Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

“بەچکەشێرەکانی خەلافەت” مینی ئایندەیەکی نادیارن لەغیابی پلانی دوای ئازادکردندا

432

“بەچکەشێرەکانی خەلافەت” گەرای نەوەیەکی نوێی توندڕەوان

“داعش” لەبەندیخانە و خوێندنگاو مزگەوتەکاندا چەکداری کردوون .. و لەقوربانییەوە کردوونی بە بکوژ

بەدواداچون: محەمەد عەواد

وەرگێڕانی: جەمال پیرە

ئۆتۆمبێڵێکی سپی بەئاڵای “دەوڵەتی ئیسلامییەوە” هاتە ناو گەڕەکی مەطاحنی میللی خۆرئاوای شاری موسڵ، لەناوەڕاستی کۆڵانێکی قەرەباڵغدا وەستا، سێ لەسەرنشینە چەکدارەکانی دابەزین و بەئاراستەی ماڵی فەلاح عوبێد رۆشتن و لەدەرگایاندا.

“پیرۆزە یاشێخ” یەکێک لەچەکدارەکان کە ریشدارێکی زەبەلاح بوو بەخاوەن ماڵەکەی وت، هاوکات دەستی راستی لەسەر شانی دانابوو. “کوڕەکەت سەری تۆی بەرزکردۆتەوە.. بەوەی کە لەبەرەی پێشەوەدا شەهید کرا، ئینشاڵلا لای خوای گەورە شەفاعەتت بۆ دەکات “.

بێدەنگی باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشاو ئەو خەڵکەی دانیشتوانی کۆڵانەکە لەوێدا کۆببونەوە تەنها بەوە وەستان سەیری یەکتریان کرد، هاوکات باوکەکە بەرەو حەوشەی ماڵەکەی رۆیشت و پاش کەمێکی تر دایک و خوشک و براکان لەژوورەوە هاواریان لێ بەرزبووە.

بەم شێوەیە رێکخراوی”داعش” لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥دا هەواڵی مردنی سالم فەلاح عوبێدی راگەیاند، بەپێی لێدوانی عەبدوڵلا کە هاوسێیەکی سالم.

سالمی تەمەن ١٦ ساڵان لەخوێندندا قۆناغی سەرەتایی تەواو نەکردبوو، ئەو کوڕی پێنجەمی خێزانێک بوو کە ساڵی ٢٠٠٩ لەئەنجامی ئەو شەپۆلە وشکەساڵییەی روویکردبووە بەرهەمە کشتوکالییەکان لەقەزای شنگالەوە روویانکردتە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری موسڵ.

سالم پێش کۆنترۆلکرانی پارێزگای نەینەوا لەلایەن “داعش”ەوە، لە دوکانێکی بچوکی پیشەسازی کەلوپەلی پلاستیکیدا کاری دەکرد، کە هی یەکێک لەناسیاوەکانی باوکی بوو، خاوەن دوکانەکە، سالم وەک “کەسێکی خزمەتکارو تێگەیشتوو و بێدەنگ و شەرمن وەسفدەکرد” بەڵام بەر لەوەی سەری خۆی هەڵگرێت خەریک بوو هەلسوکەوت و روخساری دەگۆڕا.

خاوەن کارەکە دەڵێت “سالم لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤دا وازی لەکارەکەی هێنا و قژی درێژکردو جلوبەرگی ئەفغانی دەپۆشی، لەناو شارەکەدا پەیوەندیکرد بەهێزەکانی بەناو پۆلیسی ئیسلامییەوە، “وایلێهات جارجارە تەنها سڵاوی لە ئێمەدەکردو زیاتر نا”.

لەکاتی رێوڕەسمی پرسەی سالم لەگەڕەکەکەیاندا، وێنەی ئەو کوڕەو دوا قسەکانی دەربارەی”جیهاد و شەهیدبوون” لەزەینی خانەوادەو خزم و کەسوکارەکەیدا ئامادەگی هەبوو، ئەمەش تەنها شتێک بوون لەو بەجێمابوون، ئەگەرنا بەهۆی خۆتەقاندنەوەی لەناو ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبڕێژکراودا لەپاڵاوگەی بێجی سەر بەپارێزگای سەلاحەدیندا جەستەی پارچەپارچە ببوو.

یەکێک لەدراوسێکانی کە لەپرسەکەدا ئامادەبوو، دەڵێت سالم دوو هەفتە بەر لەکوژرانی شیرینی “سجوقی” دابەشکردووە، لەبەرئەوەی ناوی لەتیروپشکی خۆکوژەکاندا دەرچوو بوو، هەروەها وتی “ئێمە لەو بڕوایەدا بووین تەنها شانازییەکە دەیکات، بڕوامان نەدەکرد بەکردار کردەوەی خۆکوژی ئەنجام بدات”.

ئەم مێردمنداڵە یەکێکە لە هەزاران مێردمنداڵی دیکە کە رێکخراوی”دەوڵەتی ئیسلامی” لەدوای کۆنتڕۆلکردنی پارێزگای نەینەواو نەهێشتنی سنور لەگەڵ رۆژاوای سوریادا، وەک سوتەمەنییەک لەشەڕەکانیدا بەکاریان دەهێنێت.

رێکخراوی ناوبراو لەشەڕەکانی بێجی و تکریت و دەشتی نەینەواو دەوروبەری کەرکوکدا، هەروەها لە رومادی و شارۆچکەکانی سەر بەپارێزگای ئەنبارو بەمدواییانەش لە فەلوجە، سەدان خۆکوژی بەکارهێنا، بۆئەوەی دزەبکاتە ناو ریزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی میلیشیای حەشدی شەعبی، نەهێلێت بێنەپێشەوە.

لە بەچکەشێرەکانی فەرماندەوە بۆ بەچکەشێرەکانی خەلافەت

بەپێی بەرپرسانی نەینەوا ژمارەی رەگەزی نێرینەی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەپارێزگاکەدا دەگاتە نزیکەی ٧٥٠ هەزار کەس، لەنێویشیاندا پێشتر گروپە چەکدارییەکان وەک پێشینەیەک بۆ داگیرکردنی پارێزگاکە، دەیانیان چەکدارکردووەو بەشدارییان پێکراوە لەکردەوەکانی کوشتنی کەسایەتییەکانی ناوچەکەو فەرمانبەرانی حکومەت لەرێگەی دەمانچەی بێدەنگ و بۆمبی لکێنراوەوە. لەمبارەیەوە لیوا مەهدی صبیح ئەلغەڕاویی فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنەکان لەکاتی وەرگرتنی ئیفادەکەی لەبەردەم ئەو لیژنە پەرلەمانییەی تایبەت بەکەوتنی شاری موسڵ پێکهاتبوو، وتی”ئەوان لەش سوکی منداڵانیان دەقۆستەوە، بەوەی کە جێگەی تێڕامان و چاودێریکردن نەبوون”

هێشتا چەند رۆژێکی کەم بەسەر راگەیاندنی “دەوڵەتی خەلافە” تێپەڕی نەکردبوو، بیرلەوەکرایەوە ئەم مێردمنداڵانە لەچوارچێوەی رێکخراوی تایبەت بەخۆیاندا بخرێنە ریزەکانی هەموو ئەوانەی لەوڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپاو مەغریبی عەرەبییەوە هاتبوون، لە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراداو بەناونیشانی”پرەنسیپەکانی ئیدارەدانی دەوڵەتی ئیسلامی” کە لەسەرەتای داگیرکردنی شارەکەدا نوسراوە ئاماژەدەدرێت بەزەرورەتی لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەی لەدوای فەتحکردنەکەدا روودەدات.

نوسەری بەڵگەنامەکە کە خۆی بە ئەبو عەبدوڵلای میسری ناساندووە، باسی گرنگی “نیشتەجێکردنی کۆچەرە نوێکان و خانەوادەکانیان دەکات لەدەوڵەتی ئیسلامیدا”. هەروەها باس لەبونیادنانی سەربازگە دەکات رۆڵەکانی”موهاجیرەکان” و “ئەنسارەکان” لەخۆوەبگرێت، زمانی عەرەبیش تێیدا باڵادەست بێ.

بەمشێوەیە لەماوەی چەند هەفتەیەکدا پڕۆژەی”بەچکەشێرانی خەلافەت”لەدایکبوو، کە هەموو منداڵێکی نێر دەگرێتەوە بێئەوەی تەمەنێکی دیاریکراو هەبێت بۆبانگهێشتکردنیان، تەنانەت رێکخراوەکە لەهەڵمەتی کۆکردنەوەی جەماوەر لەدەوری پڕۆژەکەدا وێنەی منداڵێکی شیرەخۆری بڵاوکردبووەوە کە لەتەک ئاڵا رەشەکەدا دانراوەو چەکێکی جۆری رەشاش بەدەورییەوەیە.

ئەحمەد جبوری پێشتر مامۆستا بووە لە مزگەوتی”فەتحی ئەلعەلی” لەرۆژاوای موسڵ، دەڵێت “سەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤ سەربازگەکانی تایبەت بەمەشقی منداڵان کرانەوە، لەگەڵیشیدا پرۆسەی ناردنی کوڕەکان بۆبەری سوریا کەمیکردو تەنها جەختکرایە سەر چەند حاڵەتێکی تایبەت “لەهەمان مانگدا لەلایەن دیوانی دەعوەو مزگەوتەکانەوە رێنماییەکمان پێگەیشت لەکاتی خوتبەدان و پێشکەشکردنی وتارو وانەکاندا ناوی “بەچکەشێرانی خەلافەت” بگشتێنرێت.

لەرابردوودا زەحمەت بوو گروپە جیهادییەکانی عێراق وشەیەکی دیکەی هاوشێوەی “بەچکەشێران”بدۆزنەوە، تاکە گروپێک کە منداڵی چەکداری لەخۆگرتبوو ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەربوو، شانەکانی رێکخراوی قاعیدە بوو لە پارێزگای دیالە، ئەویش ناونرابوو “باڵندەکانی بەهەشت”، بەڵام دەشێ بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کاتێک رژێمی سەدام حوسێن قوتابیانی بردە ریزەکانی پێکهاتەی سەربازی بەناوی “سوپای فیداکارانی سەدام” و ناونران “بەچکەشێرانی سەدام”، جیاوازییەکەش لەنێوانیاندا ئەوەیە ئەرکی ئەوان لەو سەردەمەدا تەنها بۆ ریکلامی جەنگ بوو، تائێستاش هیچ سەرچاوەیەک ئاماژەی نەداوە بەوەی ئەوان بەکردار لەهیچ جەنگێکدا بەشداریان پێکرابێ.

وانەکانی تەکفیرکردنی گومانەکان

ئەحمەد جبوری ئاشکرایدەکات هەنگاوەکانی سەرەتای پڕۆژەی “بەچکەشێرەکانی خەلافەت” هەڵکوتانەسەر بنکەو سەنتەرە ئایینیەکان بوو، بۆئەمەش رێکخراوەکە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی سەدان وتارخوێن و پێشنوێژی دەستپێکردم بەتایبەت ئەوانەی لەحزبی ئیسلامییەوە نزیک بوون،(ئەو حزبەی کەبەشێکە لەبزوتنەوەی ئیخوانی موسلمین)، “ئەوان پێشتر وەزیفەو بازنەکانی خوێندنی ئاینی تایبەت بەمنداڵانیان کۆنتڕۆلکردبوو”.

جبوری لەرێگەی ڤایبەرەوە قسەی بۆئێمە دەکرد، و ئاماژەیدا بەمەترسی ئەم کارەو وتی “پارێزگای نەینەوا لەرووی ژمارەی مزگەوتەوە لەسەر ئاستی عێراقدا لەپلەی یەکەم دایە، بەوەی کە تێیدا ناوی ٢٢١٧ مزگەوت تۆمارکراوە’. ناوبراو دەپرسێت “کام وەزارەتی راگەیاندن یان پەروەردە دەتوانێ کاریگەری لە دوو هەزار مزگەوت زیاتر بێت؟”

ئەو کە بەدرێژایی هەشت ساڵ زانستی ئایینی خوێندووەو دواتر بووە بەمامۆستا، دوای ئەوەی ئەرکی راڤەکردنی کتێبی “نواقض الاسلام العشرة”ی محەمەد عەبدولوەهابی پێدراوە بۆ ٣٠ منداڵ، بڕیاریداوە لەماڵەوە بێت و واز لەوانەوتنەوە بهێنێت”، دەبارەی هۆکاری گۆشەنشینبوونی دەڵێت “میتۆدی خولەکانی ئێستا تەکفیرکردنی گومانەکانە، تەواوی موسولمانان تەکفیر دەکات”.

هەروەها وەک نموونە دەڵێت “لەکۆی ١٤٠ مێردمنداڵی بەشداربووی خولەکانی مزگەوتی فەتحی ئەلعەلی لەهاوینی رابردوودا ١٥ یان گوازراونەتەوە بۆ سەربازگەکانی مەشق و راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەک و بەیعەتیان بە”داعش” داوەو بوون بەچەکدار لەریزەکانی ئەم رێکخراوەدا”.

تەئکیدیش دەکاتەوە کە ئامانجەکە بەسەربازکردنی منداڵەکان نییە،، بەڵکو دروستکردنی “کۆمەڵگایەکی تەواو داعشییە”

هەروەها روونیدەکاتەوە کە ئەوان “منداڵان لەپرسەکانی شەڕو جێبەجێکردنی سنور بەکاردەهێنن و مووچەو غەنیمەکانیان بەسەردا دابەشدەکەن، تاوایلێدێت تەواوی خانەوادەکانی پەیوەندییان بەرێکخراوەکەوە هەیەو لەکارەکانیدا تێوەگلاون، سودەکانیان پێدەگات و شەڕو خوێن لەنێوانیاندا دابەشدەبێت”.

رێگای مزگەوت

لەبەشەکانی شاری موسڵدا ئاسانە تێبینی “کۆمەڵگای داعشی”بکرێت، بەتایبەت لەکاتی نوێژەکاندا، دەیان منداڵ هاوشانی باوکەکانیان بەجلی ئەفغانییەوە روو لەمزگەوت دەکەن، ئەوەی بیانبینێ لەیەکەم تێڕوانیندا وەک کۆپییەکی کاریکاتێری بچوککراوەی چەکدارە گەورەکانی رێکخراوکە دەردەکەون، بەڵام ئەوانەی هەندێکیان ببینێت لەکاتی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی کوشتنی ئاشکرا لەناوچەی بابولتۆبی ناوەڕاستی موسڵدا، راستەوخۆ تێدەگەن کە منداڵییان لێسەنراوەتەوەو لەتوانایاندایە هەموو شتێک ئەنجامبدەن.

لەگەڕەکی زەنجەلی رۆژاوای شارەکە کە ناوچەیەکی میللی قەرەبالغە، خانووی چیمەنتۆیی یەکجار زۆر لەتەک یەکتردا دروستکراون و بەیەکەوە لکێنراون و دانیشتوانەکەی لەچینی هەژارو مامناوەندی پێکهاتووە، ئامادەکارانی ئەم بەدواداچوونە لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥دا ٢٣ مێردمنداڵیان ناسیوە لەوانەی کە بەیعەتیانداوەو دەرچووی خولە شەرعی و سەربازییەکانن، نۆ لەمێردمنداڵەکان پێشتر لەتیپە میللیەکاندا بەشداربووی بەردەوامی خولەکانی تۆپی پێ بوون، سەمیر حەمادی تەمەن(١٣ ساڵ)یش یەکێکە لەوان.

ئەو رێگایەی سەمیری دەگەیاندە یاریگای تۆپی پێ، هەمان ئەو رێگایەیە کە دەیگەیەنێتە “مزگەوتی هودا” لەناوچەی زەنجەلی، ئەو لە تەمەنی  حەوت ساڵێیەوە لەگەڵ باوکیدا بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی دەچووە مزگەوت.

سەمیر وەک نموونە ئەو ناکۆکی و پێچەوانەییە بەرجەستە دەکات کە شارەکە تێیدا دەژیێت، بەوەی کە چەکدارانی رێکخراوی قاعیدە(دواتر بوو بەدەوڵەتی ئیسلامی) سێ ساڵ لەمەوبەر بەبیانوی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی شارەکە، باوکیان کوشتووە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا پەیوەندیکردووە بە”بەچکەشێرانی خەلافەت”، ئەمەش لەژێر کاریگەری هاوڕێکانی لەیاریگای تۆپی پێ و مزگەوتدا بووە، کە زۆرترین کاتەکانی رۆژانەی خۆی لەگەڵیاندا بەسەردەبرد.

یەکێک لەو وانەبێژە بەشدارەکانی ئەو خولانەی بەر لەکۆنتڕۆلکردنی موسڵ لەلایەن “داعش”ەوە لەلایەن مزگەوتی هوداوە رێکدەخران و تێیدا سەمیر بۆ ماوەی سێ وەرز بەشداربووە، دەڵێت “نمایشەکانی بەیعەتدان بەداعش سەرنجی هەرزەکاران رادەکێشن”. وتیشی “کاتێک ویستم بەحوکمی پەیوەندی خێزانییەوە قەناعەت بەمنداڵێک بکەم لەبڕیاری بەیعەتەکەی پەشیمانی بکەمەوە، منداڵەکە وتی: مامۆستا پێویستە هەموومان بەئاراستەی دوگمەکەدا بڕۆین، چونکە خوا لەپێشوازیماندا دەبێت، مەبەستی دوگمەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێڵ یا پشتێنی تەقینەوەیە”.

ساڵح کە تەمەنی ١٤ ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، یەکێک بوو لەئەندامانی تیپەکەی تۆپی پێی زەنجەلی، دوای ئەوەی وەک هەزاران کەسی دی وازی لەخوێندن هێناوە، وا راهاتبوو زۆربەی کاتەکانی رۆژانەی لەدەرەوەی ماڵ لەگەڵ هاوڕێیانی تایبەتی خۆیدا بەسەربەرێت، لەبەرەبەیانی رۆژێکی چوار مانگ لەمەوبەردا لەماڵ دەرچووەو نەگەڕاوەتەوە.

باوکی ساڵح دەڵێت “لەنەخۆشخانەکان و دادپزیشکی و بنکەی پۆلیسی ئیسلامی نزیک ماڵی خۆیاندا بەدوایدا گەڕاوەو نەیدۆزیوەتەوەو بەم هۆیەشەوە شەوێک نەخەوتووە، تا رۆژی دواتر بۆی دەرکەوتووە لەناوچەیەکی بیابانی سەر بەقەزای بەعاجدا پەیوەندی بەسەربازگەیەکی مەشق و راهێنانەوە کردووە”.

وتیشی “بەیاوەری خزمێکم کە پەیوەندی بەبەرپرسێکی ناوچەکەوە هەبوو سەردانی سەربازگەکەم کردو توانیمان سەرکردەیەک ببینین و داوامان لێکرد کوڕەکەم بگەڕێننەوە، ئەو بەتەنیا رۆشت بەڵام دوای کاتژمێرێک ساڵحیشی لەگەڵ خۆیدا هێنا و ماندووبوونی پێوەدیار بوو، کاتێک منی بینی زەردەخەنەیەک گرتی”.

وەختێ باوکەکە گەیشتە سەربازگەکە هێشتا ساڵح بەیعەتی بەرێکخراوەکە نەدابوو، ناسیاوەکەی وتی “خۆشبەختانە زوو گەیشتین، ئەگەرنا زەحمەت بوو ساڵح بگەڕێنینەوە”.

دەستەو کۆمەڵەکانی بەچکەشێرە “موجاهیدەکان”

وێڕای ئەوەی سەمیرو ساڵح تەمەنیان بچوک بوو، بەڵام بەنەوەی یەکەمی پڕۆژەی بەچکەشێران دانانرێن، شایەتحاڵەکان دەڵێن دەستەی یەکەمی مێرمنداڵان لەبەندیخانەکانەوە هاتوون، یان کوڕانی ئەو چەکدارانەبوون کە لەپرۆسەی هەڵکوتانە سەر شارەکەدا بەشدارییان کردووە.

ئەوەی پەیوەندی بەپارێزگای نەینەواوە هەیە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ٥٠٠ بەندکراوی خوار تەمەنی یاسایی هەبوون، ٦٥% یان بەتۆمەتی تیرۆر تۆمەتبار بوون. ” لەمبارەیەوە یونس جبوری ئەفسەری پۆلیس بەپلەی موقەدەم دەڵێت “رێژەیەکی زۆری دەستگیرکراوەکان لەراستیدا بێتاوان بوون و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەهۆکاری تایەفی یان بۆبێزارکردنی کەسوکارەکانیان دەستگیرکرابوون”.ئەوەشی وت  “بەوەی کە جیاکاری لەنێوان نەوجەواناندا نەدەکرا، بەسەربازکردنیان ئاسان بوو”.

ئەبو عوبەیدە وتاربێژی مزگەوتێکی رۆژهەڵاتی موسڵەو بۆ پاراستنی ژیانی خۆی بەیعەتی بە”داعش” داوە، ئەویش جەختدەکاتە سەر ئەوەی دەستەی یەکەمی خۆبەخشەکانی خوار تەمەن ١٥ ساڵی کەسوکاری چەکداران یان بەندکراوەکانی پێشوو بوون، کە لەسەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤ەوە لەشاری رەقەی سورییەوە هاتوون، بەو پێیەی لەوکاتەدا هیچ سەربازگەیەک لەناو پارێزگای نەینەوادا نەبوو.

حاتەم یەکێک بوو لەو مێردمنداڵانە کە تەمەنی ١٥ ساڵانە، ئەو سێ برای هەیە بەر لەداگیرکردنەکە بەقاچاغچی سنوری نێوان عێراق و سوریا ناسرابوون، حاتەم سێ هەفتەی لەسوریا بەسەر بردووەو پاشان بەشێوازێکی دیکە گەڕاوەتەوەو لەپۆشینی جلوبەرگ و شێوازی ئاخاوتندا لاسایی چەکدارانی”داعش”ی دەکردەوە.

ئەبو عوبەیدە دەڵێت “مێردمنداڵەکە لەدوای دەرچوون لە خولەکەدا وەک پیاوێکی پێگەیشتوو هەڵسوکەوتی دەکرد، بەشداری لە پرسە و فاتیحە خوێندندا دەکرد و لەگەڵ پیاوانی هاوتەمەنی باوکی خۆیدا دەدواو ئامۆژگاری دەکردن و فەرمانی تەقوای خوای پێدەدان”.

لەگەڵ ئەوەی حاتەم لەهیچ کردەوەیەکی چەکداریدا بەشداری نەکردبوو، بەڵام ئۆتۆمبێڵێکی بەرزی لێدەخوڕی و هاوشانی شاندەکانی دیوانی دەعوەو مزگەوتەکان سەردانی خوێندنگاکانی دەکرد بۆ ئەوەی هانی خوێندکارەکان بدات بەیعەت بەداعش بدەن، لەمەشدا بەڕەوانی چەندین دەقی ئایینی دەوتەوە”.

پاڵەوانانی نمایشەکانی بەسەربازکردن

چەندین هەنگاوی هاریکار هەبوون کە لەلایەن “دیوانی دەعوەو مزگەوتەکان”ەوە داهێنرابوون، بەمەبەستی راکێشانی نەوجەوانان و بەسەربازکردنیان لەریزەکانی رێکخراوەکەدا، لەوانە “کاروانەکانی دەعوەخواز”. کەچەند بارهەڵگرێک بوون لافیتەو تابلۆی ریکلام و هاندانیان هەڵدەواسی و بەنێو شوێنە گشتییەکانی وەک باخچەو بازاڕەکاندا دەسوڕانەوە، بەتەواوی ئازادییەوە نمایشیان دەکرد، تەمەنی پاڵەوانەکانیشیان لە ١٥ ساڵ تێپەڕی نەدەکرد، منداڵەکان لەدەوریدا بوون و گوتاری وروژێنەرو حەماسییان پێشکەشدەکرد.

“دیوانەکە” بەردەوام دەبێ لەوەی ئەم کاروانە تایبەتییانە لە رۆژانی جەژن و پشوودا لەشاری یاری موسل کە یەکێکە لە گەورەترین پارک و شوێنەکانی بەسەربردنی کات بۆمنداڵان لەناوچەی غابات، بخولێنەوە، تێیدا منداڵانی چەکهەڵگر ریکلام بۆ بەیعەتدان و جیهاد دەکەن.

یەکێکیان بە بڵندگۆیەکەوە قسە دەکات و دەیانی دیکەش لەدەوریدا وەستاون و دەڵێ “گوێبگرن من ئامۆژگاریتان دەکەم دەبێ لەپێناو خوادا جیهاد بکەن و بەیعەت بەخەلیفە بدەن”. دواتر مێردمنداڵێکی تر دێت و هەوڵدەدات رۆڵی ئەبوبەکر بەغدادی بگێڕێت، تەنانەت وەک ئەو، کاتژمێرەکەی لەدەستی راست کردبوو، سرودی ئایینی دەوتەوە، هەرچی منداڵەکانی دیکەیە کە بەدوای ئۆتۆمبێڵەکەدا رادەکەن بەسەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانن.

ئەمین موراد فەرمانبەرێکی پارکەکەیە دەڵێت “ئەندامانی رێکخراوەکە بەبڵندگۆ بانگەوازی منداڵان دەکەن واز لەیاریکردن بێنن و بێنە سەیرکردنیان، لەمەشدا پشتیان بەمێردمنداڵێک دەبەستی کە خاوەنی دەنگێکی زوڵال و بونیادێکی جەستەیی ساغ و قژێکی درێژ بوو، کەسایەتیەکی کاریگەری هەبوو بۆراکێشانی زۆرترین ژمارەی بینەران”.

وتیشی “شیرینی بەسەر منداڵەکان دابەشدەکرێت و کێبڕکێی وەڵامدانەوەی پرسیاری ئایینی رێکدەخرێت، براوەکان خەڵاتی وەک یاری و جلوبەرگ و نامیلکەیان بەسەردا دابەشدەکرێت”.

یەکێک لەپاڵەوانانی نمایشەکان ناوی عوبەیدەیەو تەمەنی(١٢ ساڵە) ئامادەکارانی ئەم بەدواداچوونە توانیان لەلایەن یەکێک لەناسیاوەکانیەوە بیناسن، ئەو، کوڕی سەرکردەیەکی داعشە بەناوی ئەبو ئەسەد ئەلعیراقی کە لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کوژراوە. بەپێی یەکێک لەخزمانی عوبەیدە ئەم منداڵە لەنوسینگەی راگەیاندنی”داعش”دا مەشق و راهێنانی پێدەکرێت لەسەر وتاردان و جوڵاندنی دەست و پەنجەی شایەتمانی و تواناکانی دیکەی پەیوەندیکردن بەخەڵکەوە”.

بنکەکانی ریکلام لەگەڕەکەکاندا

لەتەک کاروانەکاندا، لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا خاڵ و بنکەی راگەیاندن هەبوون، چوار بنکەی جێگیر لە ناوچەکانی قەرەباڵغ دانرابوون، دەکەوتنە سەر رێگای هاتوچۆی خەڵکێکی زۆر، کارەکانیان بریتی بوون لەپەخشکردنی چەند بابەتێکی ڤیدیۆیی یان هەواڵە ریکلامییەکان، وێڕای دابەشکردنی فیلم و بڵاوکراوەکان، وەک گۆڤاری “المیسرة”ی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی “داعش”ەوە دەردەچێت .

دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک ٧٠ بنکەو خاڵی راگەیاندن لەشارەکەدا کرانەوە، نزیکەی نیوەیان لەدەروازەکانی گەڕەکە میللییە گەورەکاندا بوون، هەریەکەیان لە ژوورێک پێکهاتووەو لەدیواری دەرەوەیدا شاشەیەکی گەورە  دانراوەو بەستراوەتەوە بە لاپتۆپ و بڵندگۆ، ئامادەکراون بۆ ئەوەی جارجارە هەواڵ و فیڵم پەخش بکەن.

خاڵێکی ریکلام لەگەڕەکی قاهیرەی رۆژهەڵاتی موسڵدا هەیە، مەحمود ئیبراهیمی(١٥ ساڵ) و هاوڕێکانی بۆبەسەربردنی کاتەکانیان دەهاتنە سەیری شاشەکە، شوێنەکە لەبارەو ئامادەکراوەو کورسی پێویستی بۆدانراوە، خۆ ئەگەربێتو کەسێک لەسەیرکردنی بابەتەکاندا رووی خۆی وەرگێڕێ، چەکدارەکان گاڵتەی پێدەکەن و بە”ترسنۆک” ناوی دەبەن”.

ئەم خاڵ و بنکەی راگەیاندنانە راسپاردەکانی تایبەت بەسەربازگە مەشقییەکانیان هەیە، وەک راسپاردەی “فیقهی تەوحیدو جیهاد”. کە رێنماییە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ببن بەخۆبەخش، ئەحمەدی مێردمنداڵیش لە گەڕەکی ١٧ی تەمموزدا دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەرەو مزگەوتی “ئەلئەوابین” رۆیشت و ناوی خۆی تۆمارکردو وادەی پەیوەندیکردن بەسەربازگەی مەشقی وەرگرت.

سەربازگەی “بەچکەشێران”

لەگەڵ دەستبەکاربوونی “دەوڵەتی ئیسلامی”دا “دیوانی جوند” ئەرکی رێکخستنی پرۆسەی خۆبەخشین و ناونوسکردنی ناوی چەکداران و دابەشکردنی بەسەر بەرەکانی شەڕی “ویلایەتی موسڵ”ی گرتۆتەئەستۆ، کە لەموسڵ و شارو شارۆچکەکانی دەوروبەری پێکدێت، هەروەها “ویلایەتی جەزیرە” کە لەمانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٥ راگەیەنراوە شارو شارۆچکەکانی دیکەی رۆژاواو باکوری رۆژاواو باشوری موسڵ لەخۆوەدەگرێت، زۆربەی ئەم شوێنانەش بەدرێژایی ٢٥٠ کم بەرەی جەنگیان لەگەڵ هێزە کوردییەکاندایە، بێجگە لەوەی ئەرکی رەوانەکردنی چەکدارانیشی لەئەستۆدابووە بۆ ویلایەتەکانی ئەنباڕ و سەڵاحەدین و کەرکوک.

منداڵان بۆئەوەی وەربگیرێن دەبێ لەلایەن یەکێک لەئەندامانی رێکخراوەکەوە پشتگیری بکرێن، بەزۆری ئەندامەکە چەکدارە یان مامۆستا یاخود پێشنوێژ و وتارخوێنە، بەشێوەیەکی گشتی خۆبەخشین لەڕێگەی مزگەوتەکانەوە دەبێت.

لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ەوە مەحمود بەچاوبەستراوییەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا سواری پاسێکی مامناوەندی کراوەو گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، بەپێی قسەکانی برایەکی خۆبەخشەکە، بەدرێژایی ئەو رێگایای بڕیویانە گوێی لەسرودەکانی”دەوڵەتی ئیسلامی” گرتووە، پاسەکە وەستاوەو یەکێک لەچەکدارەکان چاوی منداڵەکانی کردۆتەوەو بەخێرهاتنی کردوون و پێی وتوون “بەچکەشێرەکانی خەلافەت بەخێربێن”.

شوێنەکە بەپێی وەسفی براکەی مەحمود “پەیمانگای عەبدوڵلای کوڕی عومەر” بووە کە هاوشێوەی ئەکادیمیای سەربازیی بووە، بەوەی وانە تیۆرییە ئاینییەکان و مەشقە کردارییەکانی چەک و شەڕکردنی تێکەڵ دەکرد، ئەوەی کە ئەم پەیمانگایە جیادەکاتەوە خۆبەخشی هەڵگری رەگەزنامەی جیاجیای لەخۆوەدەگرت و زۆربەیان تورکمان بوون، پەیمانگاکە بەوە ناسراوە پابەندبوون و دیسپلینی زۆرەو مەشقەکانی سەخت و قورسن و لەوادەکاندا وردبینە، ماوەی خولەکانیشی لەنێوان مانگێک بۆ دوو مانگ بووە.

مەحمودو هاوڕێکانی لەگەڵ گەیشتنیاندا بۆ پەیمانگاکە فۆرمێکیان پڕکردۆتەوە، تایبەت بووە بە زانیاری کەسیی و ئاستی خوێندن و توانا وەرزشییەکان و ئاستی شارەزاییان لەبەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی. دواتر مۆبایلەکانیان لێوەرگیراوەتەوەو جلوبەرگی گونجاویان بەسەردا دابەشکراوە.

“منداڵان لەم پەیمانگایەدا بەناوی خۆیانەوە بانگ ناکرێن، بەڵکو هەر یەکێکیان ناوێکیان دەبوو پاشکۆی عەشیرەت یان گوند یاخود شارو شارۆچکەکانیان پێوە دەلکێنرا”.

براکەی مەحمود بۆ ئێمە دەدوا بێئەوەی بزانێ ئێمە بۆ کاری رۆژنامەوانی پرسیاری لێدەکەین، وتی “زمانی زاڵ لەپەیمانگەکەدا عەرەبییەو پاشان تورکمانی، تەنانەت لەگفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکانی دیکەی نەتەوە جیاجیاکانیشدا، بەڵام هەموویان هەوڵدەدەن بەزمانی عەرەبی کارەکانیان راپەڕێنن، ئەگەر بەناتەواویش بێت”.

رۆژێک لەسەربازگەکەدا

چاڵاکییەکانی مەحمودو دەیان مێردمنداڵی دیکەی هاوڕێی، لەرۆژی دووەمی گەیشتنیاندا بەئەنجامدانی نوێژی بەیانی دەستیانپێکرد و دوای پشوێکی کورت دەستیانکردووە بەمەشق و راهێنانێکی جەستەیی و پاشان نانی بەیانی، دواتر مەشقەکانی هونەرەکانی کوشتن. لەکاتی نوێژی نیوەڕۆشدا “بەچکەشیران” نوێژی بەکۆمەڵ ئەنجامدەدەن، پاشان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پشوو دەدەن.

لەنێو هۆڵەکانیشدا کە هاوشێوەی ژوورەکانی خوێندنگا حکومییەکانە وانەکانی شەرعی لەسەر بنەمای عەقیدەی سەلەفی تەکفیریی دەوترێنەوە، دیارترینیان تەوحید و فیقهی سەلەفی و فیقهی جیهادییە، ئەمەش بابەتی تایبەتن بەسەربازگەکانی”داعش” و لەلایەن دەستەی توێژینەوەو فەتواکانی “دەوڵەتی ئیسلامییەوە” ئامادەکراون.

لەدوای نوێژی عەسریشدا دەستدەکرێت بەمەشق و راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەکی سوک و  مامناوەندی، دواتریش لەدوای نانخواردنی ئێوارەدا جارێکی تر وانەی شەرعی دەوترێنەوە.

لەو ماوەیەی مەحمود لەم سەربازگەیەدا بووە تاکۆتایی خولەکە پێویست بووە لەسەر ئەوو هاوڕێکانی لانیکەم جوزئێکی قورئان لەبەربکەن کەمتر نەبێت لە (٢٠ لاپەڕە)، لەمبارەیەشەوە براکەی مەحمود بەشانازییەوە دەڵیت “کورەکەمان زیرەکە.. هیچ زەحمەت نەبووە ئەم کارە ئەنجامبدات، بەڵکو لەکاتی پشوودا تاکاتی خەوتنی توانیویەتی سورەتی دیکەی زیاتریش ئەزبەر بکات”.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی پرۆگرامەکە لەکۆتایی خۆیدا خۆبەخشەکان بەپێی تواناو لێهاتووی خۆیان دابەشدەکرێنە سەر چەند گروپێکی بنەڕەتی، ئەوانیش هێزە تایبەتەکان و بەرگری ئاسمانی و کەتیبەی قەناس و سوپای خەلافەتن.

 لاوازترین منداڵیش لەرووی جەستەییەوە لەنێو سوپای عەسرەدا جێگای دەکرێتەوە، کە هێزێکە لەکاتی پێویست بەکاردەهێنرێت، هاوشێوەی هێزی یەدەگە لە سوپا نیزامییەکاندا.

براکەی ئەم مێردمنداڵە خۆبەخشە روونیدەکاتەوە کە “ئەرکی هێزە تایبەتەکان شەڕکردنە لەبارودۆخێکی سەختدا، مێردمنداڵ لەم گروپەدا مەشقی قورسی پێدەکرێت و لەسەر هەڵکوتانەسەرو بنەماکانی پێکداداندا رادەهێنرێن، بەڵام سوپای خەلافەت، سوپایەکی ئاساییەو کەتیبەکانی(خۆکوژەکان) و هێزەکانی بەرگری و پیادە لەخۆوەدەگرێت”.

بەیعەتی مەرگ

بۆئەوەی کرداری خۆبەخشین تەواوبێ مێردمنداڵەکان لەدوای کۆتاییهاتنی خولی مەشق و راهێناندا بۆماوەی هەفتەیەک رەوانەی ماڵەوە دەکرێن، تا دواتر بگەڕێنەوەو “بەیعەتی مەرگ”بدەن،  پاشان بەسەر کەرتەکانی بەرەکانی شەڕ دابەشدەکرێن، یان لەدیوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و دەستە شەرعییەکاندا دادەنرێن، مانگانە مووچەکەیان لەنێوان ٥٠ تا ١٢٠ دۆلاردایە لەگەڵ ژمارەیەک ئیمتیازاتی تری وەک دەستکەوتنی “غەنیمەکان” و بەروبومی نەوتی ، هەروەها لەنەخۆشخانەکاندا خۆیان و کەسوکارەکانیان زووتر چارەسەر دەکران.

مەحمود کە توانای جەستەیی خۆی سەلماندووەو لە”سوپای خەلافەت”دا بەشداربووەو زیاتر لەجارێک سنوری ناحیەی بەعشیقەی باکوری نەینەوا لەشەڕی دژ بەهێزەکانی پێشمەرگەدا بەشدار بووە، دوای ئەوەی بەسەختی قاچ و دەستی بریندار دەبێت، ئەرکی ئیداریی بۆ دادگای شەرعی دەگوازرێتەوە و مووچەکەی لەوێ وەردەگرێت.

بەپێچەوانەی ئەم مێردمنداڵە، پێشتر مێردمنداڵی دیکە لەریزەکانی بەچکەشێراندا ناوی خۆیان تۆمارکردووەو بەیعەتیان داوەو دواتر کشاونەتەوە. رێکخراوەکە لەسەرەتای کۆنتڕۆلکردنی شارەکەدا بەنەرمی مامەڵەلی لەگەلدا دەکردن، بەڵام دواتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی زیانە مرۆییەکانیەوە، مامەڵەکردنەکە توند بووە، بەمەش بابەتەکە زیاتر مەترسیداربوو، بۆنموونە کاتێک فەتحی حەدیدی وازی لەرێکخراوەکە هێناوە دەمانچەکەی بردوە بۆئەوەی رادەستی رێکخراوەکەی بکاتەوە، بەرپرسەکەی ناچاریکرد ئەو کەلوپەلانەش بگەڕێنێتەوە کە پێشتر وەک غەنیمە درابوو بەم مێردمنداڵە، هەروەها وەک سزایەک ناچاریکرد ماوەی یەک مانگ لەهەڵکەندنی خەندەق لەسنوری قەزای تلکێفی باکوری موسڵدا بەشدار بێ.

فەتحی کە تەمەنی ١٤ ساڵان بوو، دەرچووی سەربازگەی بەعاج بووە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٥دا کوژراوە.

خاڵی فەتحی لەمبارەیەوە دەڵێت “فەتحی مێردمنداڵ رۆیشت و بوو بەقوربانی هەڵسوکەوتێکی سەرکێشانی خۆی و سواری شەپۆلی داعش بوو، باوکی لەژیاندا نەماوەو دایکیشی هەوڵێکی زۆریدا لەو بڕیارە پەشیمانی بکاتەوە”.

هەروەها وتی “داوامان لەداعش کرد بەڵگەی کوژرانی فەتحیمان پێبدات، بەلام ئەوەی دەستمان کەوت تەنها چەند پارچەیەک لەکراسەکەی و هەندێک لەو کەلوپەلانەی لای بوون”.

سەربازگەی گەڕۆک

هاوشانی سەربازگەی عەبدوڵلای کوڕی عومەر لەتەلەعفەر، چوار سەربازگەی دیکەش هەن، کەتایبەتن بەمەشق و راهێنانی منداڵان، بەڵام لەترسی بۆردومانی فڕکەکانەوە جێگیر نین و گەڕۆکن، یەکێکیان ناوی سەربازگەی “ئەبی موصعەب زەرقاوییە” کە لەئەیلولی ساڵی ٢٠١٤ لەبارەگای فەوجی فریاکەوتنی پۆلیسی نەینەوا لەناوچەی غاباتی باکوری موسڵدا دامەزراوە.

بەپێی لێدوانی ئەبو وەلید کە ئەندامێکی “داعشە” وەجبەی یەکەمی خۆبەخشەکان لەم سەربازگەیەدا مەشقە بنچینەییەکانیان پێکراوە، دواتر لەئەیلولی ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە داخراوەو بووە بەسەربازگەیەکی گەڕۆک”.

لەپاییزی ٢٠١٤دا نزیکەی ١٠٠ خۆبەخش پەیوەندیان بەسەربازگەی “سوڵطان ئەبی ئەحمەد جبوری” کرد، کە یەکەمین سەربازگەیە لەناحیەی شۆرەی باشوری موسڵدا.

عەلی سەلام جبوری دانیشتووی ناحیەکەیە لەمبارەیەوە دەڵێت “هەفتەیەک دوای دامەزراندنی سەربازگەکە دەنگێکی بەهێزی تەقینەوەمان بیست لەناو ماڵەکانداو دوکەڵێکی زۆر بەرزبووەوەو بەهۆیەوە نزیکەی ٧٠ کەس کوژران لەنێویاندا هەندێکیان مێردمنداڵ بوون تەمەنیان لە ١٢ ساڵان زیاتر نەبوو”. هێماشی بۆئەوە کرد کە لەدوای ئەم رووداوەوە مەشقە جەستەییەکان لەدەرەوە ئەنجامدەدرێن.

هەر لەترسی بۆردومانکردنەکانەوە زۆربەی سەربازگەکانی دیکە بوون بەگەڕۆک، سەربازگەی “الکندی” یەکێکی دیکەیە لەو سەربازگانە کە لەناوچەی حەدبای باکوری موسڵەو ئێستاکە بارەگا سەرەکییەکە لەئەنجامی ئەو بۆردومانە سەختەی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ەوە چۆڵکراوە.

ئامادەکارانی ئەم بەدواداچوونە چەندین شوێنی دیکەی مەشق و راهێنانی منداڵانیان دۆزیوەتەوە، تێیاندا منداڵەکان بەماسکی قوماشێکی رەش تەواوی سەری خۆیان داپۆشیوەو کراسی رەنگ رەش یان خۆلەمێشیان لەبەردایە،  زۆربەی ئەم جلوبەرگانە لەکارگەی جلوبەرگی ئامادەکراو لەناوچەی مەنسوری باشوری شارەکەو کۆلیژی ئیمام ئەعزەم لەگەڕەکی زیراعەی باکوریدا دابیندەکرێن.

ئەم سەربازگانە لەگەڵ فێرکردن و راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنیدا جەخت دەکەنە سەر فیکری توندڕەوی ئایینی، گەرەنتین بۆ دەرچوونی سەدان منداڵی راهێنراو لەسەر کوشتن، وەک ئەو منداڵەی تەقەی لە گەنجێک کرد بەناوی حاکم سۆعان شەممەری کە بەپێی گرتە ڤیدیۆیەکی رێکخراوەکە کە لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥دا بڵاوکرایەوە، بەتۆمەتی پێدانی زانیاری بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربارەی بارەگاکانی رێکخراوەکە، بڕیاری مەرگی بەسەردا سەپێنرابوو، ئەو منداڵەی ئەم بڕیارەی کوشتنی گەنجەکەی جێبەجێکرد لەسەربازگەی قەزای بەعاجی تایبەت بەئامادەکردنی “بەچکەشێرانی خەلافەت”دا مەشقی پێکراوە، ئەم سەربازگەیەش بەهەمان شێوەی سەربازگەکانی دیکە زوو زوو شوێنەکەی خۆی لەناو قەزاکەدا دەگۆڕێت.

4500 “بەچکەشێر”

بەوردی دەستکەوتنی ژمارەی منداڵ و هەرزەکارە خۆبەخشەکان، لەسایەی کۆنتڕۆلی رەهای “داعش” و زۆری ناوچەکانی ژێردەسەلاتیدا کارێکی ئەستەمە، بەڵام ئەو سەرچاوانەی رێکخراوەکە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوەو زۆربەیان ئەو پێشنوێژ وتارخوێنانەن کە بەیعەتیان بەرێکخراوەکە داوە، هەموویان تەئکیدیان کردۆتەوە کە لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٤ تا کۆتایی ٢٠١٥ پێنج خولی تەواو لەزیاتر لەشوێنێکدا رێکخراون، ژمارەی دەرچوانیشیان بەنزیکەی چوار تا پێنج هەزار منداڵی نێر دەخەملێنرێت، هەموویان سەر بەویلایەتەکانی نەینەواو جەزیرەو دیجلەو(پارێزگای سەڵاحەدین و بەشێک لە پارێزگای نەینەوا)و ویلایەتی فورات(پارێزگای ئەنباڕ)ن.

پشکی نەینەوا بەنزیکەی دوو هەزار منداڵ دەخەملێنرێت، بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانیش هیچ سەربازگەیەکی هاوشێوەی ئەم سەربازگانە بۆ کچان و پێدانی رۆڵی چەکداریی بە رەگەزی مێ نەکراوەتەوە.

ئەوانەی لەم سەربازگانەدا دەردەچن بەتەنها نابن بەچەکدار، بەڵکو زۆربەی ئەم منداڵانە لەبەرژەوەندی”داعش”دا ئەرکی هەواڵگرییان پێڕادەسپێردرێت و ناونراون “چاوەکان”، ئەمەش لەلایەن مامۆستایەکی پێشووی زانکۆی موسڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە براکەی بەتۆمەتی جنێودان بەخواوەند دەستگیرکراوەو دوای دوو هەفتە تەرمەکەیان لەناو بەفرگرەکانی دادپزیشکییەوە دۆزیوەتەوە.

ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەدەات بەوەی خانەوادەکەیان ناسنامەی ئەو کەسەیان ئاشکراکردووە کە ناوی براکەی داوە بە”داعش” ئەو کەسە مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵانە، بەڵام توانای ئەوەیان نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن، روونیشیدەکاتەوە کە “هەموو شتێک دواخراوە بۆ دوای رزگارکدنی موسڵ”.

وتارخوێنی مزگەوتی ئەبو عوبەیدە زانیاری زیاتر دەخاتە سەر لێدوانەکانی مامۆستاکەی زانکۆو دەڵێت “دەیان کەس بەپشتبەستن بەزانیارییەکانی منداڵان بوونەتە قوربانی و لەسێدارەدراون”. هەروەها دەڵێت “ئێمە بەر لەوەی هیچ شتێک بڵێین باش بیر لەوشەکانمان دەکەینەوە، چونکە ئەو منداڵانەی وانەیان پێدەڵێین چاودێریمان دەکەن”.

لەنێو “چاوەکاندا” لەگەڕەکی ریسالەی باشوری موسڵ مێردمنداڵێک دەردەکەوێت ناسراوە بە ئەبو صەخەر، کە رۆژانەی خۆی لەناو بازاڕەکانی شارەکەدا بەسەر دەبات و بەچاوێکی راهێنراوەوە وردبینی دەکات و لە دەموچاوی ئەو خەڵکە رادەمێنێت کە بەناو بازاڕەکاندا تێدەپەڕن، هەروەها لەڕێگاکان و ناو فرۆشگاکان و قاوەخانەو مزگەوتەکاندا بەبایەخێکی زۆرەوە گوێ لەگفتوکانیان رادەگرێت.

ئەبو صەخەر ١٥ ساڵەی تەمەنی خۆی تەواو نەکردووە، لەگەڵ سێ لەمێردمنداڵەکانی دیکەی گەڕەکەکەیدا لەهاوینی ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن رێکخراوەکەوە چەکدارکراوە، ئەو شانازی دەکات بەوەی دانیشتوانی گەڕەکەکە بەکارەکەی دەزانن، هاوکات بەبێ دڵەڕاوکێی و ئیحراجی دەتوانێ دایکە بێوەژنەکەی و خوشکەکەی ببینێت، لەبەرئەوەی خانەوادەکەیان باوەڕیان بەدەوڵەتی ئیسلامی هەیە، هەر لەم رێگایەشدا باوکی لە ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ لە شنگالی رۆژئاوای نەینەوادا لەئەنجامدانی تۆپبارانێکدا کوژراوە.

ئەم منداڵە لەماوەی بەسەربردنی سێ مانگ لەمەشق و راهێنانەکانی سەربازگەی غەزلانی رۆژهەڵاتی موسڵدا، بەهۆی تواناکانی لەبەرکردنەوە ببووە جێگەی سەرسوڕمانی الحاج ئەبو ذری راهێنەرە تونسییەکەی، ئەو لەرووی زەینەوە لەنێوان ١٨٣ مێردمنداڵی ناو سەربازگەکەدا باشترینیان بوو، ئەمەش هۆکار بووە لەوەی پەیوەندی بە دەزگای”ئەمنییەوە” بکات و ئەرکی هەواڵگریی پێبسپێردرێت، کارمەندانی ئەم دەزگایەش بەجلومەرگی مەدەنی و ریش تاشراوییەوە دەردەکەون و چەک هەڵناگرن، هاوکات مێردمنداڵەکانی دیکە پەیوەندی دەکەن بە دەزگای “الحسبة” کە دەزگایەکە تایبەتە بەچاودێری جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی.

بوون بەخۆکوژ

“ئەو جیهادی دەویست، بەڵام دایکی رێگری لێدەکرد، هەمان ئەو شەوەی لەماڵەوە خۆی دزیوەتەوەو پەیوەندی بە سوپای خەلافەتەوە کرد، ئەوەتا ئەمڕۆ لەهێڵەکانی پێشەوەیەو دژی کافرەکان دەجەنگێت”. ئەم رستەیە تویتێکی یەکێک لەو پەیجانەیە کە لەتۆڕی کۆمەلایەتی “تویتەر”دا بانگەشە بۆ رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی”دەکات و باسی مێردمنداڵێکی ١٥ ساڵان دەکات. بەهەمان شێوازی ئەم تویتە باسی لێوە دەکات، خانەوادەی حاجی ئەحمەد لە  مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥دا کورە تەمەن ١٦ ساڵەکەیان لێ ون بووە، دواتر بۆیان دەرکەوتووە پەیوەندی بەخولێکی ئایینییەوە کردووە، پاشان لەدوای ئەوەی باوکی لەسەر کێشەیەکدا سەرکۆنەی کردووە پەیوەندی بەسەربازگەیەکی مەشقەوە کردووە”.

دوای گەڕانێکی دوو رۆژی بەهاوکاری ناسیاوو هاوسێکانی، کورەکەی لەسەربازگەی “ئەبی موصعەب زەرقاوی” دۆزیوەتەوە کە لەناوچەی غاباتی باکوری شاری موسڵە، دوای ئەوەی باوکەکە توانیویەتی بەپاڵپشتی ئەندامێکی رێکخراوەکە کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە، سەرجەم ئەندامی خانەوادەکە رێککەوتوون بەوریاییەوە مامەلەی لەگەڵدا بکەن و هەوڵ بدەن رازی بکەن جارێکی تر نەگەڕێتەوە بۆ مەشقکردنەکە.

برا گەورەکەی کە ناوی حوسێنە، دەلیت “ئەرکی مامەڵەکردن لەگەڵ براکەمم لەئەستۆگرت و سەرەتا بریارمدا مووچەیەکی مانگانەی ٥٠ هەزاری بۆ ببڕمەوە، پاشان بۆ دڵنیابوون بیرۆکەی پێکهێنانی هاوسەرگیریم خستەبەردەست، ئەویش بەوە رازی بووەو ئێستا بەوەوە سەرقاڵە”.

نوسەری ئەم بەدواداچوونە چیرۆکی زۆری دەربارەی ئەو منداڵانە نوسیوەتەوە کە پەیوەندیان بەسەربازگەکانی “بەچکەشێران”ی رێکخراوەکە کردووە، تەنانەت وایلێهاتووە خەڵک لەم شارەدا دەلێت “ئەگەر بۆماوەی دوو کاتژمێر کوڕەکەت ون بوو، ئەوا لەنزیکترین سەربازگە بەدوایدا بگەرێ”.

“دواکەوتن لەگەیشتن بەسەربازگەکان واتە گەڕاندنەوەی منداڵەکان زەحمەتتر دەبێت، بەمەش چارەنوسیان یان دەبن بە چاوی رێکخراوەکە لەناو شارەکەدا، یاخود لەبەرەکانی جەنگدا دەبن بەخۆکوژ ، ئەمەش لای خێزانەکانی موسڵ لەهەموو شتێک مەترسیدارترە، لەبەرئەوەی رێژەی هەرە زۆری تەقینەوە خۆکوژییەکان لەلایەن هەرزەکارانەوە ئەنجامدراون”.

ئەبو عومەر بازرگانێکی خۆراکەو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمیرەکانی رێکخراوەکە هەیە لەتەلەعفەر، دەڵیت “دەوڵەتی ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی زۆرتر پشت بەبەچکەشێرو گەنجانی تەمەن بچوک دەبەستێت، ئەوان لەلایەک شارەزایی شەڕکردنیان نییە، لەلایەکی دیکەش جۆش و خرۆشی زیاتریان هەیەو خێراتر وەڵامیان دەبێت، کاتێکیش چاڵاکییەکان و شەڕ لەناو شارەکانی دوژمناندا دەبن، دزەکردنیان بۆناو شارەکان ئاسانترە”.

بەپێی لەیلا زەروقی نوێنەری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندار بەمنداڵ و ناکۆکییە چەکدارییەکان، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە  نزیکەی ٧٠٠ منداڵ لەسەرتاسەری عیراقدا کوژراوو برینداربوون یان لەشولاریان شێواوە، بەهۆی ئەوەی هەندێکیان لەکردەوە خۆکوژییەکاندا بەشدارییان پێکراوە.

هاوکات روانگەی عیراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەراپۆرتێکدا دەڵێت لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا ٤٠ منداڵی نەینەواو ئەنبارلەشەرو پیکدادانەکانی ناوچەکانی نێوان بێجی و شاری تکریت کردەوەی خۆکوژییان ئەنجامداوە.

نەوەی نوێ

“بەسەربازکردنیان تەنها بۆقەرەبووکردنەوەی زیانە مرۆییەکان نییە لەبەرە جیاجیاکانی شەڕدا، بەڵکو بۆئامادەکردنی نەوەیەکی نوێیە لەتوندڕەوان لەژێر ناوی لیوای دەوڵەتی خەلافەت لەئایندەدا”. ئەمە وتەی خالید حەبیبی رۆژنامەنوسە کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە رووماڵی چاڵاکییەکانی گروپە جیهادییەکان دەکات.

ئەم رۆژنامەنوسەی خەڵکی موسڵ گرتە ڤیدیۆیەکی لابوو تێیدا وتاربێژێکی گەنج لە”مزگەوتی غوفران”ی ناوەڕاستی شارەکەدا لەناکاو لەنێو ئاپۆرای نوێژخوێنانی نوێژی هەینیدا بەدەنگێکی بەرز هاواردەکات “ئەگەر لێرەو لەوێش زیانمان پێبگات، ئێمە ماوین”پاشان قۆڵی راستی بەستراوی خۆی بەرز دەکاتەوەو هاوار دەکات، ئاماژەدەدات بەمنداڵێک کە لەگرت تۆمارکراوەکەدا دەرناکەوێ و دەڵێت “ئێمە ماوین، بەچکەشێرانی خەلافەت گەورە دەبن و ئاڵای ئیسلام بەرزدەکەنەوە”.

لەنێو میتۆدەکانی خوێندندا کە لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥دا  “دیوانی فێرکردن”دەریکردوون، دەکرێ بەئاسانی وێنەکانی وێنەکانی “نەوەی نوێ” بناسینەوە، بۆنموونە لەکتێبی “پەروەردەی جیهادی”دا، کەتێیدا وێنەی مێردمنداڵان بەجلوبەرگی”داعش” و ژنانی باڵاپۆش لەتەک چەکی جۆراوجۆری وەک دەمانچەو رەشاش و هتد دانراون، لەبابەتی بیرکاری پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا دەیان پرۆسەی ژماردنی ژمارەی سەربازانی دەوڵەتی ئیسلامی و ویلایەتەکانی تێدایە، هاوکات هێمای کۆکردنەوە لابراوە چونکە شێوەکەی لە خاچ دەچێت.

حەبیب هاوکات تەئکید دەکاتەوە کە خەڵکی شارەکەی لەپرسی شۆردنەوەی مێشکی منداڵەکانیاندا روبەڕووی ئارەزووەکانی”داعش”دەبنەوە، بۆنموونە دەیان مزگەوت لەساڵی ٢٠١٥دا بەبیانووی جیاجیای وەک نەبوونی کارەبا و گازۆیل، هەروەها بیانوی وەک نەخۆشکەوتنی مامۆستایان رەتیانکردۆتەوە خولی هاوینە بۆمنداڵەکانیان بکرێتەوە.

هاوکات چەندین خوێندنگای سەرەتایی داخراون لەبەر مەترسی خوێندن تێیاندا منداڵان روویان تێنەکردووە، یان وەک “رەتکردنەوەی ئیدارەی رێکخراوەکە”. هەروەک نوسەر لەیلا شایب باسی لێوە دەکات، ئەم نوسەرە لەناو شاری موسڵەوە بەناوی خوازراو لەئینتەرنێت دەنوسێت، بێجگە لەوە خوێندنگاکانی ناوەندی و ئامادەیی کە خوێندکارەکانیان(تەمەنیان لەنێوان ١٣ تا ١٨ ساڵیدایە)تێکەڵکراون، هەر دوو خوێندنگا یان سێیانیان کردووە بەیەک دانە، لەباشترین حاڵەتیدا هەفتانە دوو یان سێ رۆژ دەوام دەکەن.

حەمید خزر دوای ئەوەی زانیویەتی شاندی “دەوڵەت” بەمەبەستی سەرنجراکێشان و کۆکردنەوەی هەوادار سەردانی خوێندنگاکەی کوڕەکەی دەکات، بڕیاریداوە کوڕە زیرەک و ئاستبەرزەکەی لەخوێندن دەربهێنێت.

خزر دەڵێت “شاندێکی دیوانی دەعوەو مزگەوتەکان سەردانی پۆلی کوڕەکەمیان کردووەو ژمارەیەک پرسیاریان ئاراستەی خوێندکارەکان کردووەو دواتر داوایان کردووە بەیعەت بەخەلیفە بدەن”. هەروەها وتی “خوێندکارەکان کەمێک بێدەنگ بوون دواتر بەدەنگێکی نزم و بەناتەواوی دەقی بەیعەتەکەیان وتۆتەوە.. پاشان شاندەکە داوایان لێدەکات دووبارەی بکەنەوە، بەهەمان شێوە دووبارەیان کردۆتەوە. پاشان داوای لەمامۆستاکە کردووە بەدەنگێکی بەرز دووبارەی بکەنەوە، کاتێک منداڵەکان وەڵامیان نەبووە، نوێنەرەکە بەتوڕەییەوە رۆشتۆتە دەرەوە”.

ئەم پیاوە وتیشی “لەو رۆژەوە رێگەم نەدا کوڕەکەم بڕواتە قوتابخانە، ساڵێکی خوێندنی بەهەدەرچوو، رەنگە چەند ساڵێکی تریشی هەروا بڕوات، بەڵام ئەمە باشترە لەوەی لای ئەبوبەکر بەغدادی ببێتە بەچکەشێر”.

جەمیل عیسا کە چالاکێکی مەدەنییەو چاودێری چەندین حاڵەتی بەسەربازگرتنی منداڵانی نەینەوای کردووە، پێیوایە “رێکخراوەکە لەکردەوەکانی خۆکوژیدا پشت بەبەچکەشێرو لاوانی تەمەن بچوک دەبەستێت، چونکە رازیکردنیان ئاسانترەو رێکخراوەکە چۆنی بوێت وا دەیانکاتە خۆبەخش، هەروەها لەقوربانییەوە دەیانکاتە بکوژ”.

عیسا هۆشداریشدا دەدات لەوەی بەچکەشێرەکانی ئەم رێکخراوە تەنانەت لەدوای رزگارکردنی موسڵیشدا مەترسیان دەبێت، ئەوان دوای ئەوەی مێشکیان پڕکراوە لەفیکری سەلەفی و جیهادی تەکفیری، هەردەم وەک بۆمبێکی ئامادە بۆتەقینەوە وان، لەباشترین حاڵەتدا دەبن بەسوتەمەنی بۆهەر گروپێکی توندڕەو کە لەئایندەدا دەرکەوێت، بەتایبەت لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆریان باوک و برایان لەریزەکانی رێکخراوەکە لەدەستداوە، لەبەرئەوە لەنێو ئەو ململانێیە تایەفی و سیاسییەدا زۆر زەحمەت دەبێ جارێکی تر ئەم مێردمنداڵانە ئاسایی بکرێنەوە”.

لەمبارەیەوە پارێزەر شاکر موراد کە خەڵکی شاری موسڵە، هەمان بۆچونی هەیە، بەڵام ئاماژە بەگرفتێکی تر دەدات پەیوەندی بەمامەڵەی یاساییەوە هەیە لەگەڵ ئەم مێردمنداڵانەداو دەڵێت “دەکرێ پێگەیشتووان ئەوانەی تەمەنیان گەیشتۆتە ١٨ ساڵ، بەپێی یاساکانی عێراقی دادگایی بکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بۆبڕێتەوە، بەڵام بۆ نەوجەوانان جیاوازەو، دادگای نەوجەوانان بەکەمتر لەپێنج ساڵ بەندکردن یان زیندانیکردن بۆ ماوەیەکی زیاتر سزایان دەدات”.

دەشڵێت “ترسی ئەوە هەیە ژمارەیەکی زۆری ئەنجامدەرانی تاوان و تێوەگلاوانی کوشتنی بەئەنقەست لەدەست سزا دەربازیان بێت،، هەندێک وایدەبینن هیچ ئومێدێک نییە بۆ چاککردنی ئەوان و دەبێت بکوژرێن یان دەستبەسەربکرێن، ئەوانەی کە بەند دەکرێن کاتێک دوای چەند ساڵێک ئازاد دەکرێن رەنگە توندڕەوتربن، بەتایبەت لەبەرئەوەی لەبەندیخانەکاندا پرۆسەی دووبارە ئامادەکردنەوەی خراپەکاران نییە، لەراستیدا ئەمە گرفتێکی گەورەیەو تائێستا داڕێژەرانی یاسای عێراقی لەئاستیدا بێدەنگن”.

هەروەها چاڵاکوان و پارێزەر دلێر ئەحمەد دەلێت “هەمووان لەرووی سەربازییەوە قسە لەسەر ئازادکردنی موسڵ دەکەن، وەک ئەوەی تەواو ئیتر رزگار دەبێت! بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی وەدەربنرێن و یاساکانی دەوڵەتی عیراقی بگەڕێنرێنەوە بۆ قوتابخانەو دامەزراوە حکومییەکان.

ئەوەشی وت کە “رێکخراوەکە شەڕی لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکاندا هەڵگیرساندووەو بەشێوازی جیاواز لەرابردوودا کرداری کوشتنی ئەنجامداوە، تەنانەت لەو گروپە ئیسلامییانەش زیاتر کە زۆر بەتوندڕەو ناسراون، وەک چەکێک بۆ تۆقاندن و فراوانخوازی و بەردەوامبوون بەکاریهێناوە، لەگەڵیشیدا دەیان هەزار کەسی لەهاوکارانی تێوەگلاندووە، لەنێویاندا هەزاران منداڵ هەن”.

هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی کە ” لەدەوڵەتێکی بێ دامەزراوەی بەهێزدا کە تێیدا چەک بڵاوبۆتەوە، دەبێ پێشبینی سەدان کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی بکرێت، پێویستە خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین بەوەی لەدوای رزگارکردندا سەقامگیری دێتەکایەوە، ئەگەربێتو لەگەڵیدا پرۆگرامێکی تەواو نەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو گرێیە شێرپەنجەییانەی کە رێکخراوەکە لەهەموو شوێنێک و لەناو عەقڵی منداڵانیشدا چاندوویەتی”.

ئەم بەدواداچوونە بەپاڵپشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە، بەسەرپەرشتی کومەی مولحم.




لەگەڵمان بن لە فەیسبووك