Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

هۆزەکانی نەینەواو “دەوڵەتی خەلافەت”.. بەرژەوەندیی ئابوریی تێکئاڵاو، پێداویستیەکانی دانیشتوان و زەرورەتی جەنگەکان سەپاندوویەتی

333

نەینەوا – عادل كەمال و محەمەد عەواد

جەمیل مەتیوتی لەدوکانێکی بچکۆڵەی شارۆچکەی بەعاجی نزیک سنوری سوریادا چاودێری کارە بازرگانیەکەی دەکات، ئەو شوێنەی کە لەدوای کۆنترۆلکردنی موسڵ و دەوروبەری لەلایەن “دەوڵەتی ئیسلامی”یەوە جۆرێک لەبوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمیرەکانی دەوڵەتەوە بوو بەکەسێکی باوەڕپێکراو بۆفەراهەمکردنی سوتەمەنی و ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەی لەشەڕەکاندا بەکاردەهێنرێن.

قاچاغچییە بچوکەکەی جگەرەو مەڕوماڵاتی دوێنێ، ئەمڕۆ بەدرێژایی سنووری نێوان هەر سێ دەوڵەتی عێراق و سوریاو تورکیادا بازرگانی بەهەموو شتێکەوە دەکات، لەخواردەمەنیەوە بگرە تا دەگاتە ئامێرە میکانیکی و سوتەمەنییە جۆراوجۆرەکان.

پێش ئەو، عەلی برای بازرگانی لەگەڵ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و ژمارەیەک گروپی چەکدارییدا کردووە، نزیکەی دوو ساڵ بەر لەکۆنتڕۆلکردنی پارێزگای نەینەوادا، چەکی سوک و مامناوەندی بۆ رێکخراوەکە دەهێنا.

عەلی، چەکی لە ئەفسەرانی یەکە سەربازییە عێراقییەکان دەکڕی، ئەو هێزانەی کە لەدەوروبەری موسڵ و سنوری نێوان عێراق و سوریادا بلاوەیان پێکرابوو، پاشان چەکەکانی لەعێراق و سوریا بەچەندین گروپی چەکداریی دەفرۆشتەوە، لەنێویاندا چەند لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاش هەبوون، بەر لەوەی لەگەڵ کۆنترۆلکردنی نەینەوا لەلایەن”داعش” لەحوزەیرانی ٢٠١٤ەوە لەهەردوو ناوچەی تەلەعفەرو شنگالدا ببێت بەبازرگانی ئۆتۆمبێڵ و غەنیمەکانی شەڕ.

خەڵکی سەر بەهۆزەکان بەدرێژایی چەندین ساڵ لەناوچە بیابانەکانی سنوری نێوان عێراق و سوریا واتا لەم سنوورە نێودەوڵەتییەدا سەرگەرمی بازرگانیکردنێکی بەرفراوان بوون، یەکێک لەکارەکان پرۆسەی بەقاچاغبردن بوو کە سەرچاوەی ژیانی ناوچەکە بوو.

قاسم حەسۆ، ئێزیدییەکی خەڵکی شنگالەو لەبواری بازرگانیکردنی ئۆتۆمبێڵ و پارچەو تایەکانی ئۆتۆمبێڵدا کاریکردووە، دەڵیت “کەسانی سەر بەهەندێک هۆز, بازرگانییان بەهەموو شتێکەوە دەکرد، سوتەمەنی و چەک و جگەرەو خۆراک.. ساڵانێکە لەسەر ئەو بازرگانانە دەژین کە کەلوپەلی رێگەپێدراویان لەرێگەی خاڵی سنوری رەبیعەوە دەگواستەوەو دواتر بەرێککەوتن لەگەڵ ئەفسەرەکانی سەر بەهۆزەکانیان کەبەرپرسی ئەمنی سنوور بوون، کەلوپەلە قەدەغەکراوەکانیان دەگواستەوە.

وتیشی “دوای ئەوەی رێکخراوەکە شنگالی کۆنتڕۆلکرد، هۆزەکان بەلەخۆگرتنی رێکخراوەکە بەهێزتر بوون.. هەرچی شتێکی رێگەیان پێدرابێ بەتالانیان برد، دەستیان بەسەر هەموو ئەو کەلوپەلانەداگرت کەلەناو دوکانەکاندا هەبوون، وەک غەنیمە سەدان ئۆتۆمبێڵیان برد کە لەدەروازەکانی چیای شنگالدا بەجێمابوون.. هەموو ئەم شتانەیان لەکوچەو کۆڵانە خاڵیکراوەکانی شارەکەدا مەزادکرد و فرۆشت “.

هەروەها وتی “رۆڵی کەسایەتی و پیاوماقوڵانی هەندێک لەهۆزەکانی لایەنگری رێکخراوەکە بەتەنها لەفەراهەمکردنی چەکداران و وەرگرتنی ئەرکە ئیدارییەکاندا کورت نەبووەوە، بەڵکو بەپاڵپشتی رێکخراوەکە بوون بەبەشێک لەماشێنی سەرەکی ئابوری لەپێناو بەردەوامبوونی رێکخراوەکەدا”.

روونیشیکردەوە کە لەبەرامبەردا “هەندێک لەبازرگانانی کورد و ژمارەیەک لەسەرۆک هۆزە عەرەبەکان، ئەوانەی سیاسەتەکانی رێکخراوەکەیان رەتکردۆتەوەو پەنایان بۆ کوردستان بردووە، یاخود هاوکاری حکومەتەکانی پێشووتری عێراقیان کردووە، هەموو شتێکیان لەدەستدا.. ئەمڕۆکە لەدەرەوەی بازنەی ئابوریدان”.

قۆستنەوەی بێکاریی

سەرۆک هۆز و خەڵکی سەر بەهۆزەکان، کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو بەرژەوەندییانەی وایکردووە هەندێک لە ئەندامانی تیرەو هۆزەکان بە”داعش”ببەستێتەوە هەمان ئەو بەرژەوەندییانەن کە لەدوای راپەڕینەکەی ١٩٩١دا دەیبەستنەوە بەرژێمی سەدام حوسێن، ئەو رژێمەی زۆربەی پێگە ئەمنییەکانی پێدابوون، هەروەک لەگەڵ پاشەکشەی دەوڵەت لەدابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکاندا ئازادییەکی گەورەتری پێدابوون لەبواری کاری بازرگانیدا.

کاتێک رژێمی بەعس لەنیسانی ٢٠٠٣دا کەوت، پۆل بریمەری حاکمی مەدەنی ئەمریکی بڕیارێکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی بەرگریی دەرکردو بەمەش دەیان هەزار کەسی سەر بەهۆزەکان خۆیان لەناو سوپای بێکاریدا دۆزییەوە، ئەو گروپە دینییانەی لەو ناوچەیە لەگەشەکردندا بوون دەستی بەسەرداگرتن و لەشەڕی سەختی کۆڵانەکاندا بەکاریهێنان، بەرلەوەی فەرمانڕەوایەتییەکە بۆ “داعش” کۆتایی پێبێت. ئەمان بەتەنها نەبوون بەهێزی شەڕکەر بۆ رێکخراوەکە، بەڵکو بوون بەهێزی ئابورییەکەیشی دوای ئەوەی ئیدارەدانی کەرتە گرنگەکانی بازرگانی و بەرهەمهێنانەکانی دایە دەست ئەوان.

لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥- ٢٠١٤دا سوپاکەی بێکاران بەئاسانی چووە نێو ریزی گروپە چەکدارییەکان، لەپێناو نانەوەی ئاژاوەو بەدەست‌هێنانی پارەدا کردەوەی کوشتن و تەقینەوەی کاریگەرییان ئەنجامدا.

“پێویستی ماددی وای لەمانە کرد پەیوەندی بکەن بەدەوڵەتی ئیسلامییەوە” ئەمە وتەی دەستگیرکراوێک بوو لای هێزە عێراقییەکاندا، کاتێک لەدوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠١٣دا  قسەی بۆ لێکۆڵەرێکی سەر بەفیرقەی دووی سوپای عێراقی دەکرد بەتۆمەتی کوشتنی رۆژنامەنوس نەورەس نعێمی. ئەم وەڵامە لەدانپێدادانەکانیدا راشکاوانەترینیان بوو لەبەرامبەر دەستکەوتنی بڕێک پارەدا رۆژنامەنووسەکەی کوشتبوو.

ئەو کە بەهۆی ئەشکەنجەدرانەوە ئازاری لەچەند بەشێکی جەستەدا هەبوو، وتی “لەبەرامبەر بڕی ٥٠ هەزار دیناردا کوشتم، نەمدەناسی و نەشمدەزانی کارەکەی چییە… ئەوان بەناوو ناونیشانەوە لەڕێگەی کەسێکەوە پێمڕادەگەیەنن و منیش جێبەجێی دەکەم، هەندێک جار کرێیەکەشم لەکاتی خۆیدا وەرناگرم”.

شێخ مەلیح زەوبەعی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەدەدات بەوەی رێکخراوی”قاعیدە” کە دواتر لەعێراقدا بەناوی “دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی” دەرکەوت، بێکاریی لاوانی بۆخۆی قۆستەوەو توانی بەم هۆیەوە لەناو شارو لادێکاندا گروپ و پەناگەی هەبێت، ئەو ناوچە هۆزنشینانەشی کە بوون بەبیابان و لادێکانی بەتۆزو خۆڵ داپۆشران، بوون بەسەربازگەی مەشق و راهێنان و ئەمباری چەک و تەقەمەنی . ” ئەوەی لەمەدا هاوکار بووە ئەو دۆخە دوژمنایەتییە بووە بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی لەئەنجامی گرتن و رەشبگیری و سیاسەتەکانی جیاکاری تایەفیدا”.

تەئکیدیشیدەکاتەوە کە ” دەرامەتی گەورەو جێگیر، هاوکاربوون لەبەهێزبوونی دڕکی”داعش”، کەلەرێگەی پەیوەندی بەتینی بازرگانی خۆیەوە لەگەڵ هەندێک هۆزدا بەدەستدەهات. لەبەرامبەردا کۆنتڕۆلکردنی نەینەوا بوو بەهەواڵێکی خۆش بۆ ئەو کەسانەی بەدوای هەلی کاردا دەگەڕان، بەتایبەت لەدوای ئەو شەپۆلەی بەبیابانبوون و وشکەساڵیەی لەدە ساڵی رابردوودا رووی لەناوچەکە کرد و بووە هۆی نەمانی کشتوکاڵ و ناوچەکانی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لەباشورو خۆرئاوای نەینەوادا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی خەڵکی سەر بەهۆزەکانە”.

دابینکردنی مووچە، پاڵنەربوو بۆ زۆربەی هۆزەکانی ئەلبومەتیوت و حەدیدییەکان و ئەلبو بەدران و ئەلبوحەمەدو زوبێدات و حەمدون و جبور لە(ناحیەکانی شۆرەو حەمام عەلیلی باشوری موسڵ) و هۆزەکانی تورکمان، چەکدار بۆ “داعش” بنێرن.

ديوانی کۆکردنەوەی باج

دوای راگەیاندنی موسڵ وەک سەنتەری خەلافەت لەناوەڕاستی ٢٠١٤دا، “داعش” هیچ ترسێکی نەبوو لەبەشداری پێکردنی هاوپەیمانەکانی پێشووی لەناو پێکهاتە ئیدارییەکانیدا کە دایمەزراندن و بە”دیوانەکان” ناسران. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سەرۆک هۆزو تیرەکان کەهەندێکیان زۆر لە پێکهاتە ئیدارییەکانەوە نزیکن، “داعش” رۆڵ و ئەرکی “دیوانەکان”ی لەنێوان چەند تیرەیەکەی دیاریکراودا دابەشکرد.

هاشم ئەحمەد (٤٨ ساڵ) ئەفسەرێکی پۆلیسە بەپلەی رائید، پێشتر سەرپەرشتی چەندین دۆسییەی لێکۆڵینەوەی کردووە لەگەڵ ئەندامانی گروپە چەکدارییەکاندا، ئەو، هۆکاری سپاردنی ئەندامانی هۆزی سەبعاوییەکان بۆ کۆکردنەوەی باجی موڵکدارێتی لەلایەن رێکخراوی”قاعیدە” لە ساڵی ٢٠٠٤و دواتریش لەلایەن”داعش”ەوە، دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی هەردوو رێکخراوەکە لەناوچەکانی باشوری موسڵ و لەخودی گەڕەکەکانی بەری باشوری شارەکەو پەیوەندی بەتینی خەڵکی سەر بەهۆزەکە لەگەڵ رژێمی پێشووی سەدام حوسێندا”.

بەڵام لەهەمانکاتدا ئەوەشی وت کە ” ئەمە مانای ئەوە نییە تەواوی رۆڵەکانی هۆزەکە تێوەگلاون، ئەوەتا حاڵی حازر دژی رێکخراوی”داعش” لەچوارچێوەی سەربازگەی ئازادکردنی نەینەوادا، فەوجێکی گەورەی پێکهاتوو لەرۆڵەکانی ئەم هۆزە بەسەرکردایەتی فەرەج سەبعاوی لەباشوری شارەکەدایە”.

سەرچاوە ئەمنییەکانی نەینەوا پێش ساڵی ٢٠١٤ داهاتی مانگانەی”داعش”یان لەکۆکردنەوەی باجی موڵک و کەلوپەلەکاندا بەبڕی ٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەملاندووە. کە بەشێوەیەکی رێک و پێک لەبازرگان و زەڕەنگەرو کۆمپانیا لۆکاڵییەکان و پزیشک و دەرمانساز و نوسینگەکانی گواستنەوەو کارگەو دەزگاکانی چاککردنەوە وەردەگیرا. هاوکات فەرمانگە حکومییەکانی تایبەت بەبەشی گرێبەستەکانی پارێزگای نەینەوا وایدەبینن رێژەیەک لەو بڕە پارەیەی کە لەبەڵێندەران وەردەگیرێت، بۆ”دەوڵەتی ئیسلامی”دەڕوات.

لەمبارەیەشەوە لیوا مەهدی عەزاوی فەرماندەی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدڕالی(بەچەند رۆژێک بەر لەکەوتنی موسڵ بوو بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا) بەراشکاوی رایگەیاند “زۆرینەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە باج بەرێکخراوەکە دەدەن، تەنانەت هەندێک لەبەڕێوبەرانی فەرمانگە حکومییەکانیش تێوەگلاون”.

لای خۆشیانەوە چەند سەرچاوەیەکی هۆزە کاراکانی موسڵ دەڵێن رێکخراوەکە “بەرپرسیاریێتی لایەنی دادوەریی داوە بەکەسانی سەر بە هۆزە عێراقییەکان، بەپێچەوانەشەوە “بەیتولمالی موسڵمانان”ی داوە بەبیانییەکانی هەڵگری رەگەزنامەی جیاجیا کە هاوشێوەی بانکی ناوەندییە.

ئەم سەرچاوانە ئەوەش دەڵێن  ” لەکۆتایی ساڵی رابردوودا دوای بۆردومانێکی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، هۆزو عەشایەرە عێراقییەکان بەتەواوەتی لە”بەیتولمال”دوورکەوتنەوە، کە لەوکاتەدا لەناوچەی نەرگال بوو لەتەنیشت بەری چەپی شاری موسڵدا”.

نەخشەیەکی ئابوریی داعشییانە

بەهۆی هەواداربوونی ئەو هۆزانەی بەیعەتیان بەرێکخراوەکەداوە، یاخود ئەوانەی بەبەردەوام سەرۆک و رۆڵەکانیان دەبوونە ئامانجی چەکدارەکانی رێکخراوەکە بەمەبەستی گەرەنتی بەدەستهێنانی وەلای کەسایەتی و شێخەکانی دیکەی هۆزەکان، بۆمان رووندەبێتەوە ئەو ناوچانەی تێیدا زۆرینەن، نەخشەی ئابوری و سەرچاوەی سەرەکی پارەدارکردنی”داعش”ن.

قورسایی ئەو خەلافەتەی رایگەیاند، چەندین پاڵاوگەو بیری نەوت و هێڵی گواستنەوەو سەنتەری بازرگانی لەناو سنورەکەیدا هەیە.

گەشتی ئەم هەواداربوونەی هۆزەکان بۆ رێکخراوەکە لە ناحیەی رەبیعەوە دەستپێدەکات کە بە١٢٠ کم دەکەوێتە خۆرئاوای موسڵ، زۆرینەی دانیشتوانی ناحیەکە سەر بەهۆزی شەمەڕن، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی دۆستانەی راگەیەنراو لەنێوان داعش و ئەم هۆزەدا نییە، بەڵام رێکخراوەکە بەر لەداگیرکردنی موسڵ، بەشێوەیەکی هەواڵگرییانە جوڵەی ئەو کەلوپەلانەی کۆنترۆلکرد کە لەم دەروازە سنوورییەوە دەهێنران، ئەمەش بۆخۆی بوو بەداهاتێکی جێگیر، بەهۆی ئەوەی بڕی ٣٠٠ تا ٦٠٠ دۆلاری لەهەر بارهەڵگرێک وەردەگرت، بەپێی جۆری بارو کەلوپەلەکە.

ئەحمەد حازم کە ئەفسەرێکی سوپای سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن بووە بەپلەی مولازمی یەکەم، دواتریش لەگەڵ چەندین گروپی چەکداریی جیاوازدا کاریکردووە، پێش ئەوەی سوپای ئەمریکا دەستگیری بکات و لە ساڵی ٢٠١٠دا ئازدی بکات، پاشان پەیوەندی بەهێزەکانی پۆلیسەوەو لەسەرەتای تەمموزی ٢٠١٤دا لەلایەن رێکخراوەکەوە دەستگیرکراو دوای تەوبەکردن ئازادکراوە.

ناوبراو (لە ٢٧ی تەموزی ساڵی رابردوودا لەگەڵ ١٩١ کارمەندی دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی نوسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نەینەوادا بەدەستی چەکدارانی رێکخراوەکەوە لەسێدارەدراوە) بەڵام بەر لەوەی جارێکی تر دەستگیر بکرێتەوەو لەسێدارەبدرێت لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاندووە رێکخراوەکە ” لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەدرێژایی رێگای نێودەوڵەتی دزەکراوی دەروازەکەوە تاکو عیازییەو حمێدیات و تادەگاتە “دەرگای شام” کە دەروازەی خۆرئاوای موسڵە، چاودێری جوڵەی بارهەڵگرە بازرگانییەکانی کردووەو کەمینی بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان داناوەتەوە”.

ئاماژەشیدا بەوەی “هەمان ئەو چەکدارانەی ئەم کارەیان کردووە ئەمڕۆکە ناوچەکەیان کۆنتڕۆلکردووە، لەبەرئەوەی خەڵکی ناوچەکەن و سەر بەهێزەکانی جوحەیش و ئەلبومەتیوت و دەولەو لویزییەکان و ئەلبوحەمدان و لهێب و جبورو مەعامرەو ئەلبو سەلامەو جەرجەریی و هەندێک هۆزی تورکمانین”.

بەوردبوونەوە لەئاراستەی نەخشەی “داعشی”، دەردەکەوێت ئەم رێکخراوە لەقەزای تەلەعفەر  توانیویەتی پایەی خۆی لەسەر چەکدارانی هۆزە تورکمانییەکان راگرێت، و لەمانگی ئابی ٢٠١٤دا ئەرکی سەرکردایەتی “غەزوی شنگال”ی پێ راسپاردن، بەپێی لێدوانی هاشم ئەحمەدی ئەفسەری پۆلیس بەپلەی رائید.

بەعاج لەباشوری خۆرائاوای نەینەوایە، کە بەشێکە لەو بیابانەی سنورەکەی لەگەڵ سوریاو پارێزگای ئەنباڕدا کراوەیە، کە ٨٠%ی دانیشتوانەکەی سەر بەهۆزی ئەلبوحەمدانە، لەدوای ئەویش هۆزەکانی شەمەڕو زوبێدات و عگێدات و صەکورو عەیالی شێخ و جبور دێن، ئەم رێگایەش رێڕەوێکی مێژووییە بۆبەقاچاغبردنی نەوت و چەک و چەکدارەکان، هەروەها پەناگەیەکی سەرەکییە بۆ سەربازگەکانی رێکخراوەکە.

فاروق زوبێدی(٣٣ ساڵ) یەکێک بووە لەناودارترین قاچاغچییەکانی بەعاج، بەر لەوەی ببێتە چەکداری رێکخراوەکەو مانگانە بڕی ٤٠٠ دینار وەرگرێت(نزیکەی ٣٣٠ دۆلاری ئەمریکی)، لەپەیوەندییەکدا لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە هێمای بۆ ئەوە کرد کە ئەوەی ئێستا دەیکات نامۆ نییە بەو چاڵاکییانەی پێشتر خەریکیان بووەو وتی “ژیانم وەک زۆربەی خەڵکی گوندەکەمان گوزارشت بووە لەراوەدونان و راکردن لەدەست پۆلیسی سنوور، جیاوازییەکە ئەوەیە پێشتر لەپێناو بەدەستهێنانی پارەدا دەجەنگام ئێستایش سوپاس بۆخوا دەوڵەتی ئیسلامیمان هەیە و دەجەنگم بۆئەوەی پاداشتی خۆم وەرگرم لەو کارانەی کە دەیکەم”.

نەوت بەمۆرکێکی عەشایەرییانە

بەبەردەوامبوون لەبەدواداچونی نەخشەکەو گەیشتن بەشاری موسڵ و ناوچەکانی باشورییەوە، رۆڵ و دەسەڵاتی هۆزی ئەلبوبەدران دەردەکەوێت، کە خەڵکەکەی دابەشبۆتە سەر چەندین گوندی باشوری موسڵ، دیارترینیان گوندی “جەڕن”ە، لەناوچەکانی بەری چەپی شارەکەشدا وەک ناوچەکانی موشەیرەفەو تەل رومان و زەنجەلی و ئیسڵاح. ئەم ناوچەیە بەوە جیادەکرێتەوە هێڵی شەمەندەفەری پێدا تێپەڕ دەبێت، رێگەیەکە بەستراتیژیی ناسراوە لەگەڵ رێگای وشکانی نێودەوڵەتییدا.

لەوپەڕی باشوریی موسڵەوە نفوز و دەسەڵاتی هۆزی جبور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٢٠٠ کم دەبێت لەناحیەکانی حەمام عەلیل و قیسارەو شورا لەباشورەوە، بەنێو قەزاکانی شەرگاتی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین تێدەپەڕدەبێت، تادەگاتە قەزای بێجی کە گەورەترین پاڵاوگەکانی عێراق لەخۆوەدەگرێت.

کاتێک قسە دێتە سەر نەوت و سامانی ژێرزەوی، کەسانێکی سەر بەهۆزی جبور بەهێزەوە لەم دیمەنەدا دەردەکەون، بەهۆی ئەوەی خاڵ و رێگاکانی گواستنەوە دەکەوێتە ناوچەکانیانەوە، بەدیاریکراوی لەناحیەی گەیارە، ئەو شوێنەی یەکێک لەکۆنترین ئەو بیرە نەوتییانەی تێدایە کە کۆمپانیای پێگەیاندنی بیرە نەوتییە بەریتانییەکان لەساڵی ١٩٢٧دا دۆزیویەتیەوەو یەدەگەکەی بە٨٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورس دەخەملێنرێت. هەروەها لەناحیەی حەمام عەلیل ئەمبارە نەوتییەکانی لێیەو بۆڕییەکانی نەوت و بەرهەمەکانی دیکەی سوتەمەنی لەپاڵاوگەی بێجییەوە پێدەگات، بەهەمان شێوە کارگەی غازی لێیە، دواهەمینیشیان ناحیەی شورایە کە شوێنی کانە گۆگردی میشراقە، رێگای نێودەوڵەتی نێوان موسڵ و بەغداش بەنێو هەر سێ ناحیەدا تێپەڕدەبێت.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، دەربارەی ئامادەبوونی جبورییەکان لەم سێ ناوچەیەدا وتی “هەندێک کەسی سەر بەم عەشیرەتە بەهۆی بازرگانی نەوتەوە سوودیان لە”داعش”بینیوە، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەم هۆزە زیاتر لەهەمووان بەهۆی نەوتەوە بەئامانجگیراوە، بەمشێوەیە رێکخراوەکە  دەیان کەسایەتی و سەرۆک و موختاری لادێکانی سەر بەم هۆزەی لەباشوری موسڵدا کوشتووە. ئەوانەی کە دەربارەی ئاراستەکانی بەقاچاغبردنی نەوت و فرۆشتنی لەلایەن”داعش”ەوە قسەیان کردووە”.

بەکردارو لەکاتی ئامادەکردنی ئەم بەدواداچوونەدا، رێکخراوەکە بەتۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتەکەی بەغدادا هەواڵی لەسێدارەدانی چوار موختاری سەر بەم هۆزەی لەناوچەی حەمام عەلیلدا راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو موختارانەی هەرسێ ناحیەی (گەیارەو شورەو حەمام عەلیل)لەماوە ئەمساڵەدا گەیشتە ١١ کوژراو.

غەسان عەبد جبوری کە لە سییەکانی تەمەنی خۆیدایە، وتی “چەند کەسێکی سەر بەهۆزەکەم لە حەمام عەلیل(٣٥کم باشوری موسڵ) ئەرکی پاراستن و گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەکانیان لەئەستۆگرتووە، هۆکاری ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێکارییە گەورەیەی لەدوای ٢٠٠٣ەوە ناوچەکەی گرتۆتەوەو وتیشی “هیچ رێگەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە، بێجگە لەتێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی رەشی نەوت یان چوونە نێو ریزەکانی داعش”.

چاڵاکی خەڵکی سەر بەم هۆزە بەرەو ناوچەی خۆرئاوای موسل درێژدەبێتەوە، کەتێیدا چەندین کارگەی دووبارە ئامادەکردنەوەی نەوتی سەرەتایی گوازراو هەیە، هەریەکێکیان رۆژانە نزیکەی ٣٠ بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، بەسەرپەرشتی ئەندازیارێک و ١٠ کرێکارو بەتێکڕای فرۆشتنی رۆژانەی نزیکەی ٢٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەپێی لێدوانی چەند سەرچاوەیەک لەناوچەکەدا، لەوانە زاهد مستەفا، کە ئەفسەرێکی سوپای پێشوو بووە بەپلەی نائب زابت و ئێستاش لەموسڵ نوسینگەیەکی فرۆشتنی نەوتی هەیە.

مستەفا دەڵێت ” داعش “دیوانی ماددەی خاو”ی دامەزراندووە، (لەبەرامبەر وەزارەتی نەوت و سامانەکانی ژێرزەویی)، سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و بەشێک لەبەرهەمەکە بۆ سوریا دەگوزێتەوە، بێجگە لەوەی لەپارێزگای نەینەوا بەهۆی کەمی گازوایلەوە، نەوتی خاو بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ موەلیدەی کارەباو دیزڵی ئەهڵی تەرخاندەکات، ئەمەش رۆژانە بەشێکی کارەبای هاوڵاتیانی موسڵ دابیندەکات. لەکۆتایشدا هێمای بۆئەوەکرد کە “ئەو توانا مرۆییەی ئەم ئیمپراتۆریەتە نەوتییە بەڕێوەدەبات، تەنانەت ئەوانەیشی لەدیوانی ماددەی خاودا نوێنەرن، کەسانی سەر بەهۆزی جبورن”.

ئەم ماشێنە ئابورییە وابەستەکراوە بەهۆزەکان، وایکردووە رێکخراوەکە بەرهەمە نەوتییە جۆراوجۆرەکان فەراهەم بکات. نرخی بەنزین بەپێی جۆرو کوالیتییەکەیەتی لەنێوان ١٠٠٠ و ١٧٠٠ دیناردایە بۆ هەر لیترێک، نرخی بوتڵێک غازی شلیش لەنێوان ٣٠-٣٥ هەزار دیناردایە.

دانیال گلێزەری بریکاری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی بۆپارەدارکردنی تیرۆر لەنوسینگەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، پێش چەند رۆژێک بەئاژانسی ئەسیۆشیەیتد پرێسی وتووە.. “داهاتی نەوتی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ساڵانە دەگاتە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەم داتایەش بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامانە دەرکەوتووە کە ئاماژەدەدەن بەوەی رێکخراوەکە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە مانگانە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری لەبواری نەوتدا دەستدەکەوێت. هەروەها لەوبڕوایەدایە ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت لەرێگەی سەپاندنی “باج” بەسەر چاڵاکی بازرگانی لەو ناوچانەی کۆنترۆلی کردوون.

بەهەمان شێوە رێکخراوەکە حاڵی حازر ١١ بیری نەوتی لەعێراق و سوریادا کۆنترۆلکردووە، لەوێوە بەهۆی بارهەڵگرەوە نەوتی دەرهێنراو دەخاتە ناو بازاڕی رەش لە ئەردەن و تورکیاو عێراقدا.

سامانی “داعش” بەم شێوە ریزبەندییە تیرەگەرییەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا دابەشدەکرێت،بەم ریزبەندییەش هێزەکانی خۆی بردە ناو شاری موسڵ و تەنها لەماوەی چەند رۆژێکدا بەردەوام بوو لەسەر بەرەوپێشچوونەکەیدا، تا گەیشتە قەزای بێجی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین(نزیکەی ٢٠٠ کم باشوری موسڵ).

لەم باسکردنەدا راپۆرتی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنە پەرلەمانییە هات کەتایبەت بوو بەدەرخستنی راستییەکانی کەوتنی موسڵ، سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکەش تەئکیددەکەنەوە، هەروەها سەرکردە ئەمنییەکانیش لەوێ بوون.

سەرەنجام رووی ئابووری موسڵ لەدوای ٢٠١٤و بزاڤی بازرگانی بەهەموو شیوە جیاوازەکانییەوە، بەتەنها سەرچاوەی پارەدارکردن نەبوون بۆ “داعش”، بەڵکو بەدرێژایی ئەو چەند مانگەی رابردوو هاوکاربوو لەمانەوەی ئەو شارانەی کەوتوونەتە ژێر دەستی رێکخراوەکەو زیندوو مانەوەی دانیشتوانەکەی.

یەکێک لەو ئەندازیارانەی لەبواری دووبارە ئامادەکردنەوەی نەوت لەشاری موسڵ کاردەکات، ناوی “ئەحمەد”ە، دەلێت “گەشانەوەی پاڵاوگە نەوتییە لۆکاڵیەکان و جوڵەی بازرگانی بەرهەمی نەوتیی  و کاڵاکان لەڕێگەی سوریاو تورکیاوە، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لەرێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی کە رەنگبوو روبەڕووی دانیشتوانی ناوچەکە ببێتەوە، بەڵام بەدیوێکی تر بوون بەدەرامەتی باش بۆ رێکخراوەکە، بەشێوەیەک هاوکاربوو لە ئیدارەدانی شەڕەکان و دووبەرابەربوونی توانا داراییەکەی”.

 

هۆزەکان و رزگارکردنی موسڵ

“داعش” لەرێگەی بەوردی داڕشتنی سیاسەتەکانەوە، پارێزگاری لەبونیادی عەشایەری موسڵ و دەوروبەرە جوگرافیەکەی کرد، کە پێشتر بەدرێژایی چەندین دەیە بەهاوسەنگی بەردەوام ببوو، بەڵام لەناوەوەدا سودی لەخاڵە لاوازەکانی پێکهاتەی عەشایەری و دابەشبوونی بەردەوامی تایەفی بینی. هەروەها ناکۆکی خستۆتە نێو کەسایەتییەکان لەسەر نوێنەرایەتیکردن و رابەرایەتیکردنی هۆزەکانیان.

عەباس حوسێن چاڵاکی مەدەنی بایەخدەر بەکاروباری نەینەوا، دەلێت “ئەو ژینگە عەشایەرییە بۆ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی نموونەیی بوو، لەڕێگەی تۆقاندن و ئارەزوو دروستکردنەوە وایلێکرد بتوانێ کەسایەتییەکانی هۆزەکان بێنێتە ناو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەدانی موسڵ دایمەزراندن، وەک درێژکراوەیەک بۆ نوێنەرایەتی هۆزەکان لەبونیادی ئیداری و ئەمنی و ئابوری شارەکە لەسەر ئاستێکی سیمبۆڵیدا”.

حوسێن ئاماژەشیدا بەوەی رێکخراوەکە سەرکەوتوو بووە لەبەهێزکردنی دەسەڵات و توانای خۆی لەناو بونیادی هۆزەکاندا، ئەمەش لەڕێگەی “دانانی تۆڕی بەرژەوەندیی ئابورییەوە دەبێت، بەو پێیەی پێداویستییەکانی دانیشوانی ناوچەکە سەپاندوویەتی لەپێناو مانەوەو بەردەوامیدان بەژیانیان، بێجگە لەحەزو ئارەزووی پارەو دەسەڵات لای هەندێک لە سەرۆک هۆزەکان، ئەمەش وایکردووە لەدەرەنجامدا داعش دەرامەتی دیکەی دەستبکەوێت ببێتە مایەی زیاتر بەهێزبوونی”.

تێگەیشتنی “داعش” بۆ ئەو هێزەی لەهۆزەکانەوە دێت، هەروەها هەوڵەکانی بۆکۆنترٶلکردنی هۆزەکان و قۆستنەوەیان لەپێناو پتەوکردنی دەسەڵات و تواناکانی خۆی، و رێگرتن لەهەر حاڵەتێکی یاخیبوونیان، وایلێدەکات وەڵامی هەبێت بۆهەر هەوڵێکی چاوەڕوانکراوی حکومەت لەپێناو راکێشانی هۆزەکان بۆلای خۆیدا، بۆنموونە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، لەگەڵ دەستنیشانکردنی نەوفەل عاکوبی کەسایەتی هێزی ئەلبوحەمەد وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، رێکخراوەکە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تێیدا طەڵال عاکوبی سەرۆکی هۆزەکە دەردەکەوێت و بێبەریبوونی خۆی لە”پارێزگاری نوێ” دەربڕی و بەیعەتی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی “تازەکردەوە”.

ئینتیسار جبوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو تۆڕەی بەرژەوەندییانەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بونیادی ناوە، داوای گەڕانەوە دەکات بۆ ئەزموونی سەرکەوتووی هێزەکانی صەحوەی ساڵی ٢٠٠٦، بۆئەوەی بتوانرێت پاڵپشتی هۆزەکان بەدەستبێت بەوپێیەی “رۆژ لەدوای رۆژ لەنێو هۆزەکاندا هەستی رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی داعش پەرەدەسێنێت”. داواشیکرد هاوکاری سەربازی ئەوانە بکرێت کەدەیانەوێ بەچەک روبەڕووی رێکخراوەکە ببنەوە، بەتایبەت ئاوارەبووەکان، هەروەها دەڵێت “دڵنیام ئەم کارە خەڵکی دیکەی سەر بەهۆزەکان هاندەدا شۆڕشێک بۆ وەدەرنانی تاهەتایی داعش بەرپابکەن”.

بەڵام خانمە چاودێری سیاسی ویجدان نافیع وایدەبینێ چارەسەرکردنی کێشەی تێوەگلانی عەشایەری لەگەڵ”داعش” بەتەنها حساباتی سەربازیی، وەک “سوڕانەوە بەدەوری بازنەیەکی بەتاڵ وایە”. ئەوانەی بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێن لەکۆتایی تونێلەکەدا هیچ تروسکاییەک نابینن”. ئەو پێیوایە “تائێستاش سەرجەم ئەو هۆکارانە ماون کە بوونەتە هۆی هاریکاری هۆزەکان لەگەڵ ئەم رێکخراوە توندڕەوەدا، وەک ئەو چەوساندنەوەیەی خەڵکی سوننەمەزهەب هەستی پێدەکەن، مافخورانیان، ئامادەنەبوونیان لەسەر ئاستی دەوڵەت، بگرە لەگەڵ وێرانکردنی ژێرخانی نەینەوادا هۆکاری دیکەی بۆزیاد بووە.

نافع هۆشداریشیدا لەوەی “هەر سەرکەوتنێکی پێشبینیکراوی هێزە عێراقیەکان و لەگەڵیشیدا هاوپەیمانان بۆلەناوبردنی”داعش” نابێتە سەرکەوتنی یەکجارەکی، چون ئەگەر ئەم دۆخە بابەتیی و سیاسیی و ئابوریی و رۆشنبیرییە بەردەوام بێ کە پێشتر هاوکاربوون بۆلەدایکبوونی”داعش”و هەڕەشەکردنی گۆڕینی نەخشەی وڵاتانی ناوچەکە، ئەوا هێزی دیکە دەردەکەون”.

  • ئەم بەدواداچوونە بەهاوکاری تۆڕی رۆژنامەوانی بەدواداچوونی عێراقی(نیریج)و بەسەرپەرشتی رۆژنامەنوس کمي مولحم بەرهەمهاتووە.

 

ايلول سبتمبر 2015

September 2015



لەگەڵمان بن لە فەیسبووك