە قۆناغێک ناتوانێ پەشیمان بێتەوە”.

رەخنەشی لەدەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا گرت، کە بایەخیان نەداوە بەکۆچی ئێزیدییەکان و پێکهاتە بچوکەکانی وەک مەسیحییەکان و، وتی “بوونی ئەم پێکهاتانە لەسەر خاکە مێژووییەکەی خۆیاندا بەکردار لەژێر هەڕەشەدایە، بەوەی کۆچکردنەکە بەردەوامەو هەمووان تەماشاکارن”، هەروەها وتی “نزیکەی سێ هەزار پەنابەر کە دابەشکرابوون بەسەر کامپەکانی پەنابەران لە باشوری خۆرهەڵاتی تورکیادا، دوای چەند هەفتەیەک لەئاوارەبوونیان بۆرزگاربوون لەخراپی بارودۆخی ژیانیان هەوڵیاندا بەکۆمەڵ بەئاراستەی بولگاریا هەنگاوبنێن، لەرێگادا دووچاری لێدان و سوکایەتیکردن بوونەوەو بۆماوەی دوو رۆژ بەبرسێتی مانەوەو، دواتر سەرلەنوێ بەزۆر بۆ کامپەکانیان گەڕێنرانەوە”.

خدر خەڵات چاڵاکوان و رۆژنامەنوسی ئێزیدی یەکێک لەهۆکارەکانی کۆچی ئێزیدییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ دواکەوتنی پرۆسەی ئازادکردنی ناوچەکانیان و دەڵێت “دوای ساڵێک ژیان لەژێر رەشماڵەکان بەبێ بوونی هیچ ئاسۆیەکی دەربازبوون، لەکاتێکدا هەندێک لەهێزە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنن شەڕی داعش بۆماوەی دە ساڵ بەردەوام دەبێت، وایکردووە زۆربەی لاوان بەهەر ئامرازێک بێت بەدوای کۆچکردن بەرەو ئەوروپادا بگەڕێن”.

خەڵات لەگەڵ ماردیندا هاوڕایە، پەنابەران ” بەخراپترین شێوە لەلایەن قاچاغچییەکانەوە بەکاردەهێنرێن”. هێماشی بۆئەوەکرد کە “تێچووی گەشت بۆ هەر کەسێک نزیکەی ١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکییە بەشێوەیەکی مامناوەندی، ئەم بڕەش بەپێی ئاسانی و سەختی گەشتەکە دەستنیشاندەکرێت”.

جێی ئاماژەیە تۆڕەکانی قاچاغچی و مافیاکان لەڕێگەی سنوری باکورو خۆرئاوای تورکیا، یان لەڕێگەی دەریاوە کۆچبەران دەگوازنەوە.

سەعدون موجدەل یەکێکە لەو ئێزیدییانەی لەتورکیا لە کامپی نوسەیبین بووەو دەڵێت “هەندێک لەئاوارەبووەکان رێگای دەریایان هەڵبژاردووە، لەبەر هەرزانی نرخەکەو هەروەها لەبەرئەوەی رێگەی وشکانی و دزەکردن لەسنورەکانی بولگاریا بەرەو سربیاش بێ مەترسی نین، مەترسی روبەڕوبوونەوی ئاژەڵی دڕندە لەدارستانەکاندا یان مەترسی مردن لەبەر سەرماو سۆڵ، هەندێکیش لەلایەن پاسەوانی سنوری بولگارییەوە دووچاری لێدان و کوتان بوون، بێجگە لەوەی لەلایەن سەگی پۆلیسییەوە ترسێنراون”.

مردن لەرێگای وشکانی یان لە دەریا

لاوێکی ئێزیدی بەناوی مەردان شنگالی، لە کۆمەڵگای زۆراڤای سەر بە قەزای شنگال، دەربارەی لەدەستدانی برایەکی خۆی لەرێگای بولگاریا، دەدوێت و دەڵێت “ئەو سوور بوو لەسەر کۆچکردن بۆ ئەوروپا، هەرچەندە بارودۆخی داراییمان باش نەبوو، خانەوادەکەشمان پشتگیریان کرد بۆ ئەوەی گەشتەکەی ئەنجامبدات تا لەوێوە بتوانێت هاوکاریمان بکات و پەیوەندی پێوەبکەین، هەرچۆنێک بێ توانیمان دوای چەند مانگێک شەش هەزار دۆلاری بۆ کۆبکەینەوە، بەڵام ئەو هەرگیز نەگەیشت، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەودا پچڕاو دوای چەند رۆژێک هەندێک لەناسیاوەکانمان تەرمەکەیان دۆزییەوەو شوێنەواری لێدان و برین بەسەرو سکییەوە دیاربوو”.

دلێر محەمەد شوفێرێکە بەئۆتۆمبێڵەکەی خۆی ژمارەیەکی زۆری ئەو ئێزیدییانەی گواستۆتەوە کە بەرەو تورکیا گەشتیان کردووەو پێیوایە چارەنوسی خەڵکی دیکە باشتربوو، بەوەی کە تەنها لەلایەن دزەکانەوە رێگرییان لێکراوەو پارەو پولیان لێسەنراوە، دەڵێت “لەم رێگایانەدا کە پڕن لەو مافیایانەی بەهەموو شێوەیەک بازرگانی بەمرۆڤەوە دەکەن، پێویستە پێشبینی هەموو شتێک بکەیت”.

کەمال سەعدۆی خەڵکی شاری سنگال جەختدەکاتە سەر ئەم وێنە ترسناکەو دەڵێت “دوای هەفتەیەک چاوەڕوانی، قاچاغچییەکە پێێوتین پێویستە زیاتر پەلە بکەین، کاتێکیش گەیشتینە سنوور، پاسەوانانی سنوری بولگاری هەبوون، بۆماوەی دوو رۆژ لەدارستانێکدا چاوەڕێمان کرد، قاچاغچییەکە لەپڕ خۆی ونکردو پاسەوانەکانیش ئێمەیان دۆزییەوەو هیچ رێگەیەکیشمان نەبوو لەم دارستانەدا بڕۆینەدەرەوە، پاشان سەگە پۆلیسییەکان هێرشیان کردە سەرمان و بەم هۆیەشەوە قاچێکم شکاو دواتر ناچارکراین بگەڕێینەوە، هەرچەندە نەمدەتوانی بڕۆم بەڵام پۆلیسی تورکیا رزگاریکردم”.

گەنجێکی دیکە لەکۆمەڵگای خانسۆری سەر بەقەزای شنگال وردەکاری رزگاربوون لەمردنی گێڕایەوە لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ یۆنان، و وتی”لەتورکیاوە بەهۆی بەلەمێکی بچووکەوە بەئاراستەی یۆنان بەڕێکەوتین، بەلەمەکە ٩٠ کەسی هەڵگرتبوو، دوای چەند خولەکێک لەبەڕێکەوتنیدا نقوم بوو، خۆشبەختانە سوپای تورکیا رزگاریکردین، بەڵام دەیان کەسی دیکە هەبوون بەخت یاوەریان نەبوو”.

یەکێک لەو قاجاغچییانەی کە توانیبووی لەگەشتێکدا بەماوەی دوو هەفتە بەسەرکەوتووی حەوت ئێزیدی بگەیەنێتە ئەڵمانیا، وتی “بڕی ٧ تا ١٠ هەزار دۆلار لەهەر کەسێکیان وەردەگرین، بەپێی هێڵ و رێگا قاچاغەکان…داواکاری زۆرەو ئەو قاچاغچیانەیشی کە لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بێ کار مابوونەوە، ئێستا لە لوتکەی گەشەی بازرگانیەکەیاندان”.

دڵنیاییدان و دروشمەکان

چاڵاکوان سەردار عەلی کە چاودێری کۆچی کەمینەکان دەکات بەرەو شوێنی نادیار و دەڵێت “ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە رادەگەیەنرێت، دروشمەکانی بەیەکەوە ژیان و گوتارەکانی دڵنیاییدان و قسەکردن دەربارەی یەکسانی و هاوڵاتیبوون و ژیانی هاوبەش، کۆچکردن ناوەستێنن”.

وتیشی “ئێزیدییەکان وەک کەمینەکانی دیکە بێئومێد بوون، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کارەساتەکەیاندا واهەستدەکەن لەبیرکراون، ئەوان خاکی خۆیان و سەرجەم ئەوەی کە لەماوەی چەند دەیەیەکدا کۆیانکردبووەوە لەدەستیاندا، هەروەها زۆربەی خۆشەویستەکانیان لەدەستدا”.

عەلی نیگەرانی کۆمەڵگای ئێزیدی ئاشکرادەکات لەوەی موسڵمانان وەک هاوڵاتی پلە دوو سەیریان دەکەن “کەسانێک هەن دەڵێن نابێ لەرووی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ ئێزیدییەکاندا تێکەڵاوبن و نابێ سەردانیان بکەن و خواردنی دەستی ئەوان بخۆن!، دەتوانی لەمبارەیەوە گوێت لە فتوای پیاوانی ئایینی بێت، دەتوانی بۆت ئاشکرابێت کە ئێزیدییەکان لێرە ناتوانن لەزۆربەی کەرتەکاندا کاربکەن، تەنها دەتوانن لەکەرتەکانی خزمەتگوزارییدا کاربکەن… هەموو ئێزیدییەک هەست بەم جیاکارییە کۆمەڵایەتییە دەکات”.

بەپێی بۆچونی عەلی “ئەم تێڕوانینە بەهەمان شێوە لەدەسەڵاتیشدا بەدیدەکرێت، پێیوایە “کاتێک ئێزیدییەکان حزبێک دادەمەزرێنن، سەبارەت بەئامانجەکانیان روبەڕووی چەندین گومان دەبنەوەو چەندین بەربەستی سیاسی و ئەمنییان دێتە بەردەم…قسەکردنیش لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بەئێزیدییەکان بۆپاراستنی ناوچەکانیان لەدوای ئازادکردنیاندا وەک تاوانێک سەیردەکرێت و وەک هەڕەشە بۆسەر یەکێتیی و ئاسایشی هەرێم دەبینرێت”.

پێشیوایە “دەستنیشانکردنی کەسایەتی ئێزیدی و مەسیحی، و تێکەڵاوکردنیان لەناو حزبە فەرمانڕەواکان و پێدانی چەند پۆستێکی بچووک، و قسەکردن لەسەر لەباوەشگرتنی کەمینەکان و تیمارکردنی برینەکانیان، بەتەنها رووکەشییەو گرێیە قورسەکە چارەسەر ناکات.. رەنگە سەقامگیری ئاسایش و باشتربوونی دۆخی ئابوریی، تێکڕاکانی کۆچکردن کەمبکاتەوەو کەسانێک هانبدات بمێننەوە، بەڵام تا ئەوکاتەی ئێزیدییەکان هەست بکەن هاوڵاتی پلە دوون، تا بەها کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان بەشێواوی بمێننەوە، نیگەرانی بەرامبەر بەئایندە لەناخ و زەینی ئێزیدییەکاندا دەمێنێتەوە”.

 

 

 

چارەنوسەکانی مەرگ و فەنابوون

ئەندامێکی پێشووی بنکەی (لالش)، ئەو بنکەیەی بەیەکێک لەدیارترین سەنتەرە رۆشنبیرییەکانی ئێزیدییەکانی کوردستان دادەنرێت، هۆشداریدەدات لە کۆتایهاتنی بوونی ئێزیدییەکان و وتی “دۆخەکە کارەساتئامێزە، هەمووان بیر لەکۆچکردن دەکەنەوە، هیچ رێگریی و بەربەستێک نییە، ئایندە نادیارە… دوای چەند ساڵێکی دیکە کەس لێرە نابینرێت، تەنها بەساڵاچووان نەبێت”.

ئەندامەکە لەترسی لۆمەی دەسەڵاتدا نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، وتیشی “گەنجان نائومێد بوون، باوەڕیان بەم خاکە نەماوە قەبوڵیان بکات و لەتایبەتمەندییەکانیان تێبگات، هەر کەسێک پێنج هەزار دۆلاری هەبێت بیر لەکۆچکردن دەکاتەوە، هەژارو دەوڵەمەندەکان وەکویەک بەیەکسانی.. ئەستەنبول و ئەدەرنەو چەندین شاری دیکەی تورکی بوون بەوێستگەی کۆچکردنی کۆتاییان”.

فەنابوونی ئێزیدییەکان لەسەر خاکی مێژوویی خۆیاندا، بەپێی لێدوانی رۆژنامەنوسێکی ئێزیدی کە خۆی ئامدەکردووە بۆ جێهێشتنی وڵات و کۆچکردن، بۆتە کارێکی حەتمی و وتی “بەڵێ بەردەوامبوونی کۆچی ئێزیدییەکان بەم تێکڕایانەی ئێستا، واتا کۆتاییهاتنی بوون و مانەوەی ئێزیدییەکان لەسەر ئەم خاکەدا، بەڵام ئایا هیچ بژاردەیەکی دیکەی ئالتەرناتیڤ هەیە؟.. ئێمە لەنێوان دوو بەرداشداین، لەلایەک داعش و توندڕەوانن لەلایەکی دیکەش کۆمەڵگاکە تایبەتمەندییەکانمان بەهەند وەرناگرێت”.

ئەم رۆژنامەنووسە چەند مانگێکە لەژوورێکی بچووکی باڵەخانەیەکی تەواونەکراوی شاری دهۆکدا دەژی، منداڵە ساواکەی لەباوەشکردبوو کە چەند هەفتەیەک دوای “داگیرکارییەکەی داعش” لەدایکبووە، دایکیشی لەتەنیشتی دانیشتبوو بەجلوبەرگی سپی ئێزیدییەکان، دەڵێت ” ئێمە لێرە لەتونێلی تاریکییدا دەژین، بێئەوەی تروسکاییەکی رووناکی بەدیبکەین، هەزاران کوژراومان هەیە بەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دابەشکراون، نزیکەی دوو هەزار کچیشمان چارەنووسیان نادیارەو جیهانیش بەدیارییەوە دانیشتووەو قسە لەسەر پلانەکانی شەڕێک دەکات بۆماوەی پێنج ساڵ درێژەی دەبێت، بۆیە تاکە بژاردەیەک ئایندەی رزگاربووانمان مسۆگەربکات، کۆچکردنە بەرەو دنیایەکی ئارام”.

ئەم بەدواداچوونە لەلایەن تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەهاوکاری لەگەڵ رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (I.M.S) بەرهەمهاتووە.

*پوختەی ئەم بەدواداچوونە رۆژی ٩ی ئابی ٢٠١٥ لە رۆژنامەی حەیات بڵاوکراوەتەوە.