Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

هۆزەکانی نەینەواو”دەوڵەتی خەلافەت”.. تۆڕی بەرژەوەندیی و هاوسەنگیە کۆنەکان نەخشەی دەسەڵات و خاڵە بەهێز و لاوازەکان دادەڕێژێت

224

داعش چۆن توانی بەسوودوەرگرتن لەدەسەڵات و توانای هۆزەکان، دەوڵەتەکەی خۆی دابمەزرێنێت؟

نەینەوا – عادل كەمال ومحەمەد عەواد

شێخ و سەرۆک هۆزەکان لەبەردەم هۆڵەکەدا بەرەو لای”خەلیفە” ئەبوبەکری بەغدادی دەچن، پەنجەی شایەتمانیان بەرزکردۆتەوە بۆبەیعەتدان و بەڵێندەدەن ئاڵای”دەولەتی ئیسلام” بەرزبکەنەوە.

رێکخراوی داعش کە لە١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا نەینەوای کۆنتڕۆلکرد، ویستی بەم شێوە ملکەچبوونە وێنەی ٣٠ سەرۆک و شێخی گەورە هۆزەکانی نەینەوا نیشانبدات بۆماوەی ١١ خولەکی تەمەنی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە ١ی نیسانی ٢٠١٥دا بڵاویکردەوە بەناونیشانی”هۆزەکانی نەینەوا بەیعەتییان تازەکردەوەو ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوە”.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکە لەدەمووچاوی هەندێک سەرۆک هۆزدا دیاربوو بەناچاری هاتبوون، تەنانەت هاوێنەی کامێراکانیش نەیانتوانیبوو نیشانەی دڵەڕاوکێی ئەم هاتنەیان بشارێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا هەندێکیان لەکاتی پێشکەشکردنی وتەکانیاندا بەشانازییەوە باسیان لەرێککەوتنی درێژخایەنی هاوکاریکردنی خۆیان دەکرد بۆ”دەوڵەتی ئیسلامی”.

ئەم چەند خولەکە گوزارشت بوو لەسیاسەتی تێوەگلان و هەوڵی رێکخراوەکە بۆ روخانی پردەکانی متمانە لەنێوان زۆربەی سەرۆک هۆزەکان و حکومەتی ناوەندی بەغدا، کەهەر لەبنچینەدا پەیوەندییەکە قەیراناوی بوو، هەروەها هەوڵێک بوو بۆ تێکشکاندنی هەیبەتی عەشیرت و هۆزەکان.

ئەم سیاسەتەی بەستنەوەی هۆزەکان بەرێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەرهەمی ساڵێکی فەرمانڕەوایەتی رێکخراوەکە نەبوو، بەڵکو رەگ و ریشەکەی بۆ رێکخراوە توندڕەوەکانی پێشووتر دەگەڕیتەوە، وەک ئەنسار ئیسلام و قاعیدە، زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن ژمارەیەک سەرۆک هۆز و تاکەکەس پێشتر پاڵپشتی خۆیان راگەیاندووەو بەشێکیشیان دژی بوون، بێجگە لەکارمەندانی دەزگاکانی ئەمنی و بەرپرسە لۆکاڵیەکان و سروشتی رۆلی کەسایەتییە عەشایەرییەکانی ناو دەزگاکانی رێکخراوەکە لەشاری موسڵی سەنتەری خەلافەتەکەیدا.

گێڕانەوەکان ئاشکرایدەکەن کە “دووانەی سزاو پاداشت” لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا شێوەی “گرێی لەئارای” داڕشتووە، تا ئەوکاتەی رێکخراوەکە گەورە دەبێت و “خەلافەت” یەک لەسەر سێی خاکی عێراق دەگرێتەوە.

بەیعەت بەر لەداگیرکردنی موسڵ

“خەبەرم بووەوەو لەسەر شۆستەکەدا خۆم بینیەوە فڕێدرابوومە تەنیشت ئەو، دەستی راستم لەنێو گەرمایی خوێنی ئەودا بوو، کەچی کارمەندانی ئاسایش لەدوورەوە چاودێرییان دەکردو نەیاندەوێرا چەکەکانیان بەرزبکەنەوە”.  براکەی شێخ بەرزان بەدرانی بەم شێوەیە باسی رووداوی کوشتنی بەرزانی کرد کە رۆژی ٢٧ی ئابی ساڵی ٢٠١٣ بەنوێژی نیوەڕۆ بەگوللەی ئەو چەکدارە نەناسراوانە کوژرا کە بەدرێژایی چەند ساڵێک زۆربەی رووداوەکانی کوشتنیان لەموسڵ ئەنجامداوە.

رژانی خوێنی شێخ بەرزان داڕشتنی سیناریۆی کوشتنێکی ئاشکرای یەکێک لەکەسایەتییە کاریگەرەکانی پارێزگای نەینەوا بوو کە لەدایکبووی(ساڵی ١٩٧٨) بوو واتا لەسییەکانی تەمەنی خۆیدا بووەتە سەرۆکی هۆزی بەدرانی، ئەو بەوە ناسراو بوو دژی ئەمریکییەکان و حکومەتەکەی بەغدایە، هەروەها  یەکێک بووە لەدیارترین سەرکردەکانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان کە بەدرێژایی چەندین مانگ بەگۆڕەپانی “ئەحرار” ناسرابوو، تێیدا سیاسەتەکەی بەغدای سەرکۆنەدەکرد کەبریتی بوو لە دەستگیرکردنی هاکەزایی و جیاکاریی تایەفی، جارێکی تر ئەم سیناریۆیە لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣ بەشێوەیەکی”خوێناویی” دووبارەبووەوە لەدوای زیادکردنی وشەی “شام” بۆسەر ناوی “دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق” و ناسرانی لەدەزگاکانی راگەیاندندا بە”داعش” .

ژمارەی شێخ و سەرۆک هۆزە کوژراوەکان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ بەولاوە واتا لەدوای دامەزراندنی “دەوڵەتی ئیسلامی”یەوە گەیشتە ١٦ ناو، لەنێو لیستێکدا کە ٢٤ کوژراوی شێخ و سەرۆک هۆزی لەخۆوەگرتبوو.

مەحمود بەدرانی برا رزگاربووەکە، دەڵیت “داعش” لەساڵی ٢٠١٢دا بەنهێنی بەیعەتی بەشێک لەسەرۆک هۆزەکانی بەدەستهێنابوو، دواتریش هەموو ئەوانەی رەتیان کردبووەوە بەیعەتەکە بدەن یان پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی ناوەندییەوە مابوو، کردنی بەئامانج، یەکێک لەوانە شێخ بەرزان بوو.

وتیشی “داعش بەر لەوەی هێرشبکاتە سەر موسڵ. لە حوزەیرانی ٢٠١٣ەوە ئامادەکاری کردبوو، شێخ بەدران و بەشێکی تر لەسەرۆک هۆزە کاراکان رەتیان کردبووەوە لەگەڵ نێردراوانی رێکخراوەکەدا بەردەوام بن، هێرشەکەی بۆ ماوەی ساڵێک دواخست تا ئەوکاتەی یەک بەیەکەی سەرۆک هۆزەکانی کوشت”.

لەماوەی ئەو ساڵەدا “داعش” گەورەترین هەڵمەتی کوشتنەکانی لە موسڵ دەستپێکرد، کە هاوکات لەتەک سەرۆک هۆزەکاندا لیستێکی درێژی ناوی رۆژنامەنووس و پارێزەر و پزیشک و فەرمانبەرو بازرگان و کارمەندانی سوپاو پۆلیس و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی لەخۆگرتبوو، بۆیە لەپاڵ شاڵاوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێڵ و بۆمبی چێنراودا کە “سزای بەکۆمەڵ” بوو، شارەکەی کرد بە گۆڕەپانی شەڕ و زۆربەی لایەنەکانی ژیانی پەکخست.

سەعد زەغلول شاعیرێکی عێراقی بوو، بێجگە لەوەی وتەبێژ بوو بەناوی ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری نەینەوا، یەکێک بوو لەقوربانیانی ئەم شاڵاوانە، کاتێک سەرلەبەیانی ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ بەئۆتۆمبێڵ بەرەو سەرکارەکەی دەچوو، لەلایەن چەکدارەکانەوە گوللەباران کرا، بۆماوەی چەند هەفتەیەک بەتەواوەتی دەرنەکەوتبوو رێکخراوەکە دەستی هەبووە لەکوشتنی ناوبراودا، تا ئەوکاتەی واسق زەغەنفەریش کوژرا کە لەدوای ئەو، پۆستی وتەبێژییەکەی پێسپیردرابوو، ئەویش بەهەمان شێوە راگەیاندنکارێکی ناوداربوو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پڕبینەری هەبوو.

سەعد سابت هاوڕێیەکی نزیکی هەردوو کوژراوەکە بوو، بۆ ماوەیەک لەگەڵ هەردووکیان لەنوسینگەکەدا کاریکردووە، وتی “دانانی پرسە بەهیچ شێوەیەک نەدەوەستا، رۆژانە لەپرسەیەکەوە بۆ پرسەیەکی تر دەچووین، لەخۆمان دەپرسی تۆبڵێی جاری داهاتوو سەرەی ئێمە نەیەت، روونیش بوو تیرۆریستەکان لوولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی ناوە ناسراوەکانی شارەکە دەکرد”.

هێرشەکە ساڵێکی تەواو دواخرا

بەمشێوەیە ئامادەکاری کرا بۆداگیرکردنی دووەم گەورە شاری عێراق لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لەڕێگەی کوشتنی دیارترین کەسایەتییە ئامادەو کاریگەرەکانی، دوای ئەوەی وادەی چاوەڕوانکراوی پەلاماردانەکە حوزەیرانی ٢٠١٣ بوو، یاخود ساڵێکی تەواو پێش کۆنتڕۆلکردنی تەواوەتی شارەکە.

بەڵام تەواوکردنی لیستی کەسە بەئامانجگیراوەکان کەمێک پلانەکەی دواخست، ئەمەش لەلایەن یەکێک لەئەندامە ناسراوەکانی رێکخراوەکەوە تەئکیدکرایەوە کەلەڕێگەی تۆڕی کۆمەلایەتی تویتەرەوە پەیوەندی پێوەکراوە.

ئەم کەسە ناوە خوازراوەکەی لەناو رێکخراوەکەدا ئەبو قەتادەیە،  ئاماژەیدا بە دامرکاندنەوەی مانگرتنەکانی قەزای حەویجە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، ئەوکاتەی سەرکردەکانی مانگرتنەکانی موسڵ کە زۆربەیان سەرۆک هۆزو کەسایەتییەکان بوون بریاریاندا  کۆتایی بە مانگرتنەکان بێنن و “نەفیرعام” دژی دەوڵەت رابگەیەنن.

لەو سەروەختەدا “داعش” خەریکی ئامادەکاریی بوو بۆ”فەتحکردنی موسڵ” لەحوزەیرانی هەمان سالدا، بەلام ترسی بەیەکدادانی لەگەڵ گروپە ئایینی و عەشایەرییەکانی وەک نەقشبەندی و ئەنجومەنی سەربازی عەشایەری نەینەوا، ئەو ئەنجومەنەی دەربارەی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی عەشایەری قسەیدەکرد، وای لەسەرکردەکانی رێکخراوەکە کرد پەلە نەکەن لەجێبەجێکردنی پلانەکانیان، ئەبو قەتادە لەمبارەیەوە دەڵێت “نەماندەویست هیچ لەو سەرکەوتنانەی کەبەدەستیدێنین بۆ سەرکردەی ئەو گروپ و عەشایەرانە بێت”.

هەروەها ئاماژەیدا بەوەی کە “هۆزەکانی نەینەوا لانیکەم دوو ساڵ بەر لەکۆنتڕۆلکردنی موسڵ بەیعەتیان بە رێکخراوەکەدابوو، ئەو بەیعەتەی کەدابوویان بریتی بوو لە پاڵپشتیکردنیان لە “بونیادنانی دەوڵەتی خەلافەت بەگیان و ماڵ”، هەرکەسێکیش پاشگەزبێتەوە واتە “هەڵگەڕاوەتەوە” ئەمەش سزاکەی مردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵە، “هەرچی ئەو سەرۆک هۆزانەیە کە بەیعەتیان پێنەدابووین، پێویست بوو لەسەریان ئەوکاتە تۆبە بکەن”.

 

بەیعەتدان لەژێر هەڕەشەدا

شێخ مستەفا عوبەیدی یەکێکە لەکەسایەتیەکانی تیرەی عوبەید لەقەزای حەزەر(٦٠ کم باشوری موسڵ) تەئکیدیدەکاتەوە کە “داعش هێرشی بۆسەر موسڵ ئەنجامنەدا بۆئەوەی کۆنتڕۆلی بکات، تا ئەوکاتەی بەیعەتی هۆزەکانی دەوروبەری شارەکەی بەدەستهێناو سزای ئەوانەیشیدا کە رەتیانکردبووەوە بەیعەت بدەن، دواتر بەهێز زۆربەی هۆزەکانی ناچارکرد بەیعەتی پێبدەن”.

شێخی ناوبراو لەدوای دەستبەسەرداگرتنی شارەکەدا رایکردووەو لەتورکیا گیرساوەتەوە، روونیکردەوە کە “داواکاریی بەیعەتدان یەکەم کارێکە لەساڵی ٢٠٠٦ەوە بەهەردوو شێوازی تاکەکەسی زۆر نهێنییەوە بەرەبەرە ئاراستەی ئەندامانی هۆزەکان یاخود سەرۆک و کەسایەتییەکان دەکرا، تا ساڵی ٢٠١٣ بەردەوام بوو”. وتیشی “هۆکاری مۆرکی تیرەگەریی بۆ بەیعەتدانەکان ئەوەیە تێکڕای ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ دانیشتوانەکانیان لە تیرەو هۆزەکان پێکهاتوون”.

هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەچڕی لەشەقامەکانی شارەکەو شارۆچکەکانی دەوروبەردا هەبوون لە دوای پێکهێنانی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای راستەوخۆ وابەستە بەسەرۆک وەزیران، واتا لە١٠ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە نەیانتوانی رێگە لە بەیعەتدانە ناچاریی و ئارەزوومەندەکان بگرن، تا ئەوکاتە لەکۆتاییدا شکست و داڕوخانە گەورەکە روویدا، لەوێوە هۆزەکان پەلەیان کرد لەراگەیاندنی هەڵوێستە راشکاوانەکەیان.

شێخ و سەرۆک هۆزە “ساختەکان” و “رەسەنەکان”

شێخ رەفعەت وەرشان، یەکێکە لەسەرۆک هۆزەکانی حەدیدییەکان، زۆر بەکورتی کۆمێنتی خۆی راگەیاند لەسەر بەشداریکردنی چەند کەسێکی هۆزەکەی لە گرتە ڤیدیۆکەی “تازەکردنەوەی بەیعەت”داو وتی “هۆزەکەی لە نەینەوا بۆتە قوربانی و بەشێکی کەم لەکەسایەتییەکانی ئارەزومەندانە تێوەگڵاون، لەهەمانکاتدا زۆربەیان ناچارکراون ملکەچ بن”.

وەرشان رەتیکردەوە روونکردنەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بدات و تەنها ئەوەی وت “کەسوکارم لەلای رێکخراوەکە “دیلکراون” هەر وشەیەک دەربڕم ئەوان باجەکەی دەدەن”.

رۆژنامەوانێکی پێشووی نیشتەجێی موسڵ کە سەر بەیەکێک لەهۆزە دیارەکانەو داوایکرد ناوی بلاونەکرێتەوە، توانیویەتی لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥دا کەسوکارەکەی جێبهێڵێت و لەهەولیر بگیرسێتەوە، وتی ” کۆبونەوەکەی ٣٠ سەرۆک هۆزەکە بەدیاریکراوی رۆژی ٢٣ی ئاداری ٢٠١٥ لەهۆڵی ئەندازیارانی خۆرهەڵاتی شارەکەدا ئەنجامدراوە، وێنەگرەکەش ماوەی یەک هەفتەی تەواو سەرگەرمی ئامادەکردنی گرتەکە بووە”.

هەندێک کەس کە لەگرتەکەدا دەرکەوتوون وەک ئەم رۆژنامەوانە ئاشکرایدەکات “سەرۆک هۆزی رەسەن نین” و هۆزەکان دانیان پێدانانێن، لەمبارەیەوە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت “شێخ محەمەد عەبدولسەلام لەگرتە ڤیدیۆکەدا لەریزی سێیەم دانیشتووە، وەک سەرۆک هۆزی عەبادە، لەکاتێکدا سەرۆک هۆزی عەبادە وەک زانراوە ناوی بوراق گعودە، هەمان شت لەهۆزی حەدیدییەکان روویداوە بەوەی کە سەرۆک هۆزە ئەسڵیەکە شێخ ئەحمەد وەرشانی تێدا نەبووە، هەروەها سەرۆک و کەسایەتییەکانی هۆزی بەنوحەمدانیش کە بەئال داوود ناسراون ئامادە نەبوون، لەهۆزو تیرەکانی جبوریشدا کەسێک ئامادە بووە کە پێشتر لەرژێمی سەدام حوسێن نزیک بووە لەجیاتی ئال عەبد رەبەی سەرۆکەکانی ئەم هۆزە لەنەینەوا ئامادەبووە، شیخ و کەسایەتییەکانی هۆزی راشدیش بەهەمان شێوە”.

رۆژنامەوانەکە باس لەدوو جۆر سەرۆک هۆز دەکات، یەکێکیان “ساختەکارەکانن” “داعش” بۆ راگەیاندن بەکاریهێناون، ئەمانیش پێیاندەوترێت “سەرۆک و شێخەکانی دەواسە” یان هی “داوەتنامەکانی خواردن”. یان ئەوانەن کە سیفەتێکیان داوەتەپاڵ خۆیان بۆ ئەوەی بەهۆیەوە لە داوەتنامەکانی خواردن و بۆنە سیاسییەکان و بەدەستهێنانی پلەوپایەدا ئامادەبن.

جۆری دووهەمیشیان ئەو کەسایەتی و سەرۆک هۆزە رەسەنانەن، وەک صەفۆک حەنەش کە سەر بەخانەوادەی تیرەی طەییە، هەروەها عومەر جومعە دەوار کوڕی شێخی بوکارە، و چەند کەسایەتییەکی دیکە کە نوێنەرایەتی هۆزەکەیان دەکردو لەگرتە ڤیدیۆکەدا بەڕاشکاوی قسەیان کرد، بەڵام سەرۆکی هۆزەکە لەکۆبونەوەکەدا ئامادە نەبوو.

بەپێی قسەی رۆژنامەوانەکە، بەشێک لەئامادەبووانی کۆبونەوەکە لەبنەڕەتدا بەهۆی پەیوەندییان بەهێزە ئەمنییەکانەوە لای “داعش”دەستگیرکرابوون، لەزینداندا راپێچی کۆبونەوەکە کرابوون بۆئەوەی تۆبە بکەن یان بکوژرێن، بەڵگەشی بۆ ئەمە لێدوانی وتەبێژەکەی داعش ئەبو تەبارەکە کە ئیدارەی کۆبونەوەکەی دەدا لەمیانی قسەکانیدا ئاماژەی بەپرسی تۆبەکردنی شێخ و کەسایەتییەکاندا، تەنانەت لەوکاتەدا روویکردە یەکێکیان کە لەریزی دواوە دانیشتبوو، پێی وت ” یا شێخ موژدە بدەو قسە بکە، دەرگای تۆبە، کراوەیە”.

گرتە ڤیدیۆکە تاکە گرتە نەبوو، پێشتر لە مانگی ئایاری رابردوودا هەمان شت لە بادۆش(خۆرئاوای موسڵ) روویدا، ئەمە تەواوکەری گرتەی یەکەم بوو، کە تێیدا حەوت هۆزی ناوچەکە پەیوەندیان پێوەکرد”.

یەکێک لەو سەرۆک هۆزانەی لەکۆبونەوەکەدا ئامادە بوون، بەشیوازێکی زارەکی لەلایەن دیوانی “عەشایەرەکانەوە”. داوەتنامەیان بۆهاتبوو بەناوی “کارێکی گرنگ”، دەڵێت ” لەکاتی دیاریکراودا چووم بۆ شوێنەکە، بینیم شێخ و سەرۆک هۆزی دیکە هاتبوون. دوای نزیکەی ٢٠ خولەک لەقسەکردنی وتەبێژەکە بۆ ئێمە دەربارەی زەرورەتی ئەستۆپاکی نوێنەرو پەرلەمانتارەکان و ئەفسەرو رۆڵەکانی هۆزەکەمان، کاغەزیان بەسەر ئێمەدا دابەشکردو “خستمانە نێو گیرفانەکانمانەوە”.

ئەم سەرۆک هۆزە کە لەڕێگەی ئەکاونتێکی تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووکەوە بەناوێکی خوازراو قسەی کردو وتی ” کاغەزەکە لەلایەن دیوانی هۆزەکانەوە درا بەئێمە، هەموو ئەوەی کە ئێمەش کردمان تەنها خوێندنەوەی بوو”. ئاماژەشیدا بەوەی کە ” یەکێک لەوانەی ئەستۆپاکی خۆی خوێندەوە دوو لەکوڕەکانی ئەفسەر بوون لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراو بوون”.

لەپەیوەندییەکیشدا لەگەڵ پەرلەمانتار عەبدوڵرەحمان لویزی، کە سەرۆک هۆزەکەی خۆی لەکۆبونەوەکەدا بێبەریبوونی هۆزەکەی لەبەرامبەر ئەودا راگەیاندبوو، وتی “کەسایەتیەکانی هۆزەکەم وەک زۆربەی ئامادەبووان بەزۆر ناچارکراون لەکۆبونەوەکەدا ئامادەبن، هەندێکیان ئەم راستییەیان پێڕاگەیاندووم”.

چەند سەرچاوەیەکی عەشایەر ئاشکرایانکرد ئەو کەسەی کۆبونەوەکەی رێکخستووەو پاشان دووەم کۆبونەوەی بچوکی ئامادەکردووە ناوی ئەبو عائشە سەلامییەو تەمەنی لەکۆتایی دەیەی سێیەمی خۆیدایەو پێشتر قاچاغچی جگەرە بووەو لەساڵی ٢٠٠٩ بەهۆی کوژرانی براکەی بەدەستی ئەمریکیەکانەوە پەیوەندی بەداعشەوە کردووە، لەدوای داگیرکردنی موسڵیشەوە بووەتە بەرپرسی دۆسیەی هۆزەکان.

بەپێی لێدوانی چەند سەرچاوەیەک، سەلامی بەردەوام پەیوەندی بەکەسایەتییە عەشایەرەکانەوە دەکرد، ئەمەش بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی لەبەڕێوەبەرایەتی عەشایەری دیوانی پارێزگای نەینەوا بووە، ناوبراو هاوکات سەرپەرشتی رێکخستنی گرتە ڤیدیۆیە بلاوکراوەکان دەکات.

پەیوەندییەکی دوو روویی لەنێوان هۆزەکان و “داعش”دا

نەینەوا لانکی رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام” و رێکخراوە چەکدارییەکانی تر، دووەم گەورە پارێزگای عێراق لەرووی دانیشتوانەوە(ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٩ نزیکەی ٣ ملیۆن و نیوە) بەڵام لەهەمانکاتدا لەدوای پارێزگای ئەنباری دراوسێیدا بەدووەم گەورە پارێزگا دادەنرێت هۆزەکانی لەخۆوەگرتووە، کەتێیدا چەندین تیرەو هۆزو لقی گەورە هۆزو عەشیرەتەکانی عێراقی نیشتەجێن و دابەشبوونەتە سەر قەزاو ناحییەو گوندە جۆراوجۆرەکانی، زۆرینەی هەرە زۆریان هۆزی عەرەبی سونین(رەنگە زیاتر لە ٧٠ هۆزی گەورەبن) بەتایبەت لەناوچەکانی خۆرئاواو باشوریدا، لەبەری خۆرئاوایدا لەگەڵ هۆزە تورکمانەکان و لەبەری باکورو خۆرهەڵاتیشدا لەگەڵ هۆزە کوردییەکاندا تێکەڵبوون.

لەگەڵ هاتنە کتوپڕەکەی داعش و کۆنتڕۆلکردنی پارێزگای نەینەوا، دوو جۆری پەیوەندی لەگەڵ هۆزەکاندا دەرکەوت، هەروەک شێخ جەلال زێباری سەرۆکی یەکێتی هۆزەکانی نەینەوا دەڵێت، یەکێکیان “پەیوەستە بەهەستی تایەفییەوەو ئەوەی دیکەشیان تەواو وابەستەیە بەلایەنی ئابوورییەوە، ئەمەش رێژەکەی کەمەو کەمترین کاریگەریی هەیە”.

رێکخراوەکە بۆمەبەستی کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوروبەری خۆیدا، سودی لەلایەنی تایەفی بینیوە، ئەمەش بەهۆی بوونی لەشکرێک لەوتاربێژان کە نزیکەی ٢٠٠٠ مزگەوت لەشاری موسڵ و دەوروبەری بەڕێوەدەبەن، زۆربەیان ئەو شەڕکەرانەن کە برینداربوون، یان بانگخوازانی خەڵکی دەرەوەی عێراقن، هەروەها ئەو ئیمام و وتارخوێنانەیش کە بێجگە لەملکەچبوون هیچ رێگایەکی دیکەیان لەبەردەستدا نییە، داعش لەسەر ئەم بنەمایە پەلەی دەکرد لەئاراستەکردنی پڕوپاگەندە دژی تەماعکارییەکانی “حکومەتی سەفەویی” و هێزەکانی پێشمەرگە لەهەرێمی کوردستان.

ساڵح  حوسێن(٥٤ ساڵ) یەکێک لەوکەسانەی ئەم پروپاگەندانەی پێگەیشتبوو، لەئێستادا لەشارۆچکەی عەنکاوەی سەر بەهەولێر نیشتەجێیە، ئەو لە گەیارە (باشوری موسڵ) رایکردووە، بەهۆی ئەوەی پێشنوێژی مزگەوتێک فشاری لێکردووە ئەسعەدی کوڕەکەی پەیوەندی بەسەربازگەیەکی مەشق و راهێنان بکە لە کۆشکەکانی سەدام (باکوری شارەکە)، باسی لە ٢٠ رۆژ شاردنەوەی خێزان و منداڵەکانی کردو وتی “ئەوان مێشکی گەنجان دەشۆنەوەو پێیاندەڵێن ئێوە سوننەمەزهەبن و ئێمەیش بەهەمان شێوە، ئەگەر ناسیاوێکمان لەگەڵ ئەواندا کاری نەکردایەو هاوکارمان نەبووایە لەبەجێهێشتنی ناوچەکەو راکردنمان، ئەوا دەبوو ئێستا ئەسعەدی کوڕم لەشوێنێکدا خۆی بتەقاندایەتەوە”.

پاڵنەرەکانی پەیوەندیکردنی ئەسعەدی گەنج بەرێکخراوەکە بەتەنها هاوبەشێتیی نەبوو لەمەزهەبدا، هەروەها دوژمنایەتیکردنی حکومەتی ناوەندیش نەبوو، بەڵکو لەپاڵ ئەم دوو فاکتەرەدا تۆڕێکی بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش هەبوو لەسەرجەم بوارەکاندا.

ئەمەش لەسەر زاری شێخ مەلیح زەوبەعییەوە دەردەبڕێت کە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە، زەوبەعی روونیدەکاتەوە  ” دەرامەتی گەورەو جێگیر “داعش”ی بەهێزتر کردووە کە لەرێگەی پەیوەندیی بەتینەکەی خۆی لەگەڵ هەندێک هۆزدا دەستیدەکەوت، لەکاتێکدا دەستبەسەراگرتنی موسڵ و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەلی کاری بۆهەزاران بێکار رەخساند.

ئەو کەسانەی بەتەنها پەیوەندییان بە رێکخراوەکە کردووەو کاری دیکەی ناچەکداریی بۆ رێکخراوەکە دەکەن مانگانەکەیان لە ٢٠٠ دۆلاری ئەمریکییەوە دەستپێدەکات بەرەو سەرەوە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی پێداویستییەکانی یەک مانگی خێزانێکی پێنج کەسی دەکات، هەرچی چەکدارە شەڕکەرەکانە مانگانەکەیان لەنێوان ٣٠٠ تا ٥٠٠ دۆلار دەبێت لەپشکی غەنیمەکان، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ هۆزەکان، چەکداری زیاتر بنێرنە ناو رێکخراوەکە.

پەناگەی عەشایەریی سەقامگیر

سالم محەمەد شەبەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری شەبەک، تەئکیدیدەکاتەوە کە هەندێک هۆز تێوەگلاونەتە نێو پێکهاتە ئیداری و هێزە شەڕکەرەکانی “داعش”، بۆ ئەمەش وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٥ مانگ بەسەر کەوتنی شاری موسڵ، بەرەنگارنەبوونەوەی داگیرکاریی سنورێکی بەرفراوانی پارێزگاکە وەک بەڵگە دەهێنێتەوە، بەتایبەت لەبەری باشوری پارێزگاکە ئەو ناوچەیەی هۆزەکان بەچڕوپڕی تێیدا کۆبوونەتەوە.

بەهەمان شیوە شێخ جەلال زێباری لەوبڕوایەدایە، گروپە چەکدارەکان لەدوای ٢٠٠٣ەوە ناوچە عەشایەرییەکانی خۆرئاواو باشوری نەینەوایان کردووە بەناوچەیەکی ئارام بۆمانەوەی خۆیان، هەمان شت بۆ رێکخراوی”دەولەتی ئیسلامی” راستە، لەدوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦.

سەرچاوەکانی ئەم ناوچانە ئاماژەدەدەن بەوەی تێکڕای گروپە چەکدارییەکان بەرێکخراوی”داعش”یشەوە جەختیانکردۆتە سەر چەند کەسێکی دیاریکراو لەنێو هەر هۆزێکدا، کردوونی بەبانگخواز و سەرکردەی سەربازی و ئامرازی فشار بەسەر هۆزەکانیاندا، هەر یەکێکیان لەنێو رێکخراوەکەدا باڵادەست بێ لەناو هۆزەکەشیدا باڵادەست دەبێت. بەمەش بەرە بەرە رۆڵی سەرۆک و کەسایەتییە “رەسەنە”کانی هۆزەکان ون دەبێت.

چوونە ناو پەیکەربەندی دەوڵەت

“داعش” لەدوای ئەوەی لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا  رایگەیاند موسڵ سەنتەری خەلافەتەکەیەتی بەقۆستنەوەی جوڵە “تایەفەگەرییەکان”و بەکارهێنانی “پارە” و “سزادان” سەرکەوتوو بووە لەوەی چەند گروپێکی رۆڵەی هۆزەکان بباتە نێو ئەو پێکهاتە ئیدارییانەی کە دایمەزراندوون و بە”دیوانەکان”ناسراون.

بەپێی زانیاری چەند سەرچاوەیەک لەنێو کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان، “داعش” ئەرکەکانی لەنێو “دیوانەکان” داوە بەچەند کەسێکی سەر بەتیرەو هۆزی دیاریکراو، بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی گشتی بدابەدەستەوە، بەوەی هاوپەیمانێتییەکی چەسپاوی هۆزەکان لای خۆی هەیە.

لەسەر ئاستی دەسەڵاتی دادوەرییدا، پۆستەکانی “دیوانی دادوەریی” لەزۆربەی ناوچەکانی نەینەوای داوە بەهۆزی ئەلبومەتیوت، هەرچی هۆزی جبورە زۆرتر لە”دیوانی سکاڵا”دا دەبینرێن کە باڵاترین دەسەڵاتە، وەک تێکەڵەیەکە لەدەستەی یاسادانان و دادوەریی، هاوشێوەی دادگاکانی تێهەڵچونەوە، ئەم دیوانە بڕیاری کۆتایی دەبێت لەیەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هۆزەکاندا. بەپێی سەرچاوەکان زۆربەی دادوەرەکانی “دیوانی سکاڵا” خەڵکی ناحیەی حەمام عەلیلی باشوری موسڵن.

بەڵام لەدیوانی لێپرسینەوە “الحسبة” کە لایەنی راسپێردراوە بۆچاودێری جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خەلافەت و سەپاندنی سزا مەیدانییەکان بەسەر سەرپێچیکاران(نزیکە لەدەستەی فەرمان بەچاکەو رێگەگرتن لەخراپ) ئەندامەکانی ئەم دیوانە زۆرتر سەر بەهۆزی ئەلبوحەمەدن، بەپێی لێدوانی عەبدولحەمید فایز کە یەکێکە لەو سەرۆک هۆزانەی لەلایەن رێکخراوی داعشەوە داواکراوە، زۆربەی بوارەکانی دیکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن هۆزە تورکمانەکانەوە بەڕێوەدەچن.

هاوکات رێکخراوەکە بەڵێنیداوە بەرپرسیارێتیەکانی دیکەی پزیشکان و دەرمانسازان و بازرگانان و خاوەنکاران بدا بەئەندامانی هۆزی سەبعاوییەکان.

ژمارەیەک سەرچاوەی جێبەجێکار لەناو رێکخراوەکەدا ئاماژەدەدەن بەوەی  “داعش” بەرپرسیارێتی بوارو لایەنە دادوەرییەکانی داوە بەهۆزو تیرە عەرەبە عێراقییەکان، بەپێچەوانەوە “بەیتی مالی موسولمانان” کەلەبەرامبەر بانکی ناوەندییە لەلایەن کەسانی بیانی وڵاتانی جیاجیاوە بەڕێوەدەبرێت.

دێربی “عەشایەریی”

ناتوانرێ ئامارێکی وردی ئەو سەرکردە باڵایانە رێکبخرێت کە سەر بەهۆزەکانن، بەوەی پێکهاتەی هەواڵگری “داعش” و بێدەنگیی گەورەی پەیوەندیدار بەکەسایەتییەکانی، تەنها لەچوارچێوەی چەند ناوێکی زۆر سنوردار نەبێت، بەمەش زۆرجار ناوی ئەو سەرکردانە ئاشکرا ناکرێت، مەگەر لەدوای کوژرانیان یاخود دەستگیرکردنیاندا.

لەڕێگەی رووپێوی داتاکانی رێکخراوەکەدا دەردەکەوێت هەردوو هۆزی جبور و ئەلبوحەمدان لەبونیادنانی پەیکەربەندی رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” لەنەینەوادا کێبڕكێیانە لەسەر وەرگرتنی پۆستە باڵاکان، بەتایبەت پۆستە ئیدارییەکان و ئەو پۆستانەی پەیوەندییان بەشەڕەوە هەیە، ئەمەش هەمان ئەو کێبڕكێیەیە کە لەدوای ٢٠٠٥ەوە هەردوو هۆزەکە لەسەر پۆستە ئیداریی و ئەمنییە حکومییەکاندا هەیانبوو، پۆستی فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا بەردەوام یان لای هۆزی جبور بووە یاخود لای هۆزی حەمدان، بەهەمان شێوە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نەینەوا لەنێوان هەردوو هۆزدا ئاڵوگۆڕ دەکرا.

ئەم “دێربییە عەشایەرییە” بنەمایەکی مێژووی دوورتر لەرێکخراوی “داعش”ی هەیە، لەدەوڵەتی عێراقدا ئەندامانی هەردوو هۆزەکە وەزیفە ئەمنی و ئیدارییەکانی شارەکەیان لەدەستدا بووە.

 

لەچاوەڕوانی لایەنی بەهێزدا

عەشایەربوونی پێکهاتەی “داعش” لەلایەکی ترەوە واتای ئەوەدەگەیەنێت رێکخراوەکە بەمەبەستی سەقامگیریی فەرمانڕەوایەتیەکەی، لەبنەڕەتدا خۆی هەوڵیداوە لەگەڵ پێکهاتەی عەشایەریی موسڵدا کارلێک بکات، هەمان شت لەلایەن حکومەتەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ و پێشتریش روویداوەو پەنای بۆبراوە، هەمیشە جیاوازییەکەش لەوەدابووە مەبەست چەند لایەنێک بووە لەخودی پێکهاتەی عەشایەریدا، نەک گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی عەشایەری لەبەرژەوەندی هۆزێک و لەسەر حسابی هۆزێکی تردا، ئەم کارەش “داعش” پشتی پێبەستووەو بەهەمان شت مەبەست ئەو کەسایەتییانەی ناو خودی هاوسەنگی عەشایەریی بووە.

یەکێک لەسەرۆک هۆزەکانی جبور لەناوچەی حەمام عەلیل، بارودۆخی لەئارای نەینەوا پوختدەکاتەوەو دەڵێت “هۆزەکان لێرە لەهەموو پێگەیەکی رێکخراوەکەدا هەن، هەر لە دیوانی حەسبەو دادوەرییەوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی  خانوبەرە دەستبەسەرکراوەکان و نەوتی بەرهەمهێنراو و بەقاچاغبردراو بەهۆی چەند تۆڕێکی بەرفراوان و بەچەندین رێگە، بەڵام سەرۆکی هۆز لەدیدی حکومەتدا تیرۆریستە، یان پەنابەرێکی هەڵهاتووە لەنەینەوا، یاخود بەدەستی چەکدارانی داعش کوژراوە.

هەروەها دەڵێت “کەسایەتییەکانی هەموو هۆزەکان ئەمڕۆ بوون بەبناغەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی راگەیەنراوو بەکردار دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات، لەبەرامبەردا پێگەی سەرۆک هۆزی رەسەن لاوازبووەو تەنها وەک سیمبوڵێک ماوەتەوە”.

ئەم سیمبوڵگەرییە رێک ئەوەیە کە وای لەرێکخراوەکە کردووە ٣٠ شێخ و کەسایەتییەکە لە گرتە ڤیدیۆکەی”تازەکردنەوەی بەیعەت”دا دەرکەون، لەمەشدا پەیامەکەی خۆی گەیاند، بەپێی لێدوانی سەرۆک هۆزەکە “پەیامێکی روون بوو بەدەنگ و وێنەوە بۆ بەغداو جیهان، مەبەستیشی ئەوە بوو ئەزموونی هێزەکانی صەحوەی ساڵی ٢٠٠٦ دووبارە نابێتەوەو هەر جوڵەیەکی شەڕاویش ئەگەر هەبێت دژ بەتێکڕای هۆزەکانی نەینەوا دەبێ، نەک تەنها دژ بەرێکخراوەکە”.

هەرچی گرەوەکانی “خەلیفە” ئەبوبەکر بەغدادییە، لەژێر رۆشنایی زانیارییەکانی دەرکەوتنی لۆمەو گلەیی لەریزەکانی هۆزەکاندا، سەرکەوتوو نەبوون.

شێخ جەلال زێباری سەرۆکی یەکێتی هۆزەکانی نەینەوا ئاشکرایدەکات کە “نامەی لەگەڵ شێخەکانی دوو لەو گەورە هۆزەدا گۆڕیوەتەوە، ئەوانەی کە لەگرتە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون، رایانگەیاندووە کە بەنیازن لەهەر دەرفەتێکدا رێککەوێت بێنەدەرەوەو شاری موسڵ جێبهێڵن و لەمبارەیەشەوە داوای هاوکارییان کردووە”.

هاوکات شێخ مەحمود سورچی، وتەبێژ بەناوی هێزەکانی “حەشدی نیشتیمانی” لەنەینەوا ، ئەو هێزە عەشایەرییەی لەدەوروبەری موسڵ و لەناو سەربازگەیەکی هەرێمی کوردستاندان، وتی “زیاتر لە پێنج کەس لەوانەی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەرکەوتن، پەیوەندییان پێوەکردووم و وتیان ناچارکرابووین ئەم کارە ئەنجامبدەین، هەروەها ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی خەڵکەکانیان هانبدەن پەیوەندی بەسەربازگەکەیانەوە بکەن، بەڵام بەو مەرجەی ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێت.

ئینتیسار جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش رایدەگەیەنێت کە “هۆزەکان کلیلی شارەکەیان داوە بەگروپە تیرۆریستییەکان، بەڵام لەوبڕوایشدایە لەدوای ئاشکرابوونی کارە وەحشیگەرەکانی ئەم رێکخراوەوە، گۆڕانێکی گەورەیان بەسەرداهاتووە”.

جبوریی وایدەبینێ ئەندامانی هۆزەکان “لەئێستادا گەڕاونەتەوە دۆخی خۆیان و ئەگەر حکومەت هاوکارییان بکات، ئامادەن شۆڕشێک بەرپابکەن و تاهەتایە داعش وەدەرنێن”.

وتیشی “هەر هۆزێک تۆڵەی بێکۆتایی خۆی هەیە لەگەڵ داعشدا، بەتایبەت دوای ئەوەی لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥دا زیاتر لە ٣ هەزار کەسی لەسێدارەداوە، زۆربەیان کەسایەتییەکانی هۆزە جیاجیاکانی نەینەوا بوون، لەنێویاندا کاندیدەکانی هەڵبژاردنە لۆکاڵیەکانی پارێزگاکەو رۆژنامەوان و پارێزەر و پزیشک و کارمەندانی سوپای عێراقی”.

شێخ مەحمود سورچی، هاوشێوەی ئینتیسار جبوریی، پێیوایە دەبێت حکومەتی عێراقی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی هاوکاری چەکدارانی حەشدی نیشتیمانی بکەن و چەک و تەقەمەنیان بۆدابین بکەن، ئەگەرنا دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

سورچی پێیوایە “4920 شەڕکەر لەسەربازگەکەدا مەشقەکانیان تەواوکردووە، (زۆربەیان سەر بەهەردوو هۆزی جبور و شەمەڕ)ن، ئاشکراشیکرد کە “٢٥ هەزار داواکاریی دیکەی گەنجانی هۆزەکانیان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەربازگەکەوە بکەن”. بەڵام “بەهۆی نەبوونی پیداویستییەکانی چەکدارکردن و مەشق و راهێنانەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە”.

ئاماژەشیدا بەوەی “هۆزەکان ئامادەی شەڕکردنن، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقی شەرمەزاری کردوون”.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی نەینەواش وایدەبینێ “هەر نزیککەوتنەوەیەک بۆدەربازبوون لە “داعش” بەبێ هۆزەکان، سەرەنجام شکست دەهێنێت، بەتایبەت لە باشورو خۆرئاوای پارێزگاکەدا،بەڵام لەهەمانکاتدا هۆشداریی دەدات کە نابێت پڕۆژەی ئازادکردنەکە بەتەنها پشت بەهۆزەکان ببەستێت، بەهۆی سروشتی هەواڵگریی رێکخراوەکەوە کە زووتر رێگردەبێت و ناهێڵێت بجوڵێن”.

جەختیشیکردە سەر زەرورەتی ئەوەی کە “دەبێت لێدانی یەکەم و سەرەتا “لایەنێکی دیکەی بەهێز ئەنجامیبدات و هۆزەکانیش رۆڵی “پاڵپشتی و تەواوکەر”ببینن.”.

*****************

*لیستی ناوی کوژاروانی سەرۆک و کەسایەتییەکانی هۆزە سەرەکییەکانی پارێزگای نەینەوا کە لەساڵی ٢٠٠٦ واتە لەسەرەتای دامەزراندنی رێکخراوی”دەولەتی ئیسلامی”ییەوە تا مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥وە کوژراون، ئەوانیش بریتین لە : شێخ ئیدریس شەحازە ناسر سەرۆکی هۆزی ئەلبوحەمەد، شێخ ساڵع ئەلیاس یاسین سەرۆکی هۆزی عگێدیات، شێخ فەلاح فەرحات سەرۆک هۆزی فەرەحات، شێخ عەلی ئالجەبان سەرۆکی هۆزی ئالجەبان، شێخ شەحازە جەزاع سەرۆک  هۆزی ئالبومەتیوت، شێخ رەشید زێدان یەکێک لەشێخەکانی هۆزی لهێب، شێخ عەبدولباری لهێب یەکێک لەشێخەکانی هۆزی لهێب، شێخ عەبدولکەریم لهێب یەکێک لەشێخەکانی هۆزی لهێب سەرۆکی گردبونەوەی عەشایەری نەینەوا، شێخ ئەلمەریر یەکێک لەشێخەکانی هۆزی لهێب، شێخ فەوزی موحسین عەبۆ ئالحەیالی سەرۆکی هۆزی ئەلحەیالین، شێخ مەحمود سەبعاوی سەرۆک هۆزی سەبعاوییەکان، شێخ عەبدوڵعەزیز طابور یەکێک لەشێخەکانی هۆزی جبور، شێخ ئەحمەد رەماح سەرۆک هۆزی رەماح، شێخ محەمەد عەبید ئالحەمدانی سەرۆک هۆزی ئەلبوحەمدان، شێخ بەرزان حازم بەدرانی سەرۆک هۆزی بەدران، شێخ سەعید عەباس جبوری یەکێک لەشێخەکانی هۆزی جبور، شێخ محەمەد طاهر ئەلعەبد رەبە سەرۆکی گشتی تیرەی جبور، شێخ خالید زوبێدی یەکێک لەشێخەکانی هۆزی زوبێد، شێخ سەبهان قەساب سەرۆک هۆزی عەنزە، شێخ سالم یوسف ئەلکیکی سەرۆک هۆزی ئەلکیکی، شێخ ئەحمەد نایف ئەلمەریر سەرۆک هۆزی ئەلمەریر، شێخ عەمر عەلی داود سەرۆکی گشتی هۆزی ئەلبوحەمدان، شێخ محەمەد خالید ئەلشەرابی سەرۆک هۆزی شەرابییەکان، شێخ رەیان عەبد رەبە جبوری یەکێک لەشێخەکانی هۆزی جبور، شێخ رەعد عەلیانی یەکێک لەشێخەکانی هۆزی جحێش.

* لیستی ناوی ئەو ٣٠ هۆزەی کە کەسانێک لە ١/٤/٢٠١٥ خۆیان وەک نوێنەری هۆزەکان ناساندو بەیعەتیان بە خەلیفەکەی داعش دا، ئەوانیش بریتی بوون لە : ئەلبو بەدران، ئەلبوحەمدان، طەی، ئەلنعێم، عەبادە، عگێدات، جبور، لهێب، دلێم، بەنی رەبیعە، حەمدون، بوکارە، جحێش، سەبعاوییەکان، شەریفات، بەنی عەت، ئەلبوسەلامە، جەرجەرییە، راشد، لویزییەکان، حەیالییەکان، ئەلبومەتیوت، صومەیدەع، ئەلبوحەیان، خەفاجە، جەوالە، جەنابییەکان، مەعامەرە، ئەلبوعەجیل، زوبێد.

  • ئەم بەدواداچوونە بەهاوکاری تۆڕی رۆژنامەوانی بەدواداچوونی عێراقی(نیریج)و بەسەرپەرشتی رۆژنامەنوس کمي مولحم بەرهەمهاتووە.

ايلول سبتمبر 2015

September 2015