Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

مەسیحییەکانی عێراق لەنێوان ئاگری مانەوە یان کۆچ بەرەو نادیاردا

225

دەشتی نەینەوا/ باسم فرەنسیس و سامان نوح

وەرگێڕانی: جەمال پیرە

پاش دوو هەزار ساڵ لە ژیانێکی هاوبەش و پەرستن و لاواندنەوە ئاینییەکان، ئێستا لەوێ نەماون، زەنگی کلێساکانیان لێنادرێت، دوای ئەوەی دەوڵەتی”خەلافەتی ئیسلامی” داگیریکردن و گۆڕینی بۆ کۆگای خۆراک و تەقەمەنی و خاچەکانی دابەزاند و هەرچی شتێکیان بەردەست کەوت لەکتێب و  گەنجینە مێژووییەکان سوتاندیان.

  مەسیحییەکانی وڵاتی نێوان دوو رووبار(میزۆپۆتامیا) دیمەنی هەڵکوتانە سەر شارو لادێکانیان لەیادە لەسەر دەستی چەکدارانی”دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام” لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، و تێیدا شەریعەتێکیان سەپاند باوەڕی بەیەکسانی مافەکان نییە، خەڵکی ئەو ناوچانەیان خستە بەردەم دوو ئەگەر کە رەگ و ریشەیان لەسەر ئەم خاکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، ئەوانیش یان دەبێ موسلمانبوونی خۆیان رابگەیەنن، یاخود سەرانە بدەن یا لەدوای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانیان، باربکەن و بڕۆن،

لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەمیرەکانی فەتوا شەرعییەکان خۆیان یەکلاکردەوەو لەدواوەشیاندا سەدان چەکدار هەبوون چاویان بڕیبووە خێروبێری شەرەکان، دەیان هەزار مەسیحی موسڵ و دەشتی نەینەواش لەوکاتەدا هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نەبوو بۆرزگاربوون، بێجگە لەپەنابردنە بەر شارەکانی هەرێمی کوردستان کە لێیانەوە نزیک بوون، بەمەش خاکی باب و باپیرانیان لەدوای خۆیاندا جێهێشت کە چەندین سەدەیە لەباوەشیدا بوون.

لەو رۆژەوە مەسیحییەکانی نەینەوا کە ژمارەیان بەنزیکەی ١٣٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، روبەڕووی بارودۆخێکی سەختی مرۆیی دەبنەوە، زۆربەیان لەکامپەکان و ئەو باڵەخانانەدا دەژین کە بەکەڵکی ژیان نایەن، هەروەها لەدۆخێکی خراپی ئابوری و بێکارییەکی گەورەدا دەژین.

ئەو یارمەتییانەی لەرێگەی کلێساو رێکخراوە مرۆییەکانەوە بۆیان دابینکراوە ، تەنها چارەسەری مرۆیین بۆ گرفتێکی گەورە کە رۆژ لەدوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوەو پەیوەستە بەچارەنوسی گەلێکەوە.

یوسف حەنا پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵییەو دەڵێت “لە شاری موسڵ بووین، هەرچەندە سەقامگیرییەکە نالەبار بوو، بەڵام رازی بووین، ئێستا ئەم بڕە هیوایەشمان لەدەستداو هەموو ئەوەی لەماوەی چەندین ساڵدا کۆمانکردبووەوە لەدەستماندا، لێرەش لەنێوان دوو بژاردەدا ماوین، یان دەبێ بمێنینەوە کە سادەترین مافمان نییە، یاخود دەبێ کۆچ بکەین، ئەمەش پارەیەکی زۆری پێویستەو زەحمەتە بتوانین کۆیبکەینەوە بەتایبەت لەدوای ئەوەی هەموو شتێکیان لێسەندین”.

حەنا پێشتر لە گەڕەکێکی میللی شاری موسڵی کۆندا نیشتەجێ بوو، کە زۆربەی کلێساکانی شارەکەی تێدا بووەو ژمارەیان ٢٩ کلێسایە، فرمێسکەکانی دەسڕییەوەو لەنێو ژوورێکی باڵەخانەیەکی تەواو نەکراوی شاری هەولێردا سەیری منداڵەکانی دەکردو وتی ” نازانین چارەنوسمان چی دەبێت، ئایندەمان ئاڵۆزە، ناکرێ وێنای گەشتێک بکەین کە هێشتان نازانرێت بۆ کوێیە، سەرجەم دەرگاکان بەڕووماندا داخراون”.

کۆچی بەردەوام

هاوکات ئەلیاسی هاوڕێی یوسم حەنا دەربارەی مەینەتییەکانی دەڵێت “ئەوکاتەی لە موسڵ دەرچووین، بەڵێنیان پێداین زوو بگەڕێینەوە، بەڵام چەندین مانگی تاڵمان بەسەربرد، هەندێکمان بەشی کڕینی داوو دەرمان پارەمان نەبوو، ئەوەتا زیاتر لەساڵێک تێپەڕیوەو هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ئایا کەس هەیە بتوانێ شێوەی ئەو ئایندەیەمان بۆ دەستنیشانبکات کە چاوەڕێمان دەکات؟ ئایا دەکرێ کەسێک بدۆزینەوە متمانەی پێبکەین؟”.

زۆربەی مەسیحییەکان کۆکن لەسەرئەوەی هەستکردن بە«نائومێدیی» لەبەرامبەر ئێستاو ئایندەدا، بەهۆی ئەو شکانەوەیەوەیە کە لەدەرەنجامی گرژی ئابوری و سیاسی و نەبوونی پەناگەیەک، دووچاری تۆڕو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە رۆڵەکانی سەر بەم ئایینە بیر لەکۆچکردن بکەنەوە.

پیاوانی ئایینی مەسیحی و رێکخراوەکان لەنیسانی ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژەیانداوە بەوەی رۆژانە نزیکەی ٥ تا ٧ خانەوادەی مەسیحی لەکوردستانەوە کۆچ دەکەن، لەوانەی کە لە موسڵ و ناوچەکانی دەشتی نەینەواوە هاتوون، پیاوانی ئایینی لەرێگەی زمانی ژمارەکانەوە هۆشداریدەدەن لەبەردەوامبوونی کۆچ بەم تێکڕا خێرایانە، پێیانوایە بوون و مانەوەی مەسیحییەکان لەعێراق بەکردار لەبەردەم هەڕەشەدایە، لەئێستایشدا ژمارەیان لە ٥٠٠ هەزار کەمترە، لەکاتێکدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە یەک ملیۆن و نیو زیاتر بوو.

میخائیل مەقدەسی مەترانی ئەبرەشی ئەلقۆش ئاشکرایدەکات کە “پلانێکی دەرەکی هەیە مەسیحییەکان هاندەدات بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن”. هۆشداریشدا لەوەی بەردەوامی شەپۆلەکانی کۆچ زیانێکی گەورەی بەبوونی مەسیحییەکان گەیاندووە”لەگەڵ ئەوەی زۆرینەیان لەگەڵ مانەوەدان بەتایبەت لەدەشتی نەینەوادا”. هەروەها وتی “بەهیچ شێوەیەک کەس هان نادەین کۆچ بکات… هەروەک ناشتوانین رێگا لەکەس بگرین”.

مەترسی زیاتر

مەسیحییەکانی کوردستان لەگەڵ نیگەرانی هاوئاینە ئاوارەبووەکانیاندان بەرامبەر بەئایندە، نیگەرانییەکەش پەیوەندارە بەبەردەوامی هەڕەشەکانی «داعش» بۆ سەر ناوچەکانیان کە هاوسنوری هەرێمە، هەروەها پەیوەندییان بەزیادبوونی توندڕەوی ئایینی و بەرفراوانبوونی هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دوو شانەی توندڕەوانیان دەستگیرکرد کە زۆرینەی ئەندامەکانیان کورد بوون.

ئەندامانی یەکێک لەشانەکان دانیان نا بەوەی دەستیان هەبووە لەتەقاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێڵەی لەشارۆچکەی عەنکاوە نزیک کونسوڵگەریی ئەمریکیدا تەقییەوە،و راشیانگەیاند ئەوان لەژێر کاریگەری وتاری پیاوانی ئایینی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان بەریزەکانی «داعش»ەوە کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم چەند رێوشوێنێکیان گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی کتێبە ئایینییە سەلەفییەکان و گواستنەوەی قوتابخانە ئایینییەکان لەوەزارەتی ئەوقافەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە.

توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەسیحی هەمان نیگەرانیان هەیە، بەرامبەر بەسەختی هەڵکردن لەگەڵ دەوروبەرێکدا کە لەروبەڕوبوونەوەی توندڕەویدا زەحمەت دەبینێت، لەسایەی نەبوونی یاسا و ماددەی دەستوری کە توانای گەرەنتیکردنی مافەکانی کەمینەکانیان هەبێت و لەسەر هەردوو ئاستی عێراقی و کوردستانیدا بخرێنە خانەی «یەکسانی»یەوە.

هێزە سیاسییە مەسیحییەکانی کوردستان بۆ رەواندنەوەی ئەم مەترسییانە هەوڵدەدەن لەرەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستاندا گەرەنتی بۆ مافەکانی مەسیحییەکان هەبێت، ئەو رەشنوسەی کە لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە بڕیاری هەموارکردنی بۆ دەرکراوە، لەمبارەیەوەش بەرپرسانی مەسیحی پێیانوایە رەشنوسی پێشوو «لەبەرژەوەندی زۆرینەی کوردییەوە داڕێژراوە».

دەستورێکی مەدەنی

هێزە مەسیحییەکان هیواخوازن لەگەڵ مەینەتی مەسیحییەکاندا «هاوسۆزی نێودەوڵەتیی» تەوزیف بکەن، بۆ ئەوەی گەرەنتی مافەکانی ئەم پێکهاتەیە بکات و سنورێک بۆ لێکەوتەکانی کۆچکردنی بەردەوامی مەسیحییەکان دابنێت، کە بەپێی چاڵاکوانە مەسیحییەکان ئەم دۆخەی کۆچکردنە بەدرێژایی مێژووی بوونی مەسیحییەکان لەمیزۆپۆتامیادا وێنەی نەبووە.

لەکۆی ئەو ٢١ ئەندامەی لیژنەی هەموارکردنەوەی رەشنوسی دەستور کە مانگی نیسانی رابردوو لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە پێکهاتووە، تەنها یەک ئەندام بەر کەمینەی مەسیحییەکان کەوتووە، لەکاتێکدا دەبوو هەموارکردنەکان و کاری لیژنەکە بەپێی «سازان»ی نێوان هێزە سیاسییەکان بووایە.

لەمبارەیەوە سرود مەقدسی سەرۆکی فراکسیۆنی «رۆڵەکانی نەهرێن»لەپەڕلەمانی کوردستان، رەخنەی لە رەشنوسی دەستوری هەرێم گرت، کە پێش ساڵی ٢٠٠٩ ئامادەکراوەو تێیدا مافی کەمینەکان وەکو پێویست نییەو پێیوایە رەشنوسەکە زیاتر لەدیدگایەکی تەواو کوردییەوە داڕێژراوە، نەک کوردستانی، بەو پێیەی هەرێم زیاتر لەپێکهاتەیەکی ئیتنی و نەتەوەیی و ئایینی لەخۆوەدەگرێت.

وتیشی “لەدیباجەی دەستورەکەدا باس لەو ستەمە کراوە کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بەڵام ئاماژە نەدراوە بەو زوڵم و ستەمەی کە لە کلدان و سریان و ئاشورییەکان کراوە، بەتایبەت کوشتارگەکانی سمێل و صۆریا کە لەسەرەتاکانی سەدەی رابردوودا ئەنجامدراون”.

هێماشی بۆ ئەوەکرد کە “پێویستە ئاڵا و سرود گوزارشت لەسەرجەم پێکهاتەکان بکات و تەنها هێما نەبێ بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو، بەوپێیەی پەیوەستن بەپرسی ناسنامەو پلەی هاوڵاتیبوونەوە، سرودەکەی ئێستا دەڵێت (ئێمە رۆڵەی میدیاو کەیخوسرەوین)، ئەی کامانەن دۆخ و پێگەی نەوەکانی بابلی و ئاشورییەکان؟”.

ناوبراو تیشکی خستە سەر ماددەی ٣٥ی رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بەمافەکانی پێکهاتەکان،و وتی “ماددەکە بەتەواوەتی پەککەوتووە، بەوەی کە بەراشکاوی باس لەمافە ئیداریی و سیاسییەکانی کلدان و سریان و ئاشورییەکان دەکات تا دەگاتە ئۆتۆنۆمیش لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوان پێکدەهێنن، ئەمەش بەشێوەیەک داڕێژراوە کە روونادات، چونکە ئەم زۆرینەیە لەئارادانییە، بۆیە ناوەرۆکی ئەم ماددەیە مەرجێکی قورسەو بەدینایەت، پێویستە بەشێوەیەک هەمواربکرێتەوە بتوانرێت جێبەجێبکرێت”.

مەقدسی داوا دەکات ئەنجومەنی باڵای کاروباری پێکهاتەکان دابمەزرێت، بۆئەوەی هاوکار بێت لەجێبەجێکردنی بەندو ماددەکانی تایبەت بە مافەکانی کەمینەکان جا لەدەستوردا بێت یان لەو یاسایانەی کاریان پیدەکرێت، هەروەها بۆ هەموارکردنەوەی ماددەکانی باری کەسێتی لەپێناو لابردنی ئەو نادادپەروەرییەی کە تێیدا بەدیدەکرێت، هەروەها جەختبکرێتە سەر دانانی دەستورێک بەپیی پرەنسیپە مەدەنی و عەلمانییەکان، «بۆ ئەوەی بەچاوێکی یەکسان سەیری هەمووان بکرێت».

بڕواشیوایە دەکرێ زۆرینەی ئەم داواکارییانە بێنەدی، بەسود وەرگرتن لەبۆچونەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تێڕوانینەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کە دەیەوێ لەبواری دیموکراسی و مافەکانی پێکهاتەکاندا ببێت بە”ئەزمونێکی دەگمەن” لەناوچەکەدا.

بەڵام زۆربەی مەسیحییەکان وەک سەرۆکی فراکسیۆنی “رۆڵەکانی نەهرێن” گەشبین نین، لەمبارەیەوە فادی گۆرگیس دەڵێت “پارتە مەسیحییەکان پڕۆژەیەکی روونیان نییە بۆگەرەنتیکردنی مافەکانی پێکهاتەی مەسیحی، هەروەها داواکاری دیاریکراویان نییە، هاوکات ناکۆکی قووڵ لەتێڕوانین و بۆچونەکانیاندا هەیە، لەلایەکی تریشەوە رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستانیش زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، هەلیش لەبەردەمدا نییە ئێمە وەک کوردی موسڵمان یەکسان بین، هەروەک دەرفەتیش نابێت ناوچەی تایبەت سەر بەئیدارەی مەسیحییەکان پێکبێت، چونکە زۆربەی سیاسەتکارە کوردەکان بەهەموو شێوەیەک ئەم بیرۆکەیە رەتدەکەنەوە”.

لەگەڵ ئەوەی چاودێران و چاڵاکوانە مەسیحییەکان پێیانوایە نابێ هۆکارەکانی کۆچی مەسیحییەکان و چارەنوسی بوونیان بەتەنها ببەسترێتەوە بەیاساکانەوە، بەڵام هاوکات جەختدەکەنە سەر هەموارکردنی رەشنوسەکەی دەستور، بەشێوەیەک تێیدا دامەزراندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی مەسیحییەکان مسۆگەربکرێت، هەروەها رێککەوتن بکرێت لەسەر دەستنیشانکردنی سرود و ئاڵا بەشێوەیەک کە گوزارشت لەسەرجەم پێکهاتەکان بکات.

پارێزەری مەسیحی سەرگۆن یەعقوب داواکاری دیکە دەخاتەڕوو، وەک زیادکردنی بڕگەو ماددەی نوێ بۆ رەشنوسی دەستورەکە، بەشێوەیەک لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی چەند ساڵی رابردوودا بگونجێن، ئەوانیش پەیوەندارن بەهەندێک یاسای مەدەنی و باری کەسێتییەوە، هۆشداریشیدا لەوەی کە “بەبێ ئەم کارە ناتوانرێت مەسیحییەکان لەئایندەی بوون و مانەوەیان دڵنیابن”.

ناکۆکییەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرە ئەمنییەکان

گرفتی مەسیحییەکان بەتەنها بریتی نییە لەهەڕەشەکانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، یان هەر تەنها نەگونجانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی مافەکان نییە کە دەکرێ لەهەرێمی کوردستاندا بۆیان جێبەجێ بکرێت، بەڵکو ناکۆکییەکانی نێوان خودی هێزە سیاسییە مەسیحییەکانیش گرفتن دەربارەی سروشتی «چارەسەری سیاسی و شێوازی ئیداریی» کە رۆڵی دەبێت لە رزگارکردنی بوونی ئەم پێکهاتەیەو بەردەوامبوونیان لەعێراقدا.

ئەم ناکۆکییانە بەمدواییانە دەرکەوتن، لەگەڵ هاتنەئارای بابەتی پێکهێنانی هێزی سەربازیی تایبەت بەمەسیحییەکان، بۆئەوەی لەدوای رزگاربوون لەدەستی داعشدا ئەرکی پاراستنی ناوچەکانیان پێبسپێردرێت، هەندێک لەپارتە مەسیحییەکان بەجیا فەوجی سەربازییان لە خۆبەخشەکان پێکهێناوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کارانەبوونی هەنگاوەکە و پەرشوبڵاوی پێکهاتە سەربازییەکان، هەروەها یەکلانەبوونەوەی پەیوەندی پێکهاتە سەربازییەکان بە وەزارەتی پێشمەرگە یان وەزارەتی بەرگری عێراق یاخود بە حەشدی شەعبی.

لەمبارەیەوە رۆمیۆ هەکاری سکرتێری حزبی «بەیت نەهرێنی دیموکراتی» دەلێ”دەرکردنی مەسیحییەکان و ئاوارەبوونیان لەسەر دەستی داعش، وایکرد بیرۆکەیەکی نوێ بێتە ناو پرۆگرامی حزبە سیاسییە کلدۆ ئاشورییەکان، ئەویش بریتی بوو لەزەرورەتی بەشداری ئەمنی و سەربازیی بەتایبەت لەو ناوچانەی مەسیحییەکانی تێدا نیشتەجێن، ئێمەیش لەدوای کارەساتەکەدا یەکەم لایەن بووین ئەم بیرۆکەیەمان خستەبەردەم لایەنەکانی دیکە، بۆئەوەی هێزێکی هاوبەش پێکبهێنین، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووین، ئەمەش وایکرد بەهەوڵی خۆمان و بەشێوەیەکی یاسایی و بەهاوبەشی لەگەڵ حزبی یەکێتی بەیت نەهرێندا هێزێک پێکبهێنین”.

هێزی دیکەی مەسیحیش هەمان هەنگاویان گرتۆتەبەرو بەجیا هێزێ خۆیان پێکهێناوە، بەڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا یان لەگەڵ حکومەتی هەولێر، ئەمەش رەنگدانەوەی دابەشبوونی سیاسی مەسیحییەکانە، تەنانەت لەوەی کە پەیوەندیشی بەئاسایشی پێکهاتەکەیانەوە هەیە، بزوتنەوەی ئاشوری دیموکراتی کە حزبێکی سیاسی سەرەکی ئاشورییەکانە لەعیراقدا، لەمانگی دیسێمبەری ساڵی ٢٠١٤دا هێزێکی پێکهێنا بۆئەوەی لەپەلامارو هێرشەکانی رێکخراوی”داعش”دا بەرگری لە مەسیحییەکان بکات، و هاوکار بێ لەگەڕاندنەوەی ئەو خاکەی لەلایەن رێکخراوەکەوە داگیرکراوە، بەهەمان شێوە لەبەغداش هێزێکی دیکە پێکهێنرا بەناوی “بابلیەکان” کە بەشێکە لەپێکهاتەی ئەو هێزەی بەناوی حەشدی شەعبییەوە ناسراوە.

هەکاری نەیشاردەوە مەسیحییەکان هێزی جۆراوجۆریان هەیەو ناکۆکن، وتی “هێزی حزبە کلدۆ ئاشورییەکان لەیەکێتییەکەیاندایە، لەوەدایە داواکارییەکانیان لەیەک سەبەتەدا بێت، بێجگە لەوە هەر شتێکی دیکە بێت هەڵوێستیان لاواز دەکات، بەم شێوەیە دەتوانین کاریگەریمان زیاتر بێت و متمانەمان لای رۆڵەکانی پێکهاتەی مەسیحیدا پتەوتر بێت، بەپێچەوانەوە کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت”.

لەگەڵ ئەمەشدا رۆمیۆ هەکاری گەشبینی خۆی دەردەبڕێت “بەپشتبەستن بەو دیدارانەی بەمدواییانە لەنێوان هێزە مەسیییەکاندا بووە، بۆیەکخستنی هەڵوێست و هێزەکانیان”.

بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم هێزانە یەکیشبگرن کە کارێکە بەدووردەزانرێت، هێشتا لەسەر زەمینەکەدا بەلاوازی دەمێننەوە، تائەو ئاستەی دەبن بەهێزێکی سەربازی شکلی، هەروەک ئەفسەرێکی مەسیحی لەریزەکانی سوپای عێراقیدا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، دەڵێت “لەباشترین حاڵەتدا ئەم هێزانە لەجەند سەد سەربازێک پێکدێن، کە مەشق و پێداویستییەکانیان سنوردار دەبێت، بەمەش لەغیابی کاریگەری سیاسی مەسیحیدا، بەتەواوەتی دەکەونە ژێر ویست و ئیرادەو بەرژەوەندییەکانی هێزەەکانی دیکەی عێراقی”.

دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی مەسیحییەکان

مەسیحییەکان لەئەنجامی ئاژاوەی ئەمنی و سستی یاساوە روبەڕووی پێشێلکاری دیکە بوونەتەوە، لەنێویاندا دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاریان لەبەغدا لەلایەن خەڵکی ئاسایی و کەسانی بەرپرس لەدەوڵەت و گروپە چەکدارەکانەوە.

 لەمبارەیەوە پارت و دامەزراوە مەسیحییەکان ئاماژەدەدەن بەوەی ساڵانێکە بەردەوام سکاڵا دەکەن لەسەر دەستگرتن بەسەر زەوی و زاری هەندێک هاوڵاتی مەسیحی بەچەندین شێواز ئەنجامدەدرێن، هەندێکیان پەنایان بردۆتە بەر هێز بۆئەوەی ناچاربکرێن زەوی و زارو موڵکەکانیان بەنرخێکی هەرزان بفرۆشن، یان لەرێگەی ساختەکارییەوە ، یاخود لەرێگەی هێزەوە بێئەوەی خاوەن خانوو لەترسی روبەڕوبوونەوەی رفاندن و کوشتنەوە بتوانێ سکاڵا تۆمار بکات.

لەهەرێمی کوردستانیشدا مەسیحییەکان بەهۆی دەستگرتن بەسەر گوندەکانیانەوە سکاڵایان هەیە، لەمبارەیەوەش فراکسیۆنی کلدانی سریانی ئاشوری لە کوردستان جەختدەکاتە سەر پێشێلکاریی گەورە بۆسەر دێهات و زەوی و زارە کشتوکاڵییەکانی مەسیحییەکانی کوردستان.

وەحیدە یاقۆ سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت “بەهاوکاری هەندێک بەرپرس دەستگیراوە بەسەر زەوی و زارەکاندا، هەرچەندە خاوەن زەوییەکان بەڵگەنامەی یاساییان هەیەو دەیسەلمێنن کە خاوەنی راستەقینەن”.

ئەوەشی وت “مەسیحییەکان دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان ئەگەربێتو زەوییەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە”پێشیوایە ئەم سەرپێچی و تەجاوزاتانە “هۆکاری سەرەکی رۆیشتن و کۆچکردنی مەسیحییەکانە لەکوردستاندا”.

هیوا بەئایندە باشترە

عەمانۆیل خۆشابا سەرۆکی حزبی”نیشتیمان ئاشوری” دەڵێت “پارتە مەسیحییەکان زنجیرەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامداوە بۆتاووتوێکردنی چەند خاڵێکی گرنگی پەیوەست بەمافەکانی گەلی مەسیحی بەگشتی، بەوپێیەی کە خاوەن خاک و رەسەنایەتییە، لەوانەش شێوەی مانەوەیان و زەرورەتی ئاماژەدان بەوەی کە گەلێکە لە دیباجەی دەستووردا بوون و مافەکانی خۆی هەیە، بۆزانین ناوی تێکڕای پێکهاتەکان لەرەشنووسی پێشوودا ئاماژەی پێدراوە”.

هێماشی بۆئەوەکرد کە “بابەتەکەە دوو ئاراستەی هەیە، یەکەم بەوەی کە هاوڵاتین و تایبەتمەندیمان هەیە، دووهەمیش بەشێوەیەکی گشتی پەیوەستە بەرەهەندی نیشتیمانی و گرنگی بەرجەستەکردنی مەدەنیەتە لەپێناو هێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی عەلمانی، هەروەک پرسی ناونانیش بەخاڵێکی گرنگ دادەنرێت”.

وتیشی” ئێمە ئەمڕۆ خەریکی پێکهێنانی هێزێکین بۆ پاراستنی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، بۆئەوەی ببن بەناوچەی پارێزراو، بەڵام ئەمەش دەمێنێتەوە سەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی کە تایبەتە بەناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێر، هەروەها پەیوەندی هەیە بەدوا هەڵوێستی نێوان هەردوولا لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکە”.

بەڵام لێدوانی سەرکردە مەسیحییەکان، و کۆبونەوەکانیان دەربارەی هەوڵەکانی یەکخستنی گوتار و دیدگاکانیان سەبارەت بەماف و داواکارییە دەستووریی و سیاسیی و ئیدارییەکانیان، لەسایەی ژینگەی نالەباری سیاسی و ئەمنیی و ململانێکان لەسەر چەندین ئاستی جیاجیای ئایینی و حزبیدا، لەنێوەندە میللییەکانی مەسیحییەکاندا دەنگدانەوەیان نییە”.

هەمووان بیرۆکەی پارێزگایان رەتکردەوە

داواکارییە زۆروزەبەندەکانی هێزە مەسیحییەکان لەماوەی دە ساڵدا بۆ ئاواکردنی پارێزگایەک لەلایەن مەسیحییەکانەوە بەڕێوەببردرێت لەچوارچێوەی عێراقی فیدرالدا، لەلایەن هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێرەوە پشتگیری نەکران، تا گەیشتە ئەوەی سەربازانی ئەبوبەکر بەغدادی دەشتی مەسیحییەکانی داگیرکردو زیاتر لە ١٢٠ هەزار مەسیحییان ناچارکرد بەرەو شوێنێکی دوور لەم دەشتە کۆچ بکەن.

شیمۆئیل سلێوە دەڵێت “هێزە مەسیحییەکان تەنانەت ئەگەر لە گوتارو داواکارییەکانیشیاندا یەکگرتووبن، لاوازن و هیچ بڕیارێکیان لەدەستدا نییە، ئەوان بەشێوەیەکی گشتی لەهەوڵی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی مەسیحییەکاندا شکستیان هێنا، سەرکەوتوو نەبوون لەگەرەنتیکردنی مافەکانی مەسیحییەکان بەشداریکردن لەئیدارەی لۆکاڵی و پێکهاتە ئەمنییەکانی تایبەت بەخۆیان لەناوچەکانیاندا”.

هەروەها وتی “کێ ئەمڕۆ بایەخ بەئازادکردنی دەشتی نەینەوا دەدات، و پرسیار دەکات کەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی ئەم ناوچانە دەستپێدەکەن؟ بەتایبەت کە داعش لەشارۆچکە مەسیحی نشینەکاندا ژمارەیەکی کەمی چەکداری داناوەو زۆر لەوانەی سەروکاریان لەگەڵ کاری سەربازییدا هەیە دەڵێن دەکرێ بەچەند کاتژمێرێک ئازادبکرێن نەک چەند رۆژێک”.

سلێوە لەکۆتایشدا دەڵیت “هەمیشە پرس و بابەتەکانی ئێمە پەراوێزخراون… هیچ کەسێک گرنگی نادات بەدەیان هەزار ئاوارە، ئەوانەی کە ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، تەنانەت لەگەڵ ئازادکردنیشدا کێ گەرەنتی ئەوە دەکات داعش سەرلەنوێ هێرشیان ناکاتەوە سەر، تائەوکاتەی شەڕی داعش بەردەوام دەبێت، ئەو شەڕەی کە بەپێی بۆچوونی ئەمریکییەکان پێنج یان دە ساڵی دیکەی داهاتوو درێژە دەکێشێت”.

توێژەرەکانی تایبەت بەبواری مەسیحییەکان و قەشەو پیاوانی ئایینیی ساڵانێکە زەنگی مەترسییان لێداوە دەربارەی بوون و مانەوەی مەسیحییەکان لەعێراقدا بەوەی کە بەهۆی بەردەوامی کۆچکردن وئەو گۆڕانە دیمۆگرافیایەی لە ناوچەکانیاندا هەیە، لەدوا وێستگەکانی خۆیدایە.

لەمبارەیەوە سەعد سەلوم دەڵێت “لە یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار مەسیحی بەر لەساڵی ٢٠٠٣دا تەنها  250-300 هەزاریان لەعێراقدا ماون، ئەم ژمارەیەش بەهۆی کۆچکردنی رۆژانەوە لەژێر هەڕەشەی توانەوەدایە”.

هاوکات توێژەرو چاڵاکوانە مەسیحییەکان لەگفتوگۆکانیاندا لەگەڵ ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونەدا مەزەندە دەکەن ئەگەربێتوو کۆچی مەسیحییەکان بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ، ئەوا لەماوەی کەمتر لەحەوت ساڵی داهاتوودا تەواوی ناوچەکانی عێراق مەسیحییان تێدا نامێنێت.

لەبەردەم ئەم دوودڵییەی مەسیحییەکان بەرامبەر بە ئایندە و لەنێو مەترسییە ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا، هێشتا کۆچکردن تاکە بژاردەیە بۆ هەزاران هاوڵاتی مەسیحیی، لەمبارەیەوە بەهجەت سەمیر دەڵێت “بابەتەکە پەیوەندار نییە بەگوتاری ئایینی سۆزداریی و بەدیدگا سیاسییە جیاوازەکان، هەروەها پەیوەندی نییە بەو مافانەی کە دەکرێ لەدەستووردا بەدی بکرێن، بەهەمان شێوە پەیوەندی نییە بەدۆخی ئاسایش کە دەشێ لەداهاتوودا چارەسەربکرێت، بەڵکو پەیوەندی هەیە بەجیاکاری بەردەوام و یەکسانیی لاوازو ئەو بەیەکەوەژیانەی کە رۆژ لەدوای رۆژ مەوداکانی بەرتەسک دەبنەوە”.

ئەم بەدواداچوونە لەلایەن تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەهاوکاری لەگەڵ رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (I.M.S) بەرهەمهاتووە.

*پوختەی ئەم بەدواداچوونە رۆژی ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە رۆژنامەی حەیات بڵاوکراوەتەوە.