Network of Iraqi Reporters for Investigative Journalism

تۆڕى رۆژنامه‌وانیى به‌دواداچوونى عێراقى

لەشاری بەیەکەوەژیانەوە بۆ “ویلایەتی کۆچەرانی قەوقاز”و دروستکەری سەرکردەکانی “داعش”

258

وێنەو دەنگەکان لەتەلەعفەری تورکمانییەوە، کە”داعش” داگیریکرد”و تورکەکانی خۆی”تێدا نیشتەجێکرد

عەباس عەبدولکەریم/ نەینەوا

ئەبو عومەری تورکمانی سەرکردەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی لە حەوشەی ماڵەکەی خۆیدا لەباشوری خۆرهەڵاتی تەلەعفەر دانیشتووەو هاوڕێ و هاوپیشەکانی خۆی”موجاهیدە کۆچەرییەکان”  لەدەوریدا کۆبوونەتەوە، ئەوانەی پەیوەندییەکی بەتینیان هەیە لەگەڵ ئەو سەرکردانەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی کە سەر بەم شارە تورکمانیەن، ئەو شارەی بەیەکێک لەدیارترین بنکەکانی”داعش” دادەنرێت، بێجگە لەوەی سەنتەرێکی گرنگی بەسەربازکردن و مەشقپێکردن و راهێنانی چەکدارەکانە.

لەم گەڕەکە شیعەنشینە، تا بەر لەساڵێک و سێ مانگ، دواتر گۆڕا بۆ گەرەکی”موجاهیدانی سوننە” ئەو موجاهیدانەی لە تورکیاو ئازەربایجان و تورکمانستان و ئۆزبەکستانەوە هاتوون، لەنێو خێزانەکانیاندا دەبینرێن سەرگەرمی ژیانی رۆژانەی خۆیانن و سەردانی یەکتر دەکەن و پلانی ژیانی تازەیان دادەڕێژن، یەکێک لەم خێزانانە خێزانی ئەبو عومەرە کە دوای چەند هەفتەیەک لەکۆنتڕۆلکردنی شارەکە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتەوە، هاتووە و لەخانوی بازرگانێکی شیعەمەزهەبدا نیشتەجێ بووە.

گەڕەکەکە وەک هەر گەڕەکێکی تری تلەعفەر لەکۆتاییەکانی مانگی ئابی ٢٠١٥دا تەواو کپ و ئارام بوو، وێڕای هەبوونی دەنگۆیەک لەسەر زاری ئەنجومەن و پیاوماقوڵانی شارەکە سەبارەت بە کوژرانی سەرکردەی دووهەمی رێکخراوی دەوڵەت سعود موحسن حەسەن کە خەڵکی شارەکەیەو ئەفسەری موقەدەم بووە لە گاردی کۆماری سوپای پێشوودا، ئەو پیاوەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەنێوەندی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکاندا بە ناوی “فازڵ حەیالی” و”ئەبو موعتەزی قوڕەیشی”و حاجی موعتەز”ناسراو بووە، پێش ئەوەی لەناو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا بە ئەبو موسلیمی تورکمانی بناسرێت، زۆربەی تورکمانەکان پێیانوایە ئەم کەسە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی “رزگارکردن”ی نەینەواو تەلەعفەر بووە.

جێگرەکەی ئەبوبەکری بەغدادی کە چەند جارێک هەواڵی کوژرانی بڵاوبۆتەوە، دواهەمین جاریان لە ٢٢ی ئابی ٢٠١٥دا بوو لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە راگەیەنرا لەئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە لەنزیک موسڵ و لەتۆمارێکی دەنگیشدا لەلایەن محەمەد عەدنانی وتەبێژی رێکخراوی داعشەوە هەواڵەکە بڵاوکرایەوە، ئەو بەتەنها دابینکەری سەرەکی چەک و یەکێک لەسەرکردە سەربازییەکانی رێکخراوەکە نەبوو، بەڵکو خاوەن بڕیاری گواستنەوەی چەکدارە بیانییەکانیش بوو لەنێوان سوریاو عێراقدا، لەنێویشیاندا خودی ئەبو عومەر هەبوو.

ئەوانەی نزیکن لە ئەبو موسلیم دەگێڕنەوە کە ئەو جەندینجار لەدوای کۆنتڕۆلی داعشەوە لەتەلەعفەرو موسڵ و فەلوجەدا دەرکەوتووە، ئەوان پێیانوایە ئەبو موسلیم و ژمارەیەکی دیکە لە تورکمانەکانی ناو رێکخراوەکە، توانیوییانە نزیکەی ٨٠٠ کەسی تورک زمان چەکداربکەن، زۆربەیان لەتەلەعفەرن و لەگەڕەکەکانی ئەو شارەدا نیشتەجێ بوون لەوانە گەڕەکی خەزڕا.

گەڕەکی موجاهیدە بیانییەکان

“لێرە لەم گەڕەکەو گەڕەکە شیعەنشینەکانی دیکەدا کە دانیشتوانەکەی بەجێیانهێشتووە ژیانێکی تازە هەیە…دەیان خانووی شار کە چەندین ساڵە خەڵکی شیعە مەزهەب و سوننە مەزهەب بەیەکەوە تێیاندا نیشتەجێبوون، ئەمڕۆ بوون بەماڵی ئەو موجاهیدانەی بەزاراوە جیاجیاکانی تورکی دەدوێن، ئێرە شاری نوێی ئەوانە”. ئەمە وتەی ئەبو سەعدە کە بەدوو دەستی لەرزۆکەوە ئارەقی دەموچاوە ئەسمەرەکەی دەسڕییەوە.

’تەلەعفەر’ ئەو شارە ئاشوورییەی کە بە ’بەهەشتی خواوەندەکانی عەشتار’ ناسراوەو بەدرێژایی چەندین سەدە، یەکێک بووە لەدیارترین وێستگەکانی پشووی کاروانە بازرگانییەکان و لەسەدەی بیستەمیشدا وەک سەنتەری تورکمانەکانی عێراق ناسراوە، لەمێژووی هاوچەرخی خۆیداو لەماوەی چەند کاژێرێکدا روبەڕووی گەورەترین گۆڕانکاری دیمۆگرافی بووەوە، دوای ئەوەی نزیکەی نیوەی دانیشتوانە ٢٥٠ هەزار کەسییەکەی شاربەدەرکراو لەجیاتیدا سەدان چەکداری عەرەب و بیانی لەگەڵ خێزانەکانیاندا نیشتەجێکران، بەمەش ئاراستەی ژیانێکی نوێ لەشارەکەدا سەریهەلداوەو تائێستا ئاسۆکانی روون نیین.

ئەمە لە١٠ی حوزەیراندا روویداوە واتە دوای چەند رۆژێک لە کۆنتڕۆلکردنی موسل لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، ئەوکاتەی گەڕەکە شیعەنشینەکانی تەلەعفەر رووبەڕووی هاوانبارانکردن بوونەوەو دانیشتوانەکانیان ناچارکران رووەو خۆرئاوا رابکەن بەئاراستەی شنگال، هەروەها دوای راکردن و چەکدانانی زۆربەی سەربازەکانی سوپا بەبێ شەڕ، سەدان کەس لەگەنجەکانیان لەروبەڕوبوونەوەیەکی نابەرابەردا دژی داعش وەستانەوە. هەرچی گەڕەکە سوننەنشینەکان بوو خۆیان رادەستی رێکخراوەکە کرد، بەمەش چەکدارانی داعش توانیان لە٢٦ی حوزەیراندا تەلەعفەر بەتەواوەتی کۆنتڕۆل بکەن، بەپێی ئەو لێدوانانەی ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە بەدرێژایی ساڵێک لەدانیشتوان و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و ئیداریی وەرگرتووە.

ئەبو سەعد مامۆستایەکی خانەنشینکراوەو تەمەنی لەسەرووی ٧٠ ساڵییەوەیە دەڵێت ” هەر لەرۆژی یەکەمەوە رێکخراوی داعش بڕیاریدا تەلەعفەر بکاتە شارێکی تەواو سوننەمەزهەب و کۆتاییبهێنێت بەمێژووی چەندین سەدەی بەیەکەوەژیانی مەزهەبی، هەرچی شیعەمەزهەبێک شارەکەی جێنەهێشتبوو دەستگیری کرد، تێکڕای مزگەوت و مەزارگە شیعییەکانی رووخاند( ٣٢ مزگەوت و مەزارگە بوون بەپێی لێدوانی وەقفی شیعی) ئەمەش بەبیانووی ئەوە بوو ئەم مەزارگەو مزگەوتانە بوون بەپێگەیەک تێیاندا شیرک بۆخودا پەیدا دەکرێت،،،،، دواتر کتێبخانەو سەنتەرە رۆشنبیرییە شیعییەکانی رووخاند، ئینجا خانووی کەسایەتییە سیاسی و ئیداریی و ئەمنییەکانی سەر بەهەردوو مەزهەبەکەی رووخاند، تەنانەت قەڵا مێژووییەکەی شارەکەش رووخێنرا”.

ئەبو سەعد کە بڕیاری مانەوەی دابوو لەشارەکە، پێیوابوو”داگیرکارییەکەی داعش” چەند هەفتەیەک زیاتر ناخایەنێت و ژیان تێیدا دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، رووی وەرگێڕایە سەر پاشماوەی قەڵاکەو وتی “باوەڕناکەین بەوەی کەروویداو روودەدات، لەچەند رۆژێکدا نیوەی رۆڵەکانی شارەکەیان جێهێشت و لەم سەرزەوییەدا ئاوارەبوون و لەجیاتیدا ئەو چەکدارانە شوێنیانگرتنەوە کە لەتورکیاو ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەی تورک زمان هاتوون یاخود لەو وڵاتانەی خەڵکەکەیان بەزمانێکی نزیک لەتورکییەوە قسەدەکەن… ئەوان هاوشانی ئەوانەی کە لەموسڵ و عیازییەوە هاتوون بوون بەسەرکردەی شارەکە”.(عیازییە ناحیەیەکە لەرووی ئیدارییەوە سەر بەتەلەعفەرە)

تەلەعفەرییەکان لەلوتکەی سەرکردایەتیدا

پەیوەندییە بەرفراوانەکانی سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەبو ئەنەسی تورکمانی و عەبدوڵرەحمان مستەفا قەدۆ کە بەئەبو عەلای عەفری ناسراوە هاوکاربوون لەوەی تەلەعفەر ببێتە پەناگەی “موجاهیدە کۆچەرەکان” هەموویان پێشتر لەبەندیخانەی بۆکا زیندانی کرابوون، ئەو بەندیخانەیەی کە ئەمریکییەکان تا ئەوکاتەی عێراقیان جێهێشت بەڕێوەیان دەبرد.

عەلا عەفری لەسەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حوسێندا مامۆستای فیزیا بووەو لەمزگەوتی عەمری لەتەلەعفەر بووە بەوتاربێژ و بەوتارێکی هاندانی دژ بەشیعە ناسرا، ماوەیەک بەر لەرووخانی فەرمانڕەوایەتی حزبی بەعس بەهۆی هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەمنییەوە ون بوو، بەڵام لەناکاو لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ەوە وەک سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی قاعیدە دەرکەوتەوە، لەئێستادا بۆتە هۆکارێکی گەورە لەوەی تەلەعفەر ببێتە سەنتەری موجاهیدەکان”.

عەفری چەندینجار لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩وە تا ٢٠١٥ هەواڵی کوژرانی راگەیەنراوە، بێئەوەی رێکخراوی داعش تەئکیدی کوژرانەکەی بکاتەوە، رۆڵێکی دیاری هەبووە لەو شەڕە تایەفییەی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٩دا لەشارەکە هەڵگیرساوەو لەئەنجامدا بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان زیاتر لە ٣ هەزار کەسی خەڵکی ئەم شارە کوژراون و ٦ هەزاری دیکەش برینداربوون.

لیستی ئەو تەلەعفەرییانەی پۆستی باڵایان لەنێو رێکخراوی داعشدا وەرگرتووە درێژە دەکیشێت، وەک موەفەق مستەفا کەرموش  نازناوی ئەبو سەڵاحەو “موجاهیدەکانی”تەلەعفەر وەک یەکێک لەبەرپرسە داراییە دیارەکانی دەیناسێنن، هەروەها بەشار ئیسماعیل حەمدانی نازناوی “ئەبو محەمەد”ەو بەرپرسیارییەتی ئیدارەی زیندانیکراوەکانی لەئەستۆدایە، شەوکەت حازم فەرحات نازناوی”ئەبو عەبدولقادر”ەو کەسایەتییەکی ئیداری دیارە لەنێو رێکخراوەکەدا، هەروەها عۆف عەبدوڵڕەحمان عەفری ناسراو بە”ئەبو سەجا” یەکێکە لە بەرپرسە دیارەکانی کاروباری کۆمەڵایەتییە لەنێو داعشدا.

تورک و ئازەربایجانی و شیشانییەکان

بەرپرسە تورکمانەکان، ژمارەی لەیەکتر نزیک دەربارەی ئەو چەکدارە بیانییانەی لەتەلەعفەر نیشتەجێن بڵاودەکەنەوە، پەرلەمانتار نەهلە هیبابی ئاماژە دەدات بە بوونی ٣٠٠ خێزانی تورکی و شیشانی و ئەفغانی و ئەوروپی، هەروەها نورەدین قاپلان ئەندامی دەستەی جێبەجێکردن لەبەرەی تورکمانی دەڵێت “٢٠٠ خانوو بەدیاری دراوەتە خێزانی چەکدارەکانی داعش ئەوانەی کە لەسوریاوە هاتوون لەنێویاندا خانووی “قاپلان”خۆی، هاوکات دەیان خانووی دیکەیان کردووە بەبارەگای ئەمنی و کۆگای چەک و خواردن”.

بەگشتی ئەوانەی لە موسڵ و عیازییەوە هاتوون پۆستی ئیدارییان وەرگرتووە، بەڵام بیانییەکان لەنێویشیاندا ئەبو عومەر پۆستی ئەمنی جێبەجێکاریی و پۆستی داراییان وەرگرتووە، “هەردوو جۆرەکەش خانویان لە گەڕەکە شیعییەکانی خۆرهەڵات و باشوری تەلەعفەر پێدراوە کە لەدانیشتوانەکانیان خاڵی کراونەتەوە، بێجگە لەوەی لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەناوچەکانی شنگال و دەشتی نەینەوادا غەنیمەیەکی زۆریان دەستکەوتووە”.

ئەبو عومەر، یەکێکە لەسەرکردەکانی رێکخراوەکە،  لەپۆلیسی ئیسلامیدا کاردەکات کە بەحەسبە ناسراوەو تایبەتە بەلێپرسینەوە لەهەموو ئەو کەسانەی یاسای دەوڵەت پێشێل دەکەن. ئەمیر لەناو ماڵەکەی خۆی لەیەکەم رۆژی جەژندا بەجلوبەرگێکی ئەفغانی لەناوەڕاست دانیشتووەو بۆ میوانە تورکەکانی قسەدەکات و دەربارەی بیمەی جەژنەکان و خێری چاودێریکردنی هەتیوان دەدوێت، بێجگە لەقسەکردن دەربارەی تۆمارکردنی کاسێتی ڤیدیۆی نوێی دەوڵەت کە تێیاندا “دەسکەوتە” ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان دەردەخەن.

بێ سەروشوێنەکان

لەتەلەعفەرەوە  بۆ کەربەلا دوورییەکە ٦٠٠ کم دەبێت، خێزانی عەلی مەحمود دوای راکردنیان لەدەست داعش لەو شارە موقەدەسەی شیعەکان لەسەرەتای تەموزی ساڵی ٢٠١٤ەوە نیشتەجێن، چاوەکانی عەلی نغرۆی فرمێسک ببوون و وشەکان لەقوڕگیدا گیرییانخواردبوو، لەوکاتەدا پیرۆزبایی جەژنی بۆدەهات و هەواڵی چارەنوسی برا بێسەروشوێنەکەیان دەپرسی.

دوای چەند چرکەیەک لەپەشۆکاوی و روانینی سەرسوڕماو کە دیمەنی ئاهەنگگێڕانە سادەکەی جەژنی داپۆشیبوو، عەلی هەوڵیدەدا چاوەکانی بگرێت و وتی” هیچ شتێکی نوێ نییە… نازانین براکەمان زیندووە یان مردوو، ئەوە سێیەمین جەژنە چاوەڕوانی هەواڵی ئەوین”.

براکەی عەلی یەکێکە لەو سەدان بێسەروشوێنانەی تەلەعفەر، کە دوای ئەوەی رێکخراوی داعش شارەکەی کۆنتڕۆلکردو کردی بە “زیندانێکی گەورەی هەزاران ئێزیدی و شیعەو تەنانەت ئەو سوننەمەزهەبانەشی کە تۆمەتی هەواداری حکومەتی عێراقیان دراوەتەپاڵ”.

چاڵاکوانی ئێزیدی جەمیل شنگالی دەڵێت “تەلەعفەر کراوە بەبەندیخانەیەکی گەورە، لەنێو دیوارەکانیدا سەدان چیرۆکی نهێنی هەن دەربارەی ئەشکەنجەدانی کچانی ئێزیدیی، چیرۆکی ترسناک لەسەر کڕین و فرۆشتن و دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان و کوشتن”.

بەپێی راپۆرتەکانی سەنتەرەکانی توێژینەوەو رێکخراوە مەدەنییەکان کە لەپاییزی ساڵی ٢٠١٤دا بڵاوبوونەتەوە، لەنێوان ٣٠٠ تا ٤٠٠ هاوڵاتی تورکمان کوژراون یان لەکاتی کۆنتڕۆلکردنی تەلەعفەر لەلایەن داعش و دواترەوە ونبوون، لەنیویاندا ٦٠ ژن و ٧٠ منداڵ هەیە… ژمارەیەکی نزیک لەمە لەلایەن پەرلەمانتاری تورکمان نەهلە حوسێن هیبابییەوە راگەیەنراوە کەدەگاتە ٤١٦ کەس “زۆربەیان ژن و منداڵن”.

کوشتنە بەکۆمەڵەکان

هیواو ئاواتی گەورەی زیندوومانەوەی دەستگیرکراوە مەدەنییەکان، خەریکە بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو هەواڵانە دادەبڕێت کە بەدرێژایی چەندین مانگ لەتەلەعفەرەوە بڵاودەبنەوەو تەئکیددەکەنەوە کەرێکخراوی داعش چەندین کردەوەی کوشتنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی دژ بەخەڵکی مەدەنی شیعەمەزهەب ئەنجامداوە.

ئەبو ئیسرا هاوڵاتییەکی سوننەمەزهەبەو تائێستاش لەشارەکەدا ماوەتەوەو دەڵێت “لەدوای دەستبەسەراگرتنی شارەکەدا چەندین کردەوەی کوشتن روویداوە، لەماوەی چەند خولەکێکدا هەموو شتێک لەو دادگا شەرعییانەی لەلایەن ئەمیرەکانی رێکخراوەکەوە بەڕیوەدەبرێن روویدا”.

ئەبو ئیسرا بەنهێنی پەیوەندیکردووە بەژمارەیەکی کەم لەهاوڕێیانی شیعەمەزهەبی نزیک لەخۆی، هەرچەندە ئەم پەیوەندیکردنانەی لەدیدی داعشدا تاوانەو سزاکەیشی کوشتنە، وتویەتی، “هەڵمەتەکانی لەسێدارەدان لەشارەکەدا بەهیچ شێوەیەک نەوەستاون، هەندێکیان بەئاشکرا جێبەجێکراون، دژ بە”سوننە خائینەکان”و ئەو شیعە مەزهەبانەی کەتۆبەیان کردووە بەڵام گوماناوین، بەهەمان شێوە هەر کەسێک هەوڵیدابێت کچە ئێزیدییەکان ببات”.

هەروەها دەڵێت “دەبیستین فلان کەس کوژرا، بێئەوەی هیچ کەسێک بوێرێت پرسیار لەهۆکاری کوشتنەکە بکات، تۆمەتەکانیش بەگشتی پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە تۆمەتباران پێشتر ئەندامی دەزگا ئەمنییەکان بوون، یان فەرمانبەر و بەرپرسی دیار بوون و خۆیان شاردۆتەوە، یاخود ئەو هاوڵاتیانە بوون هاوکاری حکومەتیان کردووە، سەرەڕای ئەو کەسانەی بەتۆمەتی خیانەت و جاسوسی و پێدانی زانیاری دەربارەی شوێن و پێگەکانی رێکخراوەکە دەستگیرکراون، لەنێو کوژراوەکاندا کەسانی شیعەمەزهەب و سوننەمەزهەب و ئێزیدی و کورد هەن و هەندێجاریش کەسانی بیانی”.

کوشتن بەئامرازو شێوازی تازە

ئەبو ئیسرا دەربارەی شێوازەکانی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان دەلێت “دیارترینیان هەڵدانی تۆمەتبارانە بەزیندووی لەسەر بیری ‘عەلو ئەنتەر’ لەباکوری تەلەعفەر، هەندێکیشیان لەگۆڕەپانێکی بەتاڵ لە’گەڕەکی عەسکەری’ بەدەستڕێژی گوللە دەکوژرێن، هەندێجاریش لەحەوشەی گەراجی کۆنی باکوردا کەسانێک سەردەبڕن”.

لەسێدارەکان زۆربەی جار لەلایەن کەسانێکەوە جێبەجێدەکرێن دەموچاویان داپۆشراوەو خەڵک ناتوانێ ناسنامەو رەگەزنامەکانیان بناسێت، بەڵام لەهەندێک کردەوەی سزادانی وەک لێدانی جەلد، کەسانی جێبەجێکار دەمووچاوی خۆیان ئاشکرادەکەن و لەنێویاندا هەیانە تورکمانی دانیشتووی شارەکەن، ئەبو ئیسرا لەدرێژەی ئاخاوتنەکەیدا دەڵێت “هەندێک لەئەنجامدەران دەناسم، هەیە پێیوایە ئەو کارەی دەیکات جێبەجێکردنی فەرمان و حوکمی خوایە، هەشە تاوانکارو خاوەن بەرژەوەندییە”.

توێژەری کۆمەڵایەتی کازم سەلمان دەربارەی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لای رێکخراوەکە، پێیوایە چەکە هەرە گەورەکەیەتی لەپاڵ ئەو توانا تایەفییەی لەکۆکردنەوەی خەڵکدا هەیەتی، دەڵێت “ئەوە ترسە فەرمانڕەوایی ویلایەتەکانی دەوڵەت دەکات نەک شتی دیکە، ئەوان رۆژانە بەچەندین شێواز ترس بلاودەکەنەوە، لەنیویاندا پۆلیسی حەسبەیە کە بیرت دەخاتەوە لەهەرکوێ بیت، لێپرسینەوەی سەخت چاوەڕێت دەکات”.

ئەبو عومەرو هاوڕێکانی بەگشتی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا ناکەن کەلێیەوە هاتوون و باسی رابردووی “جیهاد”ی خۆیان ناکەن، رۆژانە بەئۆتۆمبێڵی پۆلیسی حەسبە یان بەماتۆڕسکیل بەنێوو بازاڕ و گەڕەکەکاندا دەسوڕێنەوە، بۆچاودێریکردن “جێبەجێکردنی سنوری شەرع و رێگرتن لە خراپەکاریی، کە لە تێکەڵبوون و رێکپۆشی  “جلوبەرگ و سیمبوڵی ناشیاوی نائیسلامیی”ەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە رێگرتن لەجگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول و تۆمارگاکانی پێچەوانەی رێنماییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئینجا کۆتاییهێنان بەتەڵەکەبازی وسیحرو قومارو “ئەنجامدانی کاری فاحیشە”.

پیاوانی حەسبە ، سەرپێچیکاران رادەستی دادوەرە شەرعییەکانی دەوڵەت دەکەن، ئەوانیش “حوکمی شەرع لەدژیان” دەردەکەن، حوکمەکانیش بریتین لەلێدانی جەلد و بەندکردن و بڕینی دەست و کوشتن.

دەوڵەتی ترس

محەمەد خەلیل لایەنێکی دیکەی ژیانی شارەکە دەگوازێتەوەو دەڵێت “دیوانەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی ئاسایی دەرگاکانی خۆیان دەکەنەوە، لایەنە خزمەتگوزارییەکان بەڕێکوپیکی کاردەکەن، هەر دواکەوتنێک لەکار یاخود کەمتەرخەمبوون روبەرووی سزای توند دەبنەوە… خزمەتگوزارییەکان باشترن لەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، زۆربەی شەقامەکان قیرتاوکراون، ژمارەیەک باخچە دروستکراون، کۆڵانەکان پاکتر بوون، پارەی ئاوو کارەبا لەهاوڵاتیان وەرناگیرێت”.

خەلیل واقیعی تەزووی کارەباو سوتەمەنی بەباش وەسفدەکات و دەڵێت “موەلیدە ئەهلییەکان لەدوای برانی کارەباوە کاردەکەن، دۆخی ئاو لەجاران باشترە”. بەڵام نرخی بەنزین و غاز بەبەراورد لەگەڵ نرخەکانی عێراق دوو بەرابەرە.

عەبدوڵقادر مامۆستایەکی خانەنشینە، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوەستانی پرۆسەی خوێندن دەکەن دەڵێت “لەم ساڵی خوێندندا قوتابیان پابەند بوون بە دەوام و مەنهەجی کۆن خوێندرا دوای لابردنی هەندێک لەبابەتەکانی.. بەلام مەنهەجی نوێ و کتێبەکان چاپکراون و لەساڵی خوێندنی نویدا دەخوێنرێن…قوتابیانی کچ بەڕێکوپێکی و لەکاتی خۆیدا بەجلی داپۆشراو دەوام دەکەن”.

وەفا کە خوێندکارێکی قۆناغی ئامادەییە هەمان شت تەئکید دەکاتەوەو دەڵێت “دەوامەکەمان وەک دەوامی ساڵانی پێشووە، بەلام رێکخراوی دەولەت لەهەر خوێندنگایەکدا نوێنەرێکی خۆی داناوە چاودیری کاری مامۆستایان و پابەندبوونی خوێندکاران بەحیجاب و خۆداپۆشین دەکات”.

روونیشیکردەوە کە جلوبەرگی خەڵک بەتەواوەتی گۆڕاوەو “زۆربەی پیاوانی فەرمانبەر جلوبەرگی ئەفغانی دەپۆشن، پیاوە بەتەمەنەکان وەکو جاران دیشداشە لەبەردەکەن، هەندێک گەنجی تەمەن بچوکیش جلی مەدەنی دەپۆشن بەو مەرجەی جلەکان تەسک نەبن، ژنانیش عەبایەک لەبەردەکەن تەواوی جەستەیان دابپۆشێ لەگەڵ حیجاب و پەچە، هەموو لایەک لەسەر جلەکانیان راهاتوون”.

ئەو رەزامەندییە ئاشکرایە لەخزمەتگوزاری و بواری فێرکردن ناگاتە کەرتی تەندروستی و زۆربەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ هاوڵاتیان فەراهەم نین تەنها لەدوای “ناوبژیکردن لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی دەوڵەت نەبێ کە دەستیان بەسەر زۆربەی داوودەرمانەکاندا گرتووە بۆ چارەسەرکردنی چەکدارەکانیان”. هەروەها کەموکورتییەکی زۆر هەیە لەژمارەی پزیشکان، بەتایبەت پزیشکانی پسپۆڕ.

لەمبارەیەوە وەفا دەڵێت “ئەمە دەزانم چونکە باوکم نەخۆشی دڵی هەیە، ئێمە هەموو کات ترسی ئەوەمان هەیە بارودۆخی تەندروستی تێکبچێت و پێویستی بەپشکنین و نەشتەرگەری هەبێت، لەوکاتەدا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، تەنانەت ئەگەر بیبەین بۆ شاری موسڵیش”.

جیهادی نیکاح

جەمیل سەعید پێشتر دانیشتووی گەرەکی قادسییە بوو ئەو گەڕەکەی دانیشتوانەکەی تێكەڵەیەک بوون لەسووننەو شیعە بەیەکەوە، لەئێستاشدا بووە بەگەڕەکێکی سوننە مەزهەب، هەموو ئەو سەربردانە رەتدەکاتەوە کە دەربارەی جیهادی نیکاح بڵاوکراونەتەوەو وتی “لەدەزگاکانی راگەیاندندا زۆرمان لەمبارەیەوە بیست، بەڵام هیچ کەسێک لەدەرگای ئێمەی نەدا، و داوا لەهیچ خیزانێک نەکراوە سەرژمێری بۆ ژمارەی کچەکانیان بکەن، هیچ رۆژێک هەستمان بەشتێکی لەم بابەتە نەکردووە”.

روونیشیکردەوە  کە” درۆیە.. جیهادی نیکاح لەهەر شوێنێکدا هەبێت، لەتەلەعفەر نییە”. ئەوەشی وت “زۆربەی چەکدارە بیانییەکان لەگەڵ هاوسەرو منداڵەکانیان هاتوون، هەندێک لەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردبوو، هاوسەرگیرریان لەکچە موسڵمانێک کردووە یان کچە ئێزیدییەکی کردووە بەهاوسەری خۆی”.

سەعید ئەوەش دەڵیت کە “چەکدارە عەرەب و بیانییەکان لەرووی ئایینییەوە پابەندن و”ژیانێکی ئاسایی بەسەردەبەن، بایەخ بەخێزانەکانیان دەدەن، هەندێک چەکدار مانگانە بڕی ٣٠٠ دۆلار و خۆراک وەردەگرن و بەشێوەیەکی دەوری مۆڵەتیان هەیە، تێکەڵاوبوونیشیان لەگەڵ خێزانەکانی تر سنووردارە، بەڵام هەیانە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دانیشتوانە ئەسلەکەی تەلەعفەر هەیە”.

زۆربەی ئەو کەسانەی ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە گفتوگۆی لەگەل کردوون، وایدەبینن زۆرینەی چەکدارە بیانییەکانی ریزەکانی داعش پابەندن بە”سنوری شەرعی” کەلەمەزهەبی سوننەدا ناسراوە، بەهەمان شێوە پابەندن بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەحمەد لەپەنجاکانی تەمەنیدایە، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی پەیوەندییان بەرێکخراوی دەوڵەتەوە کردووە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەندێک ئەمیردا پێکهێناوەو دەڵێت” هیچ هەڵسوکەوتێکی پێچەوانە لەمان بەدینەکراوە، زۆربەیان باوەڕیان بەجیهاد هەیەو پێیانوایە لەبەهەشتا خێرێکی گەورە چاوەڕێیان دەکات، هەندێکیشیان توندوتیژ دەردەکەون بەلام لەگەڵ خێزانەکانیاندا مرۆییانە مامەڵەدەکەن”.

 

 

سەربازگەکانی نەوجەوانان

ئەحمەد کە لەدەوروبەری تەلەعفەردا خاوەنی زەوی و زاری کشتوکاڵییە، بەحوکمی پەیوەندییەکانی خۆی ئاشکرایکردووە کە لانیکەم سێ سەربازگە لەناوچە جیاجیاکاندا هەن”تایبەتکراون بەراهێنان و مەشقی نەجەوانانی شیعەو ئێزیدی، ئەوانەی  داعش ناچاریکردوون واز لەدین و مەزهەبی خۆیان بێنن، بۆئەوەی لەتەک تەلقیندانەکەیان بەهزری جیهادی، لەشەرەکانیشدا بەشداربن و کردەوەی خۆکوژی ئەنجامبدەن”.

وتیشی “سەربازگەی دیکەش هەن تایبەت بەلاوانی تەلەعفەرو کۆچەرەکانی(تورک و قەوقازییەکان) ئەوانەی لەدەرەوەی عێراقدا هاتوون و پەیوەندییانکردووە بەرێکخراوەکەوە”.

چارەنوسی کچانی ئێزیدیی

براکەی ئەحمەد ناوی کەریمە ئەو زانیارییانەی ئەحمەد پشتراستدەکاتەوە، بەڵام هەردووکیان زانیارییان لا نییە لەسەر چارەنووسی کچانی ئێزیدیی و دەڵێن “هیچ شتێک دەربارەی ئەوان نازانێ… ئەوەی هەیەو دەیبیستین دەڵێن لەنێویاندا هەن موسوڵمان بوون و بەشێوەیەکی ئاسایی دەژین”.

وتیشی “لەچەند مانگی سەرەتادا زۆرمان دەربارەی کچانی ئێزیدی بیست، لەنێو شاردا بەسەر ماڵ و بارەگاکاندا دابەشکراون، بەڵام دواتر لەگەڵ هەوڵی راکردنی هەندێکیان و سزادانی هەندێک لەدانیشتوانی شارەکەدا بەهۆی هەوڵی راکردنەکانەوە. هیچ هەواڵێکی دیکەمان نەبیست و دابڕاین، هەندێکیان گوازراونەتەوە بۆ سوریاو هەموو کەسێک ناتوانێ بیانبینێت، هیچ کەسێکیش ناوێری لەمبارەیەوە پرسیار بکات، بەڵام ئەمیرەکانی دەوڵەت لەدانیشتنەکانی خۆیاندا قسە لەوە دەکەن لەنێو پێگە ئەمنییەکاندا دەستبەسەرکراون، هەروەها ژمارەیەک کچی تورکمانیش بەهەمان شێوەی کچانی ئێزیدییەکان دەستبەسەرن”.

هەروەها وتی “نازانم بۆچی کچانی دەستبەسەرکراو ئازاد ناکرێن؟ لەرووی ئەمنی و مادییەوە بوون بە بارگرانی…. جارێکیان لەئەمیرێکم بیست دەیانەوێ پارێزگاری لەو کچانە بکەن و بیانهێڵنەوە بۆ دانوستانی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ بەدیلگیراوانی دەوڵەت، یان فرۆشتنیان لەکاتی پێویستدا.. دەڵێن ئێزیدییەکان لە کوردستان ئامادەن لەپێناو گەڕانەوەی ژن و کچەکانیاندا ١٠ هەزار دۆلار یان زیاتر بدەن، ئەم بڕە پارەیەش رێکخراوەکە ئیغرا دەکات”.

غەنیمەو مووچەکانی بەغدا

ژیانی ئابوری لەتەلەعفەر زۆر جیاواز نییە لە ژیانی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا، بەپێی لێدوانی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی قسەیان بۆ ئامادەکاری ئەم بەدوداچوونە کردووە.

عەبدوڵلا هەمات، لەبازاڕی قەڵا لەتەلەعفەر فرۆشگایەکی خواردەمەنی هەیە، دەڵێت” قسەکردن لەسەر کەمی خۆراک و بەرزبوونەوەی زۆری نرخ یان نەبوونی هەندێک لە خواردەمەنییەکان، مایەی پێکەنینە، بەگشتی نرخی سەوزە کەمە، نرخی خۆراکی وەک رۆنی زەیت و برنجیش کەمێک بەرزترە”.

عەبدوڵلا بەزەردەخەنەوە دەڵێ “هەموو شتێک هەیە. دەوڵەتی ئیسلامی ناوبەناو هاوکاری خۆراک بەسەر خێزانی چەکدارەکاندا دابەش دەکات”.

هەروەها دەربارەی ئەو پارەیەی لەبازاڕەکاندا بەکاردێت، دەڵێت ” دەتوانی هەر شتێک بەدەستبێنێت، رێگاکە بەرەو سوریا کراوەیەو لەوێشەوە لەرەقەو جەرابلوسەوە بەرەو تورکیا، تائێستا دراوی عێراقی لەبازارەکاندا زاڵە، لەسوریاش لیرەی سوری و هەندێکجاریش لیرەی تورکی بەکاردێت”.

هەرچی حاتەم تەهایە کە شوان و بازرگانێکی گۆشتە پێیوایە “بەشێوەیەکی گشتی توانای کڕین لای هاوڵاتیان لەپاشەکشەدایەو دەڵێت “لە چەند مانگی سەرەتای کردەوە سەربازییەکانی دەوڵەتدا بەهۆی زۆری غەنیمە و جۆراوجۆری سەرچاوەکانی پارەدارکردنەوە بارودۆخەکە نایاب  بوو، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا هێزی کڕین و بزاڤی ئابووری لەپاشەکشەدایە..بەشێکی کەم دەتوانن گۆشت بکڕن وێڕای ئەوەی نرخی یەک کیلۆی باشترین گۆشت لە ١٠ هەزار دینار تێپەڕ ناکات”.

تەها زیاتر روونیدەکاتەوەو پێیوایە “هۆکاری ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران پێشتر مووچەکانیان لەحکومەتی بەغدا وەردەگرت، بەڵام ئێستا زۆرینەی مووچەکە وەستاوە.. سەدان خێزان پێشتر پشتیان  بەم مووچەیە دەبەست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆراک، بەڵام کەلوپەلەکانی تر نرخەکانیان هەرزانە…لێرە ٥٠٠ دۆلار ژیانێکی باش دەستەبەر دەکات”.

تۆقاندن و ئارەزوو دروستکردن

بەپێی ئەو دوو لێدوانانەی سەرەوە، ژیان لەو شارانەی ئەمیرەکانی دەوڵەت فەرمانڕەوایەتی دەکەن بەردەوامە.

ئەبو حەسەن لەماڵەکەی خۆیدا ماوەتەوەو وازی لە کارەکەی خۆی هێناوە کە کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە بوو، دەڵێت” رێکخراوی دەوڵەت لەرێگەی دانانی تۆڕێکی پەیوەندی لەگەڵ پیاوماقولان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەشداریکردن لەبڕیارو غەنیمەکاندا رەگەزەکانی بوونی خۆی پتەوکردووە، ئەمەش بەهۆی زیاترکردنی ئامرازەکانی تۆقاندن وەک جێبەجێکردنی کردەوەی لەسێدارەدانی نیمچە هەفتانە. دژ بەکەسانی تۆمەتبار بەخیانەتکردن یاخود لەڕێگەی نمایشی چەکدارییەوە کە پێکدێت لە چەکدارەکانی بەجلی ئەفغانی و دەمامکی رەش و بەچەکی کلاشینکۆف و(بی کەی سی ) و ئار بی گی (7 RBG)”.

هەروەها دەڵێت “رێکخراوەکە ئەمڕۆ زیندانی نهێنی هەیەو خەڵکی نایزانێ، بەڵام هەندێک قوتابخانەو باڵەخانەی چۆڵ هەن بەئاشکرا کردوونی بە زیندان و هەموو خەڵک دەیزانێ، وەک باڵەخانەی کۆلیژی پەرستیاریی و ناوەندی زەینەبی کچان”.

 

موجاهیدە تورکەکان

رەجا کچێکی ٢٠ ساڵانە لەخانەوادەیەکی سوننەمەزهەبەو ژمارەیەک لەئەندامانی خێزانەکەی پەیوەندییان بەرێکخراوی داعشەوە کردووە، تەنانەت بەر لەهاتنی داعش بۆ تەلەعفەریش پەیوەندییان هەبووە، ئەو لایەنێکی ژیانی چەکدارەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت “زۆر لەگەنجانی تورکمان بەتەواوی قەناعەتی خۆیانەوە چوونەتە نێو ریزەکانی دەوڵەت، براکەشم یەکێکە لەوان…. ئەوان لەو باوەڕەدان فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی ئیسلامی زۆر باشترە لە حکومەتە تایەفییەکەی بەغدا، ئەمڕۆش زۆرێک لەرۆڵەکانی سوننەمەزهەب رۆڵیان هەیە لەئیدارەدانی شارەکەدا، ئەوان هەست بەجیاوازی خۆیان دەکەن”.

رەجا کە براکەی لەشەڕی دژ بەپێشمەرگە لەدەستداوە لەناوچەی زوممارو تەرمەکەشی نەگەڕاوەتەوە، تەئکیدیکردەوە کە “ئەو لاوانەی پەیوندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە دەکەن مانگانە بڕی ١٢٠ دۆلار و خۆراک وەردەگرن، بەڵام ئەو چەکدارانەی لەبەرەکانی دوور لەناوچەکانیانن بڕە پارەی زیاتر وەردەگرن”.

پەیوەندی خێزانەکەی رەجا بەرێکخراوەکە ئاسانکاری کردووە لەوەی دەستبگرن بەسەر خانوێکی “زەبەلاح”ی یەکێک لەئەفسەرە شیعییەکان، ئەو هیچ کێشەیەک لەمبارەیەوە نابینێت و دەڵێت “ماڵەکە رێک و پێک بوو تێیدا نیشتەجێ بووین، بەشێک لەکەلوپەلەکانی ناو خانوەکەمان بەسەر ناسیاوە هەژارەکانماندا دابەشکرد.. هەرکەسێک خانوی نەبێت دەتوانێ مۆڵەت لەدەوڵەت وەرگرێت و لەنێو ماڵێکی جێهێڵراودا نیشتەجێ بێت”.

بەڵام ئەیاد کە گەنجێکی خێزاندارەو دوو منداڵی هەیە، لەگەڵ ئەوەدا نەبوو خێزانەکەیان بچنە ناو خانوێک وەک براکەی دەستبگرێت بەسەر خانوێکدا، کەچی دواجار بەوە رازی بوو لەترسی ئەوەی تۆمەتبار نەکرێت بەهاوسۆزی لەگەڵ شیعەدا و وتی”نازانم…. بەڵێ ئێمە خێزانێکی هەژارین و خانوەکەش چۆڵ بوو، بەڵام گومانم هەیە ئەوەی کەکردوومە راست بێت.. لەئایندە دەترسم”.

بەزۆر نوێژکردن

رێکخراوی داعش سوورە لەسەر راکێشانی دانیشتوانی شارەکە بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا نوێژەکانیان لەمزگەوت بکەن، ئەوانەی لەبازاڕەکاندا دوادەکەون ئاگاداریان دەکاتەوە، بەوپێیەی مزگەوت دیارترین مینبەرەکانی پڕوپاگەندەو گواستنەوەی فەرمانەکانە، بۆئەم مەبەستەش چەندین مزگەوتی سوننیان نۆژەنکردۆتەوەو فراوانیان کردووە، بەڵام سەرجەم مزگەوتە شیعییەکانی رووخاندووەو بەئەنقەست پاشماوەی رووخانەکان لانابات.

عەبدوڵلا عەلی دەڵێت مزگەوتەکان پڕدەبن لەنوێژکەران، بەتایبەت رۆژانی هەینی، مینبەرەکان دەنگیان بەرزەو “وتارخوێنان دەربارەی لایەنە عەقیدەیی و جیهادی و سیاسییەکان دەدوێن و رێنماییە تازەکان دەگوازنەوە”.

شێخ هاشم خەڵەف کە پێشتر وتەبێژ بووە بەناوی’ئەنجومەنی پاڵپشتی عەشایەرەکانی تەلەعفەر’ دەڵیت “ژمارەی ئەو پێگە ئاینییە شیعییانەی داعش لەتەلەعفەر تەقاندوونیەتەوە بە ٣٢ مزگەوت و مەزارگە مەزەندە دەکرێن، دیارترینیان مەزارگەی ئیمام سەعد، مەزارگەی خزر ئەلیاس، مەزارگەی سەید ئەحمەد، مزگەوتی ئەهلی بەیت، مزگەوتی صادق، مزگەوتی حەکیم، مزگەوتی رەسوڵی ئەعزەم، مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب، حوسەینییەتی ئیمام مونتەزیر، حوسەینییە ثقلەین”.

شێخ خەڵەف، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی زۆربەی سوننەمەزهەبەکانی تەلەعفەر پاڵپشتی داعشیان کردووەو وتی “لەراستیدا رێکخراوی داعش توانیویەتی هەزاران هەوادار بۆخۆی کۆبکاتەوەو دەستیان لەناو دەستی توندڕەوان بنێن و لەتاوانەکانیاندا تێوەبگلێن”.

تێوەگلان لەکوشتن

جەواد محەمەد، شیعەمەزهەبێکی تەلەعفەرەو لەنەجەف نیشتەجێیە، پێیوایە زۆربەی سوننە مەزهەبەکانی  شارەکەی بێدەسەڵاتن و دەلێت “باش دەیانناسین، زۆربەیان کوشتنی هەر مرۆڤێک رەتدەکەنەوە لەسەر بنەمای مەزهەبی یان ئایینی، بەڵام بەداخەوە کەسانێکی توندڕەو هەن بەدەستی خۆیانەو کەسانێکیش بەرژەوەندییان لەوەدایەو هەر کەسێک دەکوژن کە لەگەڵ بۆچونی ئەواندا نەبن”.

محەمەد وایدەبینێ، چەندە کاتی گرتنەوەی تەلەعفەر دوابکەوێت، گەڕانەوەی شیعەمەزهەبەکان سەختتر دەبێت و دەڵێت “ژمارەی ئەوانەی لەگەڵ داعشدا تێوەگلاون بەپێی تێپەڕبوونی کات زیاتر دەبێت و تاوانەکانیشیان زیاد دەبێت”.

لەوبڕوایەشدایە ئەوان مەترسی هەرە گەورەن و “رەنگە ئەوانەی لەدەرەوە هاتوونەتە ناو شارەکە هەرکاتێک هەست بکەن مانەوەیان ئەستەم بووە، بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ داعشدا تێوەگلاون و تاوانیان ئەنجامداوە خۆیان رادەست ناکەن و بەتوندی بەرگری دەکەن”.

محەمەد نائومێدی خۆی نەشاردەوە لەبەرامبەر شێوازی ئیدارەدانی شەڕی دژ بەداعش و وتی” ١٢٥ هەزار کەسی دەربەدەرکراو لە شارەکانی باشوری عێراق و کوردستاندا لەچاوەڕێی کاتی کۆتاییهاتنی داعشدان، بەڵام هەموو ئەوەی کە روودەدات، چەند رۆژ جارێک یان چەند هەفتەیەک بۆردومانکرنی پێگەیەک یان دووانن، زۆرجاریش ئامانجەکان بەهەڵە دەپێکرێن. دووجار نەخۆشخانەی تەلەعفەرو چەند جارێک فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیان بۆردومانکرد، ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەبوونی خەڵک”.

کۆتایی “بوونی شیعە”

عەلی عەباس ئاوارەیەو لەکەربەلا نیشتەجێ بووە، دەربارەی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی رەشبینیی دەربڕی و وتی “بەتەنها رۆیشتنی داعش ژیان ناگەڕێتەوە، شەڕی تایەفی سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە، ئەوەتا لەنێو هەر ماڵێکدا برینێکی قووڵ هەیە”.

عەباس وەک زۆر لەکەسانی ئاوارەبو لەباشوری عێراق بەکەلتورو زمانی جیاوازەوە، وایدەبینێ بونیادنانەوەی ژیانێکی نوێ سەختە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕو هەژارییدا “ژیانمان لێرە وەک دۆزەخ وایە.. بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕیم بەرەو دەرەوەی ولات کۆچ بکەم”.

هاوکات ئەحمەد تەلەعفەری ئاوارەبووی سوننە مەزهەبی خەڵکی تەلەعفەر لەشاری هەولێر،هاوشێوەی عەباس گوزارشت لە “بێئومێدی و هەستکردن بەغوربەت”دەکات و تەئکیدیدەکاتەوە کە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی رابردوو وەک هەولەکانی داعش وایە لەشارەکەی بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ “ئەمە بەدینایەت.. پیویستیمان بەچەندین ساڵ هەیە بۆ جارێکی تر نۆژەنکردنەوەی نەسیجی کۆمەڵایەتی، زۆر هەن بیر لەتۆڵەکردنەوە دەکەنەوە”.

تەلەعفەری دەڵێت “کاتێک لەهەر گەڕەکێکی شیعەدا دەوەستیت و خانوی چۆڵ و دەرگا کراوەکان و پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکان و حوسەینییەکان دەبینین کە لەگەل زەویدا تەخت کراون، دەزانی ژیان بۆ دۆخی جارانی ناگەڕێتەوە، هەروەها ئەوەش دەزانی کە ناکرێ ‘موجاهیدە ئاوارەکان’ شوێنی دانیشتوانە شاربەدەرکراوەکە بگرنەوە”.

بەڵام فاتیمە حوسێن، هاوسەری چەکدارێکی شیعەمەزهەب کە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوو لەکاتی پەیوەندیکردن بەریزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە کوژرا، تەئکیدی دەکاتەوە کە “خەونی گەڕانەوە بۆ شارەکە لێی جیانابێتەوە”. وتیشی “هەموو شتێکمان هەبوو، خانوو، موڵک و زەویوزاری کشتوکاڵی…. ئەمڕۆکەش ئاوارەین و بەهۆی یارمەتییەکانی خێرخوازان دەژین”.

ئەو بێدەنگ بوو، فرمێسکەکانی دەسڕییەوە، هاوکات سەیری وێنەی یەکێک لەونبووانی خێزانەکەی دەکرد کە لەسەر دیوارێکی شەقبوودا لەتەک وێنەی هاوسەرەکەیدا هەڵواسرابوو، بەدەنگێکی لەرزۆکەوە وتەکانی تەواوکردو وتی “کوڕەکەم لەتەمەنی حەڤدە ساڵیدا وەک خۆبەخش پەیوەندی بەریزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کرد، نەمانتوانی رێگری لێبکەین رەنگە بەر لەوەی بگەڕێینەوە بۆ شارە تاڵانکراوەکەمان وەک باوکی بکوژرێت”.

ئەم بەدواداچوونە بەهاوکاری تۆڕی رۆژنامەوانی بەدواداچوونی عێراقی(نیریج)و بەسەرپەرشتی رۆژنامەنوس سامان نوح بەرهەمهاتووە.

آب اوغسطس 2015

 August / 2015

 




لەگەڵمان بن لە فەیسبووك